د. جوتیار عادل گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پهیامێكی به بۆنهی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی نیسان، جەژنی "چارشەمبا سۆر" و سەری ساڵی ئێزدییەکان بڵاوكردهوه و ڕایگهیاند: پیرۆزباییەکى گەرم لە خوشک و برا ئێزدییەکانى کوردستان و جیهان دەکەین و هیوادارین ساڵێکی پڕ خۆشی و شادییان هەبێت.
دهقی پهیامهكه:
کوردستانیانى ئازیز بە گشتى و خوشک و برایانى ئێزدی بەتایبەتى لەم چەند ساڵەى ڕابردوو بە دۆخێکى نەخوازراودا تێپەڕین و بەداخەوە دەستى ڕەشى تیرۆریستانى داعش خوازیارى نەهێشتنى هیوا و خۆشییەکان بوون لە هەرێمەکەمان، بەڵام ئەم هەورە ڕەشە بە سەروەرى و ئازایەتیى هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان ڕاماڵدرا و تیشکى هیوا و ژیان گەڕایەوە بۆ هەمووان.
لەم چوارشەممە پیرۆزەدا پڕ بەدڵ نزا بۆ بەختەوەرى و سەلامەتى ئێزیدییەکان و ئەو کچە بێتاوانانە دەکەین کە بوونە قوربانى دەستى ڕەشى تیرۆریستان و ئاواتەخوازین هەموویان بگەڕێنەوە نێو خانەوادە و زێد و لالشى سەربەرز.
سەربارى هەموو ئەمانە، پەتاى کۆڕۆناش ژیانى هەموو دونیاى سست کردووە، بۆیە لەسەرمانە لە هەر قەرەباڵغى و جەژن و مەراسیمێکدا پابەندى ڕێنماییە تەندرووستییەکان بین تا لەم ڕێگەیەوە بتوانین بەردەوام لەگەڵ خۆشەویستانمان بین.
دووبارە بەخێر بێت سەرى ساڵى نوێى ئێزدی و تۆشەى لاوانیش پڕ لە چەپکى گوڵى جوانى بەهارى بێت بۆ بەردەم پەرەستگەکانى لالش.
د. جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
١٣ی نیسانی ٢٠٢١
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.