لە ساڵیادی شاڵاوەکانی جینۆسایدی ئەنفال ، كونسوڵخانهی ئهمریكا لهههرێمی كوردستان پهیامێكی بڵاو كردهوه و بە خەمێکی قوڵەوە ئەمڕۆ ساڵیادی ھەڵمەتی ئەنفال دەکەینەوە کە لە لایەن ڕژێمی دیکتاتۆری سەدامەوە دژی گەلی کورد لە دەڤەری گەرمیان بە تایبەتی لە ناوچەکانی کەلار و چەمچەماڵ ئەنجامدرا.
كونسوڵخانهی ئهمریكا رایدهگهێنێت: ئەم ھەڵمەتە دڵتەزێنە بووە ھۆی کوشتنی ھەزارەھا کەسی بێتاوانی کورد لە پیاو و ژن و منداڵ و ھەروەھا بووە ھۆی بریندارکردنی چەندین ھەزاری تر. بەردەوام ھاوشانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەوەستینەوە بۆ دڵنیاییدان لە داھاتوویەکی تۆکمە و دیموکراتی و خاوەن ئابوریەکی گەشەسەندوو بۆ عێراق.
ئەمڕۆ 14ـی نیسانی 2021، لەگهرمیان و شارو شارۆچكەكانی دیكەی كوردستان یادی 33 ساڵەی ئەنفالی گەرمیانییەكان دەكرێتەوە داواش دەكرێت ئەو یادە بكرێتە هەوێنی یەكڕیزیی گەلی كورد.
ساڵی 1988 حكوومەتی بەعس بە هەشت قۆناغ شاڵاوی ئەنفالكردنی خەڵكی كوردستانی ئەنجامدا و تێیدا 182 هەزار كەس بێسەر و شوێنكران و نزیكەی پێنج هەزار گوندیش خاپوور كران. ئەنفال بەچەند قۆناغێك بەڕێوەچوو، جینۆسایدكردنی بارزانییەكان لە ساڵی 1983 كە تێیدا هەشت هەزار پیاوی بارزانی بێسەروشوێن كران ، هەروەها ئەنفالی بادینان و ئەنفالی گەرمیان لە ساڵی 1988 بەڕێوەچوو، كە زیاتر لە 182 هەزار هاووڵاتی بێتاوان بێسەروشوێن كران.
ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنفال لە رۆژی 23 شوباتی 1988 لە ناوچەكانی دۆڵی جافایەتی دەستیپێكرد و تا رۆژی 18 ئاداری هەمان ساڵ بەردەوامبوو، لە قوناغی دووەمدا، ناوچەی قەرەداغی بە خووە گرت كە لە رۆژی 22 ئاداری 1988 دەستپێكرد و تا رۆژی یەكی نیسانی هەمان ساڵ بەردەوامبوو، قوناغی سێیەمی ئەنفال رۆژی 7 نیسانی 1988 لە گەرمیان دەستیپێكرد و تا رۆژی 20 نیسانی هەمان ساڵ بەردەوامبوو، قوناغی چوارەمی ئەنفال لە رۆژی 3 ئایاری 1988 لە ناوچەی قەڵا سێوكە و دۆڵی زێی بچووك دەستیپێكرد و تا رۆژی 15 ئاداری هەمان ساڵ بەردەوامبوو، قوناغەكانی پێنجەم و شەشەم و حەوتەمی ئەنفال ناوچەكانی شەقڵاوە و رواندزی گرتەوە كە لە رۆژی 15 ئایاری 1988 تا رۆژی 25 ئایاری هەمانی ساڵ بەردەوامبوو، قوناغی هەشتەمی ئەنفال لە رۆژی 26 ئابی 1988 لە بادینان دەستیپێكرد و تا رۆژی 9 ئەیلوولی هەمانی ساڵ بەردەوامبوو.
دارشتنهوهى ههواڵ - شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.