Erbil 32°C ھەینی 20 ئەیلوول 15:39

فەوزی حەریری: ھێشتا عێراق و ھەرێم پێویستی بە پاڵپشتیکردنی ھێزەکانی ئەمه‌ریکایه‌

کوردستان TV
#7
100%

سەرۆکی شاندی ھەرێمی کوردستان لە تیمی دانوستانکاری عێراق تایبەت بە گفتوگۆی ستراتیجیی لەگەڵ ئەمه‌ریکا، فەوزی حەریری رایگەیاند: کە چاوەڕان دەکرێت رۆژی چوارشەممە، گەڕێکی نوێی گفتوگۆی ستراتیجیی لەنێوان عێراق و ئەمریکادا، ساز بکرێت.

فەوزی حەریری لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەی شەرقولئەوست سەبارەت بە پێشھاتەکانی گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان عێراق و ئەمه‌ریکا دوا و رایگەیاند کە شاندی عێراقی لەنێویاندا نوێنەرانی ھەرێم لە گفتوگۆکانی رابردوودا لەسەردەمی سەرۆکی پێشووی ئەمه‌ریکا، دۆناڵد ترەمپ داوای دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکایان لە عێراق نەکردووە، بەڵکو داویانکردبوو ھەڵسانگاندن بۆ پێویستی لە مانەوە و پاڵپشتیکردنی ھێزەکانی ئەمه‌ریکا بەپێی داتا سەربازیی و ئەمنییەکان بکرێت و جەختیکرده‌وە لەسەر ئەوەی کە بەپێی داتاکانی ئێستا، ئاماژە بە پێویستی پاڵپشتیکردنی ئاسمانی، لۆجستیی و پێشکەشکردنی زانیاری لەگەڵ پڕچەکردن لەلایەن ھێزەکانی ئەمه‌ریکاوە دەکرێت.

گوتیشی پێشبینی دەکرێت، گفتوگۆی ستراتیجیی بگەڕێتەوه‌ خاڵی سفر، بە تایبەتیش دوای ئەوەی ئیدارەیەکی نوێی له‌ ئەمه‌ریکا بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن پێکھێنراوە و لەئێستادا كار ده‌كرێت بۆ زانینی ئاراستەکانی ئیدارەی نوێ ئەمه‌ریکا بەرامبەر بە عێراق.

سەبارەت بەوەی تا چەند داواکارییەکانی ھەرێم لەگەڵ داواکارییەکانی تیمی عێراق سەبارەت بە مانەوەی ھێزەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق گونجاوە فەوزی حەریری گوتی، له‌ عێراق ژمارەیەک لایەنی سیاسیی داوای کشاندنەوەی ھێزەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق دەکەن، لەبەرامبەردا ژمارەیەک لایەنی سیاسیی دیکە داوای مانەوەی ھێزەکانی ئەمه‌ریکا دەکەن.

سەرۆکی شاندی ھەرێمی کوردستان لە تیمی دانوستانکاری عێراق گوتیشی، تیمی دانوستانكار داوای دەرکردنی ھێزەکانی ئەمه‌ریکای لە عێراق نەکردووە، شاندی ھەرێم ھاوڕایە لەگەڵ ئەو ئاراستەیە، جگە لەوەیش خۆشمان پێشبینی دەکەین کە ھێشتا ھەرێم پێویستی بە پاڵپشتیکردنی ھێزەکانی ئەمه‌ریکا ھەیە لە بەرپەرچدانەوەی ھێرشە تیرۆریستییەکان، چونکە ھێزەکانمان بەتەنھا ناتوانن بەرپەرچی هێرشە مەترسیدارەکان بدەنەوە کە لەوانەیە بەرەوڕووی ببینەوە.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.