Erbil 8°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 22:09

په‌رله‌مانی کوردستان خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ یاسای به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌کانی ئه‌نجامدا

کوردستان TV
#7
100%

لە دانیشتنی ئەمڕۆدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازە یاسای (هاوردەكردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان لەهەرێمی كوردستان-عێراق) کرا.

كاتژمێر 11ى پێشنێوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ٢٠٢١/٤/٧ ، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د.هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (٦)ى ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم له‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.

سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مانى خوێنده‌وه.

به‌پێی حوكمی مادده‌ی (5)و بڕگه‌كانی (یه‌كه‌م و دووەم و سێیەم) له‌مادده‌ی (16)و بڕگه‌ی (سێیه‌م) له‌مادده‌ی (18)و بڕگه‌كانی (یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م و چواره‌م و پێنجه‌م) له‌مادده‌ی (20)و مادده‌كانی (47، 48، 52، 54، 55، 56، 57) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، خاڵی یەکەمی بەرنامەی کار تایبەت بوو بە خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پێشنیازەیاسای (هاوردەكردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان لەهەرێمی كوردستان-عێراق) به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (87، 88، 89) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان. و خاڵی دووەمی بەرنامەی کار تایبەت بوو بە خوێندنه‌وه‌ی یەكەم بۆ ئەم پێشنیازەیاساو بڕیارانەی خوارەوە به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (79، 80) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان کە خۆی لە دوو خاڵ دەگرێتەوە کە ئەمانەن:
١- پێشنیازەیاسای ڕێكخستنی ئامێرەكانی چاودێری لەهەرێمی كوردستان-عێراق.
٢- پێشنیازەبڕیاری ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی لەهەرێمی كوردستان-عێراق.
خاڵی سێیەمی بەرنامەی کاریش تایبەت بوو بە خستنەڕووی بیرۆكەی بەڕێز پەرلەمانتار (مەم بورهان محمد) پەیوەست بە (حكومڕانیی بیرۆكراسی) بەپێی حوكمی خاڵی (2)ی بڕگەی (یەكەم) لەماددەی (49)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان-عێراق.

پاشان لەلایەن زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان دەنگ بۆ ئەوە درا کە خاڵی سێیەمی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە پێشبخرێت و بکرێت بە خاڵی یەکەمی بەرنامەی کار و خاڵی یەکەمی بەرنامەکەش کرا بە خاڵی سێیەمی بەرنامەی کار. پاشان لەلایەن پەرلەمانتار مەم بورهان قانع بیرۆکەی خۆی کە تایبەت بوو بە (حکومڕانی بیرۆکراسی) خرایەڕوو.

پاشان د. ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوای لە لێژنەی یاسایی کرد بێنە شوێنی خۆییان بۆ ئەوەی خاڵی دووەمی بەرنامەی کار بخوێننەوە، و لەلایەن سەرۆک ئەندامانی لیژنەی یاسایی خاڵی دووەم خرایە روو کە تایبەت بووبە (پێشنیازەیاسای ڕێكخستنی ئامێرەكانی چاودێری لەهەرێمی كوردستان-عێراق) و (پێشنیازەبڕیاری ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی لەهەرێمی كوردستان-عێراق).

بۆ جێبەجێکردنی خاڵی سێیەمی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوای لە هەردوو لێژنەی یاسایی و لێژنەی وزە و سامانەسروشتییەکان و پیشەسازی و بازرگانی کرد کە بێنە شوێنی خۆیان بۆ خوێندنەوە و گفتوگۆکردنی خاڵی سێیەمی بەرنامەی کار کە تایبەت بوو بە پێشنیازەیاسای (هاوردەكردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان لەهەرێمی كوردستان-عێراق).

پێشنیازە یاساکە خۆی لە ١١ ماددە دەگرێتەوە لەگەڵ هۆیەکانی دەرچوواندن، و یەک بە یەکی ماددەکان لەلایەن لیژنەی هاوبەش خوێندرانەوە ، پاشان لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەرگای گفتوگۆ بۆ ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە و لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە گفتوگۆلەسەر سەرجەم ماددە و برگەکان کرا و ڕاو سەرەنج و پێشنیارەکانیان بۆ سەرجەم ماددە و برگەکانی پێشنیازە یاساکە خستەروو.

لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، هۆیەکانی دەرچوواندن خوێندرایەوە و پاش گفتوگۆی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشنیازە یاساکە بە سەرجەم گۆڕنکارییەکانەوە ئاراستەی لێژنەکانی تایبەتمەند کرا.
 
بەمەبەستی ئامادەکردنی راپۆرتی کۆتایی پێشنیازەیاساکە و بەم شێوەیەش کۆتایی بە دانیشتنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان هێنا.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.