Erbil 8°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 18:14

ئەنجوومەنی وەزیران پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی تاووتوێ دەکات

لە‌داھاتوویە‌كی نزیكدا پڕۆژە‌ یاسای بودجە‌ی ھە‌رێم بۆ ساڵی 2021 ئامادە‌ دە‌بێت
کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/4/7  ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. 

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆک وەزیران سەبارەت بە پەسەندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021 کرد دەستخۆشی لە تیمی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە ئەرکەکانیان بە باشی ئەنجامدا، ئاماژەشی بەوەدا شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی، مافێکی دەستووری و ڕەوای هەرێمی کوردستانە، جەختیشی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندە بە بڕگەکانی یاسای بودجە و داواشی لە حکومەتی فیدراڵی کرد کە پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات. 

سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بەوەدا ، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی چاکسازی و کارکردن بۆ زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان بە ئاراستەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی شایستە و گەشەپێدانی دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان. 

 پاشان لە بڕگەیەکی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی، كورتە‌یە‌كی لە‌بارە‌ی گفتوگۆكانیان لە ‌بە‌غدا خستە‌ڕوو، وێڕای ستایشكردنی ئە‌ندامانی شاندە‌كە‌، ئاماژە‌ی بە‌وە‌دا كە‌ پێویستە‌ ھە‌ردوو حكومە‌تی فیدراڵ و ھە‌رێم، پابە‌ند بن بە‌و رێنمایاییانە‌ی كە‌ دواتر دە‌ردە‌چن بۆ جێبە‌جێكردنی یاسای بودجە‌ی 2021. گوتیشی لە‌گفتوگۆكانمان لە‌گە‌ڵ پە‌رلە‌مان و حكومە‌ت و لایە‌نە‌ عێراقییە‌كان، جە‌ختمان لە‌سە‌ر پابە‌ند بوون بە‌ دە‌ستوور كردە‌وە‌ بۆ دە‌ستە‌بە‌ركردنی ماف و شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی کوردستان.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتێکی دەربارەی دوایین ئامادەکارییەکانی تایبەت بە گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی یەکەمی یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی دارایی 2021 خستەڕوو. جە‌ختی كردە‌وە‌ كە‌ ئامادە‌كارییە‌كان هەنگاوی باشیان بڕیوە و لە‌داھاتوویە‌كی نزیكدا، ئە‌و پڕۆژە‌‌ یاسایە‌ ئامادە‌ دە‌بێت.

لە‌كۆتایی كۆبوونە‌وە‌كە‌دا، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی تە‌ندروستی ھە‌رێمی كوردستان و چۆنییە‌تی ڕووبە‌ڕووبوونە‌وە‌ی بڵاوبوونە‌وە‌ی زیاتری ڤایرۆ‌سی كۆرۆنا كرا. ئەنجومەنی وەزیران داوا لە ‌ھاووڵاتییان دەکات پابە‌ندی رێنماییە‌كان بن لە پێناو كە‌مكردنە‌وە‌ی ڕێژەی تووشبوون بە‌و ڤایرۆسە‌ ، بە‌تایبە‌تیش چونکە ئێستا ژمارە‌ی تووشبووان لە‌ ھە‌ڵكشاندایە‌.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.