Erbil 15°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 20:17

رێککه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا له‌ ئه‌نجامی پشوودرێژی و پێداگیریی سه‌رۆکی حکوومه‌ت بووه‌

کوردستان TV
100%

سیاسه‌توانێك ده‌ڵێت: رۆڵی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا كاریگه‌ر بوو، كاتێك پشوودرێژ و پێداگیریی له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنێك ده‌كرده‌وه‌، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور بێت .

د.دیندار نه‌جمان دۆسكی، سیاسه‌توانی كورد، به‌ باسنیوز-ی رایگه‌یاندووه‌، په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی عێراق چه‌ند ده‌ستكه‌وت بێت بۆ گه‌لی عێراق، هێنده‌ش ده‌ستكه‌وته‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ له‌ گفتوگۆی ئه‌مجاره‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا سه‌ركه‌وتوو بووه‌ و ده‌ستكه‌وتی باشی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت ئه‌گه‌ر بێت و عێراق پابه‌ندی رێككه‌وتن و جێبه‌جێكردنی بێت.

دۆسكی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، ڕێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ كاتێكدا به‌و شێوه‌یه‌ كراوه‌ كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان فشاری زۆری ناوخۆی به‌سه‌ره‌وه‌ بووه‌، “ده‌توانرێ بگوترێ ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ ئه‌نجامی پێداگیری سه‌رۆكی حكومه‌ت كاك مه‌سرور بارزانی بووه‌ كه‌  قبوڵی نه‌كرد ئیراده‌ی گه‌له‌كه‌مان بشكێنن و پێداگیر بوو له‌ سه‌ر مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و وازی لێ نه‌هێنا، له‌ كاتێكدا  لایه‌ن و كه‌سانێك له‌ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئاشكرا ده‌یانه‌ویست هه‌موو شتێك ڕاده‌ستی به‌غدا بكرێت و شتێك نه‌مێنێت به‌ناوی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ شكستیان هێنا.

هه‌روه‌ها ئه‌و سیاسه‌توانه‌ ده‌شڵێت: به‌ڵگه‌ی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌وه‌دابوو كه‌ زۆر لایه‌ن و په‌رله‌مانتاری شیعه‌ ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان نه‌بوون و ده‌نگیان نه‌دا، چونكه‌ پێیان وابوو په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ به‌ قازانجی هه‌رێمی كوردستانه‌ و ئه‌وانیش پێشتر به‌ فشاری ده‌ره‌كی و ناوخۆیی هه‌وڵیان ده‌دا، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌واوی نه‌وت و داهاتی گومرگه‌كانی راده‌ست بكات، به‌ڵام رۆڵی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا كاریگه‌ر بوو، كاتێك پشوودرێژ و پێداگیریی له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنێك ده‌كرده‌وه‌، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور بێت، ئه‌وه‌ش ده‌ستكه‌وتی زۆری بۆ هه‌رێمی كوردستان لێ كه‌وته‌وه‌، كه‌ بێ گومان شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و فراكسیۆن و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش رۆڵی باشیان له‌ سه‌ركه‌وتنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا بینی، كه‌ ئه‌وه‌ش پێمان ده‌ڵێت، به‌ یه‌كێتیی كاركردن، ده‌ستكه‌وتی باشی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

د.دیندار نه‌جمان دۆسكی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ره‌تا و به‌ فشاره‌ ده‌ره‌كی و ناوخۆییه‌كان رێك بكه‌وتبایه‌، ئێستا ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی نه‌ده‌بوو، كه‌ به‌ده‌ستی هێناون و گوتی: سه‌قفی داواكانی لایه‌نه‌ شیعه‌كان، راده‌ستبوونی هه‌رێمی كوردستان بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یبینین له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دا پێچه‌وانه‌یه‌ و سه‌ركه‌وتنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، كه‌ بڕیاره‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كان، روونه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ دراون و به‌ رۆڵێكی كاریگه‌ر به‌رده‌وام بووه‌ له‌ دانوستانه‌كان، تا گه‌یشته‌ ئه‌نجام .

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.