Erbil 21°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 07:29

بەھۆی رێکارە تەندروستییەکان هیچ رێوڕەسمێک بۆ جەژنی چوارشەممە سوور بەڕێوەناچێت

کوردستان TV
100%

 

ئەمڕۆ چوارشەممە جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەکانە و بەم بۆنەیەوە پشووی فەرمییە لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

له‌مباره‌یه‌وه‌ خەیری بوزانی ، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی،  گوتی: بەپێی ساڵنامەی رۆژھەڵاتی لەدوای 13ی مانگەوە یەکەم چوارشەممە جەژنی سەری ساڵە، ھەر بۆیە ئەمڕۆ 14ی نیسان کە رۆژی چوارشەممەیە، جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەکانە و بەم بۆنەیەوەش لە دامو‌دەزگاکانی حکوومەت پشووی فەرمییە''.

خەیری بوزانی گوتیشی: ''بەھۆی رێکارە تەندروستییەکان ھیچ رێوڕەسمێک بەڕێوەناچێت و پارساڵیش بەھۆی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێکارە تەندروستییەکان ھیچ رێوڕەسمێک لە لالش بەڕێوەنەچوو''.

جەژنی سەری ساڵی ئێزدی (چوارشەممە سوور)، یەکێکە لە جەژنە دیارەکان، ھەموو ساڵێک لە مانگی نیسان دەکرێت. ئەم جەژنە لە ماڵان و پەرستگەی لالش بە چەندین رێوڕەسم بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی رێکارە تەندروستییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھیچ رێورەسمێک بەڕێوەناچێت.

لای کوردی ئێزدی یەکەم چوارشەممەی ھەموو ساڵێک لە مانگی نیسان لە رۆژمێری ئێزدیایەتی چارشەمبا سۆرە، بۆ ئەو مەبەستە کوردی ئێزدی لە سەرتاسەری دونیا دەگەڕێنەوە پەرستگەی لالش، ھەموو ساڵێک لە پەرستگەی لالش رێوڕەسم بەڕێوەدەچێت و لە دوا نیوەڕۆی ھەمان رۆژدا گەنجانی ئێزدی روو لە قەدپاڵی چیاکانی چواردەوری پەرستگەکە دەکەن و گوڵی جۆراوجۆری وەرزی بەھارە لە سروشت دەکەنەوە و لەبەر دەرگا بچووکەکانی پەرستگەی لالش دایدەنێن.

لەم رۆژەدا، 365 خزمەتکاری پەرستگەکە لە کاتژمێر پێنجی ئێوارەی چارشەمبا سۆر خۆبەخشانە ھەڵدەستن بە ھەڵکردنی 365 چرا وەک سیمبوڵی رۆژەکانی ساڵ لەنێو پەرستگەی لالش و قەدپاڵی چیاکانی چوار دەوری پەرستگەکە.

"ئاوی زمزم" یەکێک لەو کانییە ئاوانەی پەرستگای لالشە کە دەکەوێتە ئەشکەوتێک لە پێنج کانیاو پێکدێت و کوردی ئێزدی گرووپ گرووپ پیاوان بە جیا و ئافرەتان بە جیا لە کانیاوەکەدا دەستیان دەشۆن و سەر و دەموچاویان بە ئاوەکە تەڕ دەکەن، وەک خۆیان دەڵێن بۆ پاکبوونەوەیە لەو گوناھانەی لە ماوەی رابردوو کردوویانە.

لەم جەژنەدا ھەموو ماڵێکی ئێزدی 50 تا200 ھێڵکە دەکوڵێنن و دواتر بە رەنگی جیاواز رەنگی دەکەن وەک ئاماژەیەک بۆ سەرەتای دروستبوونی زەوی و بە ھەموو رەنگەیەوە، ھەر بۆیە ھێلکەکان بە رەنگەکانی سروشتی بەھار رەنگ دەکرێن، خێزانە ئێزدیەکان لەم جەژنەدا دوای تەواوبوونی رێوەڕەسمەکان ھێڵکەکان دەگوازنەوە بۆسەر گۆڕی مردووەکانیان ھەندێکیش وەک چاکەیەک بە ھەژارانی دەدەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.