سەرەڕای ئەوەی كە عێراق بەمزووانە سێ هەزار مێگاوات كارەبای تر بەرهەم دەهێنێت، بەڵام هێشتا لە پرسی دابینكردنی سووتەمەنی و تۆڕەكانی دابەشكردنی كارەبا كێشەی هەیە. نزیكبوونەوەی عێراق لە وڵاتانی عەرەبی، هەنگاوێكە بۆ خۆدەربازكردن لە ئێران، هەرچەندە دیار نییە كەی ئەو ئامانجەی بەدی دێت.
سەرەتای ئەم مانگە ئەمەریكا جارێكی تر لێخۆشبوونی بۆ عێراق دەركرد و رێی پێ دا چوار مانگی تر لە كڕینی گاز و كارەبای ئێران بەردەوام بێت.
ئەمەریكا لەگەڵ درێژكردنەوەی مۆڵەتەكە، گوشاریشی خستووەتە سەر عێراق تا بتوانێ بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد بكات و ئەلتەرناتیڤێك بۆ دابینكردنی سووتەمەنی و كارەبا بدۆزێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم وەزارەتی كارەبای عێراق بڵاوی كردەوە، خەریكی جێبەجێكردنی وێستگەیەكی نوێی بەرهەمهێنانی كارەبا و کۆمەڵێک پڕۆژەی ترن كە دەتوانن سێ هەزار مێگاوات كارەبا لە بەرهەمهێنان زیاد بکەن، بەمەش بەرهەمهێنانی كارەبا لە عێراق لە نۆزده هەزار مێگاواتەوە بۆ بیست و دوو هەزار مێگاوات بەرز دەبێتەوە.
ئەحمەد عەبادی گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق گوتوویەتی، لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست بە پێكردنی یەكەیەكی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە سەڵاحەدین دەكەن كە شهشسهد و سی مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنێت. هاوكات چەند یەكەیەكی نوێ لە وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە بەسمایە، سەماوە و واست دەكرێنەوە و چەند وێستگەیەكی تریش نۆژەن دەكرێنەوە، بەگشتی سێ هەزار مێگاوات لە بەرهەمهێنانی كارەبا بەرز دەكەنەوە.
ئەو روونی كردەوە، وەزارەتی كارەبا خەریكی پەرەپێدانی ژێرخانی كارەبایە و ئەگەر سووتەمەنی پێویستیان بۆ دابین بكرێت، ئەوا لە هاوینی ئەمساڵ بیست و دوو مێگاوات كارەبا دابین دەكەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.