Erbil 15°C سێشەممە 21 ئایار 13:00

سه‌رۆکی فراکسیۆنی پارتی: ئێمه‌ وه‌کو نوێنه‌رانی کورد له‌ به‌غدا ئه‌وه‌ی له‌ تواناماندا بوو کردمان بۆ جێگیرکردنی پشکی هه‌رێم

بڕیاره‌ له‌م مانگه‌دا حكوومه‌تی عێراق به‌شه‌ بودجه‌ی ھه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ بكات
کوردستان TV
100%

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند: ئێمه‌ وه‌كو نوێنه‌رانی كورد له‌ به‌غدا، ئه‌وه‌ی له‌ تواناماندا بوو كردمان بۆ جێگیركردنی پشكی ھه‌رێمی كوردستان له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی عێراق بۆ ئه‌مساڵ و په‌سه‌ندیش كرا.

د. ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی راگه‌یاند: دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ په‌رله‌مانی عێراق پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی عێراقی په‌سه‌ند كرد، پشكی ھه‌رێمی كوردستان له‌ 1/1/2021 حیسابه‌ و پێویسته‌ حكوومه‌تی عێراق پشكی ھه‌رێمی كوردستان بۆ ھه‌ر سێ مانگی ڕابردوو ره‌وانه‌ بكات به‌پێی یاسای بودجه‌، كه‌ په‌سه‌ند كراوه‌، چونكه‌ ئه‌و یاسایه‌ بۆ ئه‌مساڵه‌ به‌ تێكڕا، نه‌ك چه‌ند مانگێك.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی گوتیشی: بڕیاره‌ له‌م مانگه‌دا حكوومه‌تی عێراق به‌شه‌بودجه‌ی ھه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ بكات و ئه‌وه‌ی ره‌وانه‌شی نه‌كردووه‌، ئه‌ویش ره‌وانه‌ بكات، بۆیه‌ ئه‌و پرسه‌ له‌ نێوان ھه‌ردوو حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق یه‌كلا ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌پێی یاسای بودجه‌ ده‌بێت، كه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر دراوه‌.

د. ڤیان سه‌بری ده‌شڵێت: پشكی ھه‌رێمی كوردستان له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی عێراق بۆ ئه‌مساڵ، زیاتر له‌  12ترلیۆن دیناره‌ و مانگانه‌ش پشكی ھه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ ده‌كرێت، كه‌ یاساكه‌ بۆ یه‌ك ساڵه‌.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی ئاماژه‌شی دا: ئێمه‌ وه‌كو نوێنه‌رانی كورد له‌ به‌غدا، ئه‌وه‌ی له‌ تواناماندا بوو كردمان بۆ جێگیركردنی پشكی ھه‌رێمی كوردستان له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی عێراق بۆ ئه‌مساڵ و په‌سه‌ندیش كرا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.