Erbil 8°C شەممە 11 کانوونی دووەم 22:52

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە یادی 41 ساڵەی جینۆسایدی کوردە فەیلییەکان بەیاننامەیه‌کی بڵاوکرده‌وه‌

کوردستان TV
100%

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە یادی 41 ساڵەی جینۆسایدی کوردە فەیلییەکان بەیاننامەیه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: 41 ساڵ بەر لە ئێستاو لە 4ی نیسانی 1980 ، هەزاران مرۆڤی بێتاوانی فەیلی کە تەنیا شوناسی “کوردبوون” ئەوانی خستبووە بەر ڕق و کینە و سیاسەتی داپڵۆسێنەرانەی ڕژێمی پێشووی بەعس، جینۆساید کران.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌:

ڕاگواستن و بەندکردن و شوێنبزرکردن و دواجار کۆمەڵکووژکردنی فەیلییەکانیش بەشێک بوو لە پلانی سڕینەوەی نەتەوەی کورد، کە تەنیا خواستی بەفەرمی ناسینی داواکارییە ڕەواکانی بوو، بۆ بە ئازادیی ژیان لەسەر خاکەکەی. پلانی لەناوبردنی گەلی کوردستان کە ڕژێمی بەعس خەونی پێوەدەبینی، بۆ سستکردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلی کوردستان بوو.

جینۆسایدکردنی کوردە فەیلییەکان ئەجیندایەکی پێشتر پلان بۆ دارێژراوی حکوومەتی عێراق بوو بۆ کپکردنی دەنگی ئازادیخوازانەیان، بەڵام باوەڕی بەهێز و بڕوابوون بە تێکۆشان بۆ ئازادی گەلی کوردستان، هیچ کاتێک كورده فەیلییەکانی لە هەنگاوەکانیان سارد نەکردەوە و کردەوەکانی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق ئەوانی لەسەر خەباتەکەیان ڕژدتر و بەئیرادەتر کرد.

کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی فەیلی.. لە کاتێکدا یادی قوربانیانی کوردە فەیلییەکان بەرز ڕادەگرین، کە نیشتمانەکەمان بە ڕۆڵە چاوکراوە و ئازاکانی لە ژێردەستەیی ڕزگاری بووە و هەنگاو بە هەنگاو و بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە، بەرەو بەدیهێنانی خواستی ئەو شەهیدانەمان دەچین کە لە پێناویدا بوون بە قوربانی. لەم یادەدا، وێڕای دەستخۆشیمان لە بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق کە ئەم تاوانەی بە فەرمی بە جینۆساید ناساند و حکومەتی عێراقیشی پابەند کردووە بە قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی ئەم کارەساتە؛ بەڵام بە داخەوە حکومەتی عێراق نەک هەر بڕیاری دادگای جێبەجێ نەکردووە بەڵکو پێچەوانەی دەستووری عێراق کاری کردووە، کە دەبوو لە ژێر رۆشنایی ماددەی ١٣٢ی دەستووری عێراقدا، قەرەبووی ماددی و مەعنەوەی سەرجەم قوربانیانی جینۆساید و زیانلێکەوتووانی دەستی رژێمی پێشووی بکردایەتەوە.

یادکردنەوەی ئەو تاوانانە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە رۆژانە لەگەڵ گرفت و کۆسپەکان ڕووبەڕوودەبێتەوە، بەڵام هەوڵدان بۆ سەقامگیری و ئازادیی بووەتە هەوێنی دروستکردنی نیشتمانێک کە بە ئاشتیانە ژیانی تێدا بگوزەرێنین. ئەگەرچی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا ڕێگر بووە لەبەردەم هەموو لایەک وەک پێویست یاد و بیرەوەری شەهیدانمان و کارەساتەکانی سەر گەلەکەمان بکەینەوە، بەڵام ئەوە بە مانای فەرامۆشکردنی ئەو ئارمانجانە نایەت کە بۆی تێکۆشاوین.

ئێمەش لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە ئەرکی خۆمانی دەزانین جگە لە بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەریی سەروەرانی شەهیدمان، تاوانی کۆمەڵکوژی نەتەوەکەمان لەسەر ئاستی جیهان بناسێنین و کار بۆ بەجینۆسایدناساندنی بکەین. بێگومان لەپاڵ ئەوەشدا، خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان، بە ئەرکی خۆمان دەزانین، لەگەڵ بونیادنانی سونبول و هێمایەک بۆ شەهیدانی جینۆسایدی کوردە فەیلییەکان.

جارێکی دیکە لە ٤١هەمین ساڵیادی کۆمەڵکووژی کوردە فەیلییەکاندا، سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی قوربانیانی ئەو کارەساتە و هەموو شەهیدانی سەربەرزی گەلەکەمان..

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ٤ی نیسانی ٢٠٢١

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.