لهراگهیاندراوێكدا وهزارهتی شارهوانی و گهشت و گوزاری ههرێمی كوردستان بڵاوی كردهوه: كه لە كۆبوونەوەیەكدا بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ بەرپرسانی كارگێڕیی باڵای وەزارەت، گفتوگۆ لەسەر چۆنییەتیی دەستپێكردنی پرۆسەی گۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبردنی تەقلیدی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ شێوازی سیستەمی بەڕێوەبردنی جۆری بەپێی ستانداردی (ISO 9001: 2015) كرا كە تێیدا پێناسە و گرینگیی سیستەمەكە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكان، كەمكردنەوەی ڕۆتین، شەفافییەت، دەرخستنی توانای كارمەندان و ڕەزامەندیی زیاتری هاووڵاتیان خرایە ڕوو، ئەمەش بەشێكە لەو بەڵێنانەی لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هاووڵاتییان درا.
وهزارهت راشیدهگهێنێت: ئێستا سیستەمی بەڕێوەبردنی جۆری لە زۆربەی جومگەكانی حكوومەت و ڕێكخراو و كۆمپانیاكان لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهان پەیڕەو دەكرێت، لە ناویاندا ناسراوترین ستانداردی بوارەكە بریتییە لە (ISO 9001: 2015) كە تێیدا هەموو زانیارییەكی تەواوی ئەو شوێنەی سیستەمەكە بەكار دەهێنێت تۆمار دەكرێت و ئاستی كاری هەر بەشێك یان كارمەندێك دەردەخات. ئەوەی بۆ هاووڵاتییانیش گرینگە، بەتەواوی ڕۆتین كەم دەكاتەوە و خێراتریش خزمەتگوزارییەكانیان پێ دەگات. ئەمەش بنەمایەكە بۆ سیستەمی یەك پەنجەرەیی و حكوومەتی ئەلیكترۆنی. هەروەها یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی ئەو ستاندەرە، بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی هاووڵاتییانە كە ئەمەش لە كارنامەی كابینەی نۆیەم حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لهكۆبوونهوهدا رایگهیاندووه: وەك قۆناغی دەستپێك، ئەم سیستەمە لەناو دیوانی وەزارەت، دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر پەیڕەو دەكرێت و پاش سەركەوتنی لەم چوار شوێنە، لە قۆناغی داهاتوودا پارێزگا و دەڤەرەكانی دیكەش پەیڕەو دەكرێت.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ دەستپێكی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەنگاوەكانی بەرەو پێشخستنی كاری دامەزراوەیی و هەیكەلی وەزارەتەكە كرد، یەكێك لەو هەنگاوە گرینگانە، بە ئەلیكترۆنیكردنی وەزارەتە لەڕێی سیستەمی بەڕێوەبردنی نووسراوەكان (DMS) كە هاوتەریب لەگەڵ سیستەمی بەڕێوەبردنی جۆری لەڕێی مەرجەكانی ستاندارەكانی (ISO) بەڕێوە دەچێت.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژه بۆ ئهوهش دهكات: لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە ڕاهێنان بە كارمەندان لەسەر سیستەمەكە دەكات. پاش تەواوبوونی قۆناغی ڕاهێنان و دەستكردن بە قۆناغی كۆكردنەوە و ئەپدەیتكردنی داتاكان، دەست بە كاری سیستەمەكە دەكرێت كە ئەمە هەنگاوێكی دەستپێشخەرە و هەنگاوی دیكەی گرینگی بەدوادا دێت.
شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.