وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ڕایدەگەیەنێت: لەپارێزگای هەولێر 20 سایلۆی گەورە دروستكراوە كە لە توانایدایە سێ هەزار کەس لە دەرچووان و دەستی کار بخاتە سەرکار.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی كردهوه: رۆژی یهكشهممه 11 ى 4 ى 2021 ، سەردانێكی مەیدانمان ئەنجامدا بۆ پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیاران لەپارێزگای هەولێر، لە ئێستادا خۆشبەختانە دروستكردنی سایلۆكان لە 85% ی كارەكانی تەواو بووە بۆ ئەوەی ئامادەكاری بكرێ كە بەرهەمی جوتیارانی ئەم ساڵ وەربگیرێت.
وهزیری كشتوكاڵ و سهرچاوهكانی ئاو راشیدهگهێنێت: كارگەكانی ئارد و ساوار و بڕوش و عەلەفی ئاژەڵی كێڵگەكان و مەعكەرۆنی لە هەمان پڕۆژە لە ئاستێكی زۆرباشدا بونیاد نراون.
بێگهرد تاڵهبانی ئاماژه بۆ ئهوهش دهكات: ئەو پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە هەرە گرنگەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان كە لەسەر ڕووبەری 12هەزار دۆنم زەویدا، 20 سایلۆی گەورەی لە قۆناغی یەكەم لێ دروست كراوە، كە هەر سایلۆیەك توانای هەڵگرتنی 5000 پێنج هەزار تۆن گەنمی هەیە.
لهكۆتاییدا رایگهیاندووه: ئەم پڕۆژەیە لە توانایدایە سێ هەزار كەس لە دەرچووان و دەستی كار بخاتە سەركار، لە مانگی حەوتدا یەكەمین بەرهەمی ئاردی خۆماڵی كارگەكانی ئەم پڕۆژەیە دەكەوێتە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان.
دارشتنهوهی ههواڵ - شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.