Erbil 31°C ھەینی 20 ئەیلوول 17:26

لەھەولێر شەقامێک بەناوی جۆن مێجەر و شەقامێک بەناوی نەوای ئارام نران

کوردستان TV
#7
100%

بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و ژمارەیەك كونسوڵی وڵاتان ناوی دوو شەقامی هەولێر لە ساڵیادی بڕیاری ناوچەی دژەفڕین كران بە (سێر جۆن مەیجەر) و (نوای ئارام).

لە یادی 30 ساڵەی بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایش لەژێر چاودێریی ڕێزدار مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر، ناوی شەقامێكی شارەكە كرا بە "نوای ئارام" و ناوی  شەقامێكی دیكەش كرا بە  "سێر جۆن مەیجەر"  سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا كە ڕۆڵی لە دەركردنی بڕیارەكەدا هەبووە كە بووەتە هۆی دانانی سنوورێك بۆ هێرش و هەڕەشەكانی رژێمی سەددام حوسێن بە تایبەتی لەكاتی كۆڕەوەكەی گەلی كوردستاندا.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە (5ی نیسانی2021) لە دوو ڕێوڕەسمی لادانی پەردە  بە سەرپەرشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو.

لە مەراسیمی لادانی پەردە لەسەر شەقامی "سێر جۆن مێجەر"، لەپاڵ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەفین دزەیی، سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئومێد، خۆشناو پارێزگاری هەولێر، كونسوڵی وڵاتی بەریتانیاش بەشدار بوو، تێیدا وتارێكی خوێندەوە و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە ناولێنانی شەقامێكی سەرەكیی شاری هەولێر بەناوی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری وڵاتەكەی و سوپاسی وەفاداریی گەلی كوردی كرد.

پاشان لە مەراسیمێكی جیادا، پەردە لەسەر ناوی شەقامی "نوای ئارام" لادرا كە شەقامێكی گرینگی شاری هەولێرە و دەكەوێتە تەنیشت منارەی شێخی چۆلی، لەمیاندا لەپاڵ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و پارێزگاری هەولێر، نوینەری نەتەوە یەكگرتووەكان و كونسوڵی وڵاتانی: ئەمەریكا، بەریتانیا، كەنەدا، ڕۆمانیا، ئیتاڵیا، فەرەنسا، توركیا و هۆڵەندا، بە یاوەریی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و ژمارەیەك بەرپرس و كارمەندی دیكەی حكوومەت و دەزگەكانی راگەیاندن بەڕێوەچوون.

لە مەراسیمەكەدا ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، گرینگیی بڕیاری  688ی ئەنجوومەنی ئاسایشی هێنایەوە بیر كە چۆن پێش 30 ساڵ هۆكاری سەرەكیی ڕزگاركردنی گەلی كورد بووە لەدەست هێرش و پاكتاوی ڕژێمی بەعس و بەناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و گەلی كوردیش سوپاسی هەڵوێستی بەردەوامی ئەو وڵاتانەی كرد

هەر لەو مەراسیمەدا، سەفین دزەیی، سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكان و كونسوڵی وڵاتانی بەشداربووی مەراسیمەكە، گوتاری خۆیان پێشكەش كرد.

 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.