سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی هەموو پابەندییەکانی بەپێی یاسای بودجەی گشتی عێراق.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7 ى 4 ى 2021 ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئهنجامدا.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، مەسرور بارزانی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، تاوتوێی رهوشی ئێستای ههرێمی كوردستان و پرسی پهیوهندییهكان لهگهڵ حكومهتی فیداڕاڵی عێراق و پەسەندکردنی بودجە و چهند خاڵێكی دیكه كرد .
دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
رۆژتان باش
ئەمڕۆ باسی تێپەڕاندنی یاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراقمان كرد. دەمەوێ باسی بكەم. بابەتی دووەم سی ساڵەی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانە. هەروەها ئەمرۆ ڕۆژی تەندروستیی جیهانیشە.
لەسەر خاڵی یەكەم، مەسەلەی تێپەڕاندنی بودجە دەستكەوتێكە بۆ هەموو خەڵكی عێراق و لەوانەشەوە بۆ خەڵكی كوردستان. دەبوایە بودجە زۆر بە شێوەیەكی ئاسایی تێپەڕێت و وەكوو دەستكەوت سەیری نەكرێت، بەڵام بەداخەوە ئەم بابەتە بە سیاسی كرا، ماوەیەكی درێژی ویست تاوەكوو شاندی دانوستانكاری هەرێم لەگەڵ لایەنەكانی فیدڕاڵی لە حكوومەتی عێراق كارێكی زۆریان كرد تا بیسەلمینن كێشەكان تەكنیكی و مالی نین، بەڵكوو كێشە سیاسییەكانیش لە كۆتاییدا گەیشتە ئەنجام.
تێپەڕاندنی ئەم یاسایە هاوسەنگە و هەمووان تێیدا براوەن. دەستخۆشی لە شاندی دانوستانكاری هەرێم دەكەین كە بە ڕێكی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان بەجێ گەیاند. سوپاسی سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكەم و سوپاسی هەموو ئەو لایەنە سیاسییانە و پەرلەمانتارانە كە چ لە كوردستان و چ لە عێراق پشتیوانی تێپەڕاندنی یاساكە بوون، دەکەم.
سوپاسی تایبەتی جەنابی سەرۆك بارزانی دەكەم كە پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق وەكوو وەچەرخانێك بووە بۆ گۆڕینی تێڕوانینی ئەو لایەنانە و پشتیوانیكردنیان لە تێپەراندنی یاسای بودجە.
حیكمەت لە جێبەجێكردنەكەیدایە. لە كۆبوونەوەكەدا باسمان لەوە كرد كە چۆنیەتیی جێبەجێكردنی یاساكە و ماف و ئیلتزامەكان چۆنە.
ئێمە چاوەڕوانین بەغدا ئیلتزامی خۆی بۆ سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵ جێبەجێ بكات، داوامان لە هەموو وەزارەتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆیان بۆ پابەندبوونی هەرێمی کودستان بە یاسای بودجە، بکەن.
ئیلتزامی خۆمان بەرامبەر حكوومەتی فیدڕاڵی جێبەجێ دەكەین و هەرچی ئەركی سەرشانمانە ئامادەین جێبەجێی بكەین. چاوەڕوانین حكوومەتی فیدڕاڵیش ئەركەكانی خۆی لە دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات.
ئەگەر پێویست بە چوونی شاندی ئێمە بۆ میكانیزمی جێبەجێكردنی یاساكە هەبێت، ئەوا ئامادەین و داوا دەكەین شاندەكانیشیان بێنە هەرێم. دەمانەوێ ئەمە ببێتە بنەمایەك بۆ چارەسەركردنی زۆر لە كێشە و گرفتەكان.
خاڵی دووەم، ئێوە دەزانن سی ساڵ لەمەوبەر و كۆڕەوی گشتیی خەڵكی كوردستان وایكرد دونیا هەست بەو ئازارە بكات كە بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتووە و بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان وایكرد ناوچەی دژەفڕین و ناوچەی ئارام دروست بكرێت.
لێرەوە پێزانینی خۆمان بۆ ئەو هاوكاری و بەهاناهاتنەی نەتەوە یەكگرتووەكان بكەین و چاوەڕوانین لە هاوكاریكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە بە گشتی بەردەوام بن بۆ تێپەڕاندنی ئەم كێشانەی هەن.
ئێمە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر پێویستیمان بە هاوكاری هەیە، قەیرانی داراییش پێویستی بە هاوكاریی لەگەڵ كۆمەڵگەی نیودەولەتی هەیە.
لەمڕۆدا سوپاسی خۆمان بۆ پزیشك و كارمەندانی تەندروستیی هەرێمی كوردستان دووپات دەكەینەوە كە خۆیان كردۆتە قوربانی بۆ هەموو ئەو كێشە تەندروستییانەی هاتوونەتە پێشەوە، بە تایبەتیش پەتای كۆرۆنا كە ئێستا ڕێژەی تووشبوان بە شێوەیەكی بەرچاو هەڵكشاوە. سوپاسیان دەكەم و داواش لە هاووڵاتیانی كوردستاان دەكەم زیاتر خۆیان بپارێزن. زۆرجار داوامان كردووە و رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەوە بووە كە ڕێنماییەكان جێبەجێ بكرێت. ئەم ئەركە بە تەنیا بە حكوومەت ناكرێت، داوا دەكەین خەڵكی خۆیان بیر لە سەلامەتیی خۆیان بكەنەوە و خۆیان خۆیان بپارێزن. ئەم پەتایە كێشەیەكی جددییە و خەڵكێكی زۆر گیانیان لەدەست داوە و یاری پێ ناكرێت.
هیوادارم بە جددی وەری بگرن، تەنیا ڕێگەی خۆپارێزی لەم پەتایە، پابەندبوونە بە ڕێنماییەكان.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵدەدات پێكوتەی كۆرۆنا زیاتر بكات، بەداخەوە هەست دەكەم خەڵكی هەرێمی كوردستاان وەك پێویست بەپیر ئەم داواكارییە ناچن، داوا دەكەم بۆ پاراستنی خۆتان و كەسوكارتان ڕێنماییەكان جێبەجێ بكەن. ئامادەبن بۆ ئەوەی ڤاكسینە بەردەستەكان بەكار بهێنن كە بەرگریی جەستەتان بەهێزتر دەكات. لە هەمان كاتدا دەمامك ببەستن و دوورەپارێزی بكەن.
هیوادارم هەموان سەلامەت و تەندروست بن.
دەمەوێ تەئكید بكەمەوە كە پابەند دەبین بە ئەركەكانمان، گرنگییەكی تایبەت بە بابەتی مووچە دەدەین، لەبیرمان نەچێت پابەندییەكانی سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەم نین، بە تایبەتی قەرزەكان، جگە لە ڕێككەوتنی بودجەش بارگرانییەك لەسەر داهاتەكان دروست دەكات، پێش هەموو شتێك گرنگی بە دابینكردنی مووچە بۆ خەڵكی كوردستان دەدەین، بەردەوامیش دەبین بە زیادكردنی داهاتی خۆمان بەو پرۆسە چاكسازییەی دەستمان داوەتێ، پرۆسەی چاكسازی كۆتایی نەهاتووە و لە زیادكردنی داهاتەكان بەردەوام دەبین.
ئێستا ئێمە لەو خاڵە گەیشتینە ئەنجام، سێ سەرچاوەی سەرەكیی داهات لە هەرێمی كوردستان هەیە، یەكێكیان شایستە داراییەكان لە بەغداوە، دووەمیان داهاتی نەوتی و سێیەمیشیان داهاتی نانەوتییە. ئێستا داهاتەكان دیارن و هەوڵدەدەین واقعی بین، نەك بێین خەرجییەكی زۆر ئامادە بكەین كە پێمان پڕ نەكرێتەوە. هەوڵدەدەین ژمارەكان لە یەكترەوە نزیك بن، بێگومان ئەولەویەتمان دابینكردنی مووچەی هاووڵاتیانە.
- نامەوێ لەسەر بنەمای گومان مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی بكەین، راستە ئەزموونێكی تاڵمان هەیە، بەڵام چاوەڕێی ئەوە دەكەین حكوومەتی فیدڕاڵی پابەندییەكانی بەرامبەر خەڵكی كوردستان دابین بكات. مانگی یەك و دوو و سێ بەغدا هیچ پابەندییەكی جێبەجێ نەكردووە، بەپێی یاساكە داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەین، بەراوردێك بكەن بزانین چەندی لەسەر كێ دەمێنێتەوە و دواتر بدرێتەوە.
داوامان لە هەموو وەزارەتەكانی حكوومەت كردووە ئامادەكاری بكەن بۆ جێبەجێكردنی پابەندییەكانمان. حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ جێبەجێكردنی هەموو ئەو پابەندییانەی كە دەكەوێتە سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هیوادارین حكوومەتی فیدڕاڵیش بەو ئاراستە و نەفەسە كارمان لەگەڵ بكات كە نەفەسی پێكەوە كاركردن و چارەسەری كێشەكانە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.