نێچیرڤان بارزانى، سهرۆكی ههرێمی كوردستان له پهیامێكدا له یادى چل و یەک ساڵهى زنجیرە تاوانەکانی جینۆساید و وڵاتبەدەرکردن و بێسهروشوێنكردنى خوشک و برایانی كوردی فهیلیدا ڕایگهیاند: شەهیدان و ستەملێکراوانی لەیادنەچووی ئەو تاوانانە بە ڕێز و شکۆوە یاد دەکەینەوە.
له پهیامهكهدا هاتووه:
وڵاتبەدەرکردنی سهتان ههزار كوردى فهیلى و بێسهروشوێنكردنى دهیان ههزارى دیكهیان، لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە و زەوتکردنی ماڵ و موڵکیان، جینۆسایدێکی ڕەگەزپەرستانهى بهعس بوو بەرامبەر به کوردانی بێگوناهی فەیلی کە جگە لە کوردبوون و داکۆکیكردن لە ناسنامە و مافە ڕەواکانی میللەتەکەیان، هیچ تاوان و خەتایەکیان نەبوو.
ناساندنی ئەو تاوانانە بە جینۆساید لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە، بڕیارێکی دادپهروهرانه و ڕەوا بوو، ئەو بڕیارە دەوڵەت و حکوومەتی عێراق دەخاتە بەر ئەرک و بەرپرسیاریهتیی قەرەبۆکردنەوەی ماددی و مەعنەویی قوربانییان و زیانلێکەوتووان.
داوا لە حکوومەتی فیدراڵى عێراق دهكهین ئەو ئەرکە یاسایی و ئەخلاقی و ویژدانییەی بەجێ بگەیەنێت و موڵک و ماڵ و ڕەگەزنامە و مافە مەدەنییەکان و قەرەبۆی زیانەکان بۆ کوردانی ستەمدیدەی فەیلی بگێڕێتەوە و کێشە و گرفتەکانیان چارەسەر بکات.
سڵاو و دروود بۆ گیانى پاكى شههیدانى كوردى فهیلى. سڵاو و ڕێز بۆ خانەوادە سەربەرزەکانیان دەنێرین. خەبات و دڵسۆزی و قوربانیدانی خوشک و برایانی کوردی فەیلی بۆ هەمیشە جێی شانازیی گەلەکەمانە.
نێچیرڤان بارزانى
سهرۆكى ههرێمى كوردستان
4/4/2021
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.