Erbil 11°C پێنجشەممە 14 تشرینی دووەم 01:04

د. ڕێبوار بابکه‌یی: مەسرور بارزانی کلیلی چارەسەری کێشەی بوودجە و پیاوی سەرخستنی پرۆسەکە بوو

کوردستان TV
100%

د. ڕێبوار بابكه‌یی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ باره‌ی په‌سندكردنی پڕۆژه‌ یاسای بوودجه‌ی فیدراڵی بابه‌تێكی نووسیوه‌ و تیایدا ده‌ڵێت: نهێنی پەسەندکردنی بودجەو دیبلۆماسییەتی مەسرور بارزانی بودجەی ٢٠٢١ ببوو بە بابەتی گەرمی میدیاو مێزی گڤتوگۆو دانوستاندنەکانی نێوان هەولێرو بەغدا؛ ئەمەش پەرۆشی مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی حکومەت دەردەخات لە گرتنەبەری هەموو ڕێکارە یاسایی و دەستوورییەکان بۆ دابینکردنی بژیوی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و دەستەبەر کردنی مافە داراییە دەستوورییەکانی هەرێم.

ده‌شڵێت: ڕوونبوو کە پڕۆسەی دانووستاندن لە بارەی بودجەو پشکی کوردستان کات خایەن و درێژە مەودا بوو، هەروەها ئاستەنگ و تەنگ و چەڵەمەی سیاسیی زۆریشی خرابووە بەردەمی، مەسرور بارزانی هەر لە دەسپێکی دەست بەکاربوونی وەک سەرۆک وەزیران ژیرانەو دەوڵەتمەدارییانە و توانی بە بەردەوام لەگەڵ حکومەتی ئیتیحادی چ لەسەردەمی عادل عەبدول مەهدی، یا لەسەردەمی ئێستەی کازمی بێ ماندوو بوون و وچان، جەنتل مانانە هەنگاو بە هەنگاو سەرەدەری و ئیدارەی ئەو پڕۆسەیە بکات.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: سه‌رۆكی حكومه‌ت هەر زوو شاندێکی حکومی بۆ ئەو مەبەستە دروستکرد، وە مەلەفی بودجە لە وردەکاری فەنی و یاسایی و پەیوەست بە داهاتی نەوتی نا نەوتی خستە دەست شاندەکە و بە بەردەوام ڕێنوێنی دەکردن.

هه‌روه‌ها له‌ به‌شێكی تری نووسینه‌كه‌دا نهێنی په‌سندكردنی بوودجه‌ ده‌خاته‌ ڕوو و ده‌ڵێت: کاک مەسرور بارزانی پشت بەست بەو هۆکارانەی خوارەوە کە ئاماژەی پێدەدەم، کلیلی چارەسەری کێشەی بودجەو پیاوی سەرخستنی پرۆسەکەبوو:

١. کاک مەسرور بارزانی بە بەردەوام، بە ئاشکراو نا ئاشکرا لە پەیوەندی دابووە لە گەڵ سەرۆکی حکومەتی عێڕاق و لایەنە سیاسییەکانی بەغدا، بۆ کردنەوەى گرێی نه‌كراوه‌کان.

٢. شاندی حکومەت، لە چ خاڵێکدا لە گڤتوگۆکان بگەیشتایە بن بەست، لەوێدا کاک مەسرور بارزانی شیانی سیاسی و دیبلۆماسی خۆی دەخستە گەڕو چارەسەری دەکرد.

٣. مەسرور بارزانی قورسایی و پێگەی سیاسی و دەوڵەتداری خۆی هەیە، لە لایەن مسته‌فا کازمی و لایەنە سیاسییەکان جێگەی ڕێزو تەقدیربووە، قسەکانی بەهەند وەردەگیرا، ئەمەش باری شاندی حکومەتی یەکجار سووک کردبوو لە دانوستانەکانی لەگەڵ بەغداو ئامانجی دانووستاندنەکەی بەدی هێنا.

٤. مەسرور بارزانی پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسییە دەرەکییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی و ئەوروپی و نێونەتەوەیی خستبووە خزمەت سەرخستنی پڕۆسەی دانووستاندنەکە. هەمیشە لە پەیوەندییەکان و دیدارەکانی لەگەڵ ئەو لایەنانە پێداگری لە پاراستنی ماف و شایستە داراییەکانی گەلەکەی دەکردەوە. لە لایەکیترەوەش داوای دەکرد ئەو وڵاتانە ڕۆڵی خۆیان لە فشار کردن بۆ سەر ئەو لایەنانەی کە ئاستەنگ دەخەنە پێش داووستاندنەکە ببینن. ئەمەش پاڵپشتییەکی گەورەی سیاسی بۆ شاندی حکومەت سەرۆکی شاندەکە دەستەبەر کرد.

٥. مەسرور بارزانی لێهاتووانە توانی ئامانجی گەورەتر لە پشت سەرخستنی دانووستاندن و پەسەندکردنی پشکی هەرێم وەدی بهێنێت، ئەویش بریتی بوو لە پاراستنی کیانی دەستووری هەرێمی کوردستان. ڕێگەی نەدا خەونی ناحەزان چ لە ناخۆ یاخود لە دەرەوە لە هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بێنە دی، چونکە پەسەندکردنی پشکی هەرێم لەسەر واقعی ئێستەی جوگرافی هەرێم بووە؛ نەک لەسەر بنەمای پارێزگاکان.

٦. مەسرور بارزانی توانی لەسەر ئەو بابەتەو بابەتی تریش وەک ناوچە دابڕێنراوەکان، پێگەی مفاوزی کورد لە بەغدا تووند بکاتەوە. پەسەندکردنی پشکی هەرێم و رێککەوتنامەی شەنگال دوو بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن لە سەرکەوتنی دیبلۆماسییەتی جەنابیان لەمەڕ پرسە نیشتیمانی و مافە دەستوورییەکانی گەلەکەی لە هەمبەر بەغداو لایەنە سیاسییەکان. عەرەبیش وته‌نی" والحبل علی جرار".

٧. مەسرور بارزانی لە پەسەند کردنی پشکی هەرێم توانی ڕەوایەتی دەستووری بگێڕتەوە بۆ مەلەفی نەوت و سەربەخۆکردنی؛ ئەمە لە کاتێکدابووە کە هەندی لایەنی سیاسی نێوخۆی و هەندێ پەرلەمانتار تەنانەت لە خودی فراکسیۆنی یەکێتیش داوایان دەکرد کە مەلەفی نەوت بە تەواوی ڕادەستی سۆمۆ و بەغدا بکرێت، دەیان ویست مافی دەستووری بۆ سەربەخۆیی مەلەفی نەوت لە گەلی کوردستان بستێننەوەو بکەوینە بەر بەزەیی ڕق لە دڵەکان و نەیارانی کوردستان، بەڵام حۆشبەختانە کاک مەسرور بارزانی نەیهێشت ئەم خەونەشیان بێتە دی و خۆمان نەوتی خۆمان بە پێی یاسای بودجەی ٢٠٢١ بەشێوەکی سەربەخۆ دەفرۆشین.

رێبوار بابکەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.