وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە (33) هەمین ساڵیادی شاڵاوەكانی ئەنفالدا بەیاننامەیهكی بڵاوكردهوه.
دهقی بهیاننامهكه:
كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان... خەڵكی تێكۆشەری كوردستان... ئەمڕۆ 33 ساڵی تەواو بەسەر گەورەترین شاڵاوی كۆمەڵكوژی و جینۆسایدكردنی گەلی كوردستاندا تێپەڕ دەبێت، ئەنفال بەشێك بوو لە زنجیرە و پلانێكی شۆڤێنیانەی دوژمنانی گەلەكەمان بۆ لێسەندنەوەی ناسنامەی بوون و ژیان و سڕینەوەی بوونی نەتەوەییمان لەسەر خاک و زێدی ڕەسەنی خۆمان.
ڕژێمی بەعسی ڕووخاو پلانی وابوو دوابەدوای خاپوور كردنی گوندەكان و ئەنفالكردنی خەڵكەكەى و كۆكردنەوەی هاووڵاتیان لە ئۆردوگا زۆرە ملێکاندا، كۆتایی بە گەلی كوردو شۆڕشەكەی بهێنێت، خۆڕاگری خەڵكی تێكۆشەری كوردستان و وورە بەرزی و نەبەزی هێزی پێشمەرگە، مەرامی سڕینەوە و تواندنەوە و جینۆسایدكردنی گەلەكەمانى شكست پێهێنا و پاش تێپەڕ بوونی كەمتر لە (3) سێ ساڵ بەسەر ئەو شاڵاوە دڕندانەیەی ئەنفالداو لە ساڵی 1991 خەڵكی ستەم دیدەی كوردستان ڕاپەڕین و كۆتاییان بە زوڵم و ستەمی دەیان ساڵەی بەعس هێنا.
كەس و كاری قوربانیانی ئەنفال تاقانەكانی جینۆساید لە كوردستان دوابەدواى پڕۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی 2003 حكومەتی هەرێمی كوردستان كەوتە سۆراغ و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی جینۆسایدکراوانمان و هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی بیابانەكانی باشووری عێراق و لە درێژەی ئەو هەوڵانەشیدا توانی ژمارەیەکى زۆر گۆڕی بە كۆمەڵ هەڵبداتەوە و كاری جدیش بكات بۆ هێنانەوەی ڕووفاتی 3737 شەهیدی جینۆسایدكراو كە دواهەمین گۆڕی بە كۆمەڵیان لە ساڵی 2019 لە بیابانەكانی پارێزگای سەماوە بوو كە 171 ڕوفاتی ئەنفالی تیادا بوو، لە پاش ڕێكارە ئیداری و یاساییەكان ئامادەكاری كرا بۆ هێنانەوەیان و سپاردنەوەیان بە خاكی پیرۆزی كوردستان، هەرچەندە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە دواكەوت، بەڵام لەگەڵ ئاسایی بوونەوەی بارودۆخەكەداو لە كاتێكی گونجاودا بە مەراسیم و شكۆوە دەیان هێنینەوە كوردستان و بە خاكی کوردستانیان دەسپێرینەوە.
لەم یادەدا ئەوە وەبیر دەهێنینەوە كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە پاش 60 دانیشتنی دادگاکەیان لەسەر كەیسی ئەنفال دواجار لە ڕۆژی 24/6/2007 پشت بەست بە سەرجەم بڕگەو ماددە یاساییەكانی دادگاو ووتەی شایەد حاڵەكان و لەژێر ڕۆشنایی ڕێككەوتننامەو پەیماننامە نێودەوڵەتیە پەیوەندیدارەكان گەیشتە ئەو باوەڕەی كە پڕۆسەكانی شاڵاوی بەناو (ئەنفال) جینۆسایدە، هەر بۆیە كۆی پڕۆسەكەی بە جینۆساید ناساندو سزای یاسایی بەسەر ئەنجامدەرانیدا سەپاند.
بۆ بەرزو پیرۆز ڕاگرتنی یادی شەهیدەكانمان لە مەرگەساتەكانداو بە تایبەتیش یادی شەهیدانی ئەنفال، ساڵانە وەزارەتمان یادی شەهیدانی ئەو یادە كارەساتبارانە دەكاتەوە، لە ئێستادا بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و بۆ زیاتر پابەندبوونمان بە بڕیار و ڕاسپاردەكانی لایەنی تەندروستی و بۆ پاراستنی زیاتری گیانی كەس و كاری شەهیدان لەمساڵدا بە دانانی تاجە گوڵینە لەسەر مەزاری پیرۆزی شەهیدان یادو بیرەوەری ئەو شەهیدانەمان بەرز و پیرۆز ڕادەگرین.
كەس و كاری شەهیدانی جینۆساید و تاقانەكانی ئەنفال وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە كاتێكدا درێژە بە هەوڵەكانی دەدات بۆ بە نێودەوڵەتی كردنی كەیسی ئەنفال و بە جینۆساید ناساندنی، لە هەمان كاتدا بەردەوام پەرۆشی خزمەتكردنی زیاتری كەس و كاری شەهیدانی ئەنفال و كیمیاران و زیندانیانی سیاسی و تاقانەكانی جینۆسایدە...
هەر بۆیە جارێكی تریش وەك هەمیشە جەخت لەسەر داواكاری ڕەوای خەڵكی كوردستان دەكەینەوە بۆ ئەوەی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ چیدی پرسی قەرەبوو كردنەوەی زیان لێكەوتوانی دەستی ڕژێمی پێشوو دوا نەخات و لە چوارچێوەی ماددەی (132)ی دەستووری عێراقدا بەم ئەركە یاسایی و دەستووریەی خۆی هەستێت و لە هەمان كاتدا زەمانەتی ئەوە بدات کە ئەمجۆرە مەرگەساتانە لە عێراقی نوێدا هەرگیز دووبارە نابێتەوە. نەمریی بۆ شەهیدانی جینۆساید و سەرجەم شەهیدانی كوردستان سەربەرزى بۆ خانەوادەکانیان.
وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان 14/4/2021
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.