Erbil 15°C سێشەممە 21 ئایار 15:48

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم وەڵامی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەداتەوە

کوردستان TV
100%


 ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم ڕوونکردنەوەیەکی بەرایی لەسەر ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە عێراق دەدات كه‌ لە ڕێککەوتی ٣٠/٣/٢٠٢١، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند کە "نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان میکانیزمێکی کاری هاوبەشی لەگەڵ هاوتا نێودەوڵەتییەکان هەیە و لەوانەش کونسوڵگەری گشتی ئەمریکا لە هەرێم. سەبارەت بەم ڕاپۆرتە، لە مانگی ٩ی ٢٠٢٠ کونسوڵگەری گشتی پرسیارەکانی خۆیان بە نووسینگەی ڕێکخەر دابوو بۆ مەبەستی بەدواداچوون، نووسینگەی ڕێکخەریش بە نووسراوێکی تێروتەسەل ئەو کات وەڵامیدانەوە." هاوکات، ڕایگەیاند کە ئەم لێدوانە بەسەر چەند پرسێکی دیاریکراو ڕادەگات کە لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەیان پێکراوە. ڕوونکردنەوەی تەواو لەسەر ڕاپۆرتەکە بەمزووانە ئامادە دەبێت و نووسینگەی ڕێکخەر بڵاویدەکاتەوە.

سەبارەت بە پرسی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی لەوە کردەوە کە "دەزگاکانی ئاسایش و هەواڵگری لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کاردەکەن. گەرچی لامەرکەزیەک هەیە لە هەندێک بابەت و دەسەڵات بەسەر پارێزگاکان شۆڕکراوەتەوە، بەڵام ئەنجوومەنی ئاسایش سیاسەتی ئەمنی هەرێم دادەڕێژێت و بە تەنیا ئەو لێی بەرپرسە."

ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوە ئاماژە بە نەبوونی هێڵێکی دیاریکراوی دەسەڵات دەکات لە ناوچە جێناکۆکەکان. لەم بارەیەوە، د. دیندار زێباری ڕایگەیاند کە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە، ئەم ناوچانە کەوتوونەتە بەر هەڵمەتی تیرۆرستان و هێزە میلیشیاکان، ئەمەش بۆ نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێم دەگەریتەوە. حکوومەتی هەرێم چەند جار داوای کردووە ئەم بۆشاییە ئەمنیە پڕبکرێتەوە بەڵام بێ ئەنجام بووە. چاوەڕێدەکرا (ڕێککەوتننامەی شنگال) کۆمەکی بەم پرسە بکات، بەڵام تا ئێستا جێبەجێنەکراوە.

لە درێژەی وتەکانیدا، زێباری گوتی کە "وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هێزە خۆجێیەکانی دڵنیاکردۆتەوە کەوا چەکدارانی پەکەکە لە سنجار زیندانی نهێنیان کردۆتەوە و ٧٠ هاووڵاتی ئێزیدیان تێدا بەندکردووە، بەدەر لەوەی ٤٠٠ ژنی ئێزیدیان ڕفاندووە کە تا هەنووکەش بێسەروشوێنن. ڕاپۆرتەکە ئاماژەشی بەوەداوە کە حکوومەتی هەرێم بەرپرسیارەتی ئەمنی لەم ناوچانە نەماوە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە."

لە ڕووی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی، "زۆرینەی زۆری خێزانە  نیشتەجێکان لە هەرێم هێشتا لە خەمی بارودۆخی ئەمنی و تێکدانی ماڵ و حاڵەکانیان لە پرۆسەی ڕزگاریدا ناگەڕێنەوە بۆ ئەم شوێنانە. ئەم نیگەرانیانە لەکۆبوونەوەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای مووسڵ لەشوباتی 2020 دا خراوەتەڕو و تێیدا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە ئەو کەسانە تۆماربکرێن و بەڵگەنامەی لەسەر بکرێت و بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە هەڵسەنگێنرێ و پرۆسەکەش هەماهەنگی هەبێت لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵی و حکوومەتی خۆجێی."

سەبارەت بەو پشێویەی کە لە زاخۆ دا لە 19 ی ئابی 2020 دا کرا، زێباری ڕایگەیاند کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە بە تەواوی پابەندە بە پاراستن و سەرخستنی ئازادی ڕادەربڕین لە ناو خۆپیشاندان و چالاکی مەدەنی دا بە مەبەستی بەرزکردنەوەی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی. لەگەڵ ئەوەشدا ناڕەزاییەکان لە زاخۆ زوو گۆڕدرا بۆ ئاژاوەیەکی دزێو.

ئەو خۆپیشاندانە وا بڕیاربوو کە لەلایەن شۆفێرانی بارهەڵگرەوە بەڕێوەبرێ، کە هەستیان بەوە دەکرد کردنەوەی خاڵی پەڕینەوەی ئیبراهیم خەلیل لەگەڵ تورکیا ڕێگە بە شۆفێرانی تورکیا دەدات کە سەرنشینەکانیان بگەیەندرێنەوە وێستگەکانی ناو هەرێمی کوردستان، ئەوەش هەنگاوێکە کە پێشبینی دەکرا زیان بە کارەکانیان بگەیەنێت.

"لەگەڵ ئەوەشدا پشتڕاستکراوەتەوە کە 61 کەس لە هێزە ئەمنییەکان و 4 هاووڵاتی مەدەنی بریندار بوون. هەروەها 26 ئۆتۆمبێلی پۆلیس و مەدەنی زیانیان پێگەیشتووە، ئەمە جگە لە موڵکی گشتی و تایبەتی دیکە."

ڕاپۆرتەکەی ئەمریکا ئاماژەشی بە دەسەڵاتی دادوەری کردووە، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دووپاتی کردەوە کە لە هەرێمی کوردستان داواکاری گشتی سەربەخۆ و بێلایەنە، کە ئەرکەکەی جێبەجێکردنی یاسایە و چاودێری یاسایی هەموو دەزگاکانی دەوڵەتە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی لە جێبەجێکردنی دادپەروەرانەی یاسا ناوخۆیەکان دەکات، هەروەها پاڵپشتی چەسپاندنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەدات لە دادگاکان. 

لە هەرێمی كوردستان كاری رۆژنامەوانی بەپێی یاسای ڕۆژنامه‌نووسی ژماره‌ (35)ی ساڵی (2007) رێكخراوە، لەم یاسایەدا گشت ئەرك و مافەكانی رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن دیاریكراوە، بەڵام لە هەمان كاتدا ناكرێ پیشەی رۆژنامەنووسی ببێتە هۆكارێك بۆ بەزاندنی ئازادی كەسانی تر و هۆكارێك بۆ نانەوەی پشێوی و ئاژاوە و تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی.

سەدان کەناڵی تەلەفزیۆنی و ڕۆژنامە و ڕادیۆ هەن کە بە ئازادی و سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن. 

سەبارەت بە داخستنی کاتی ئۆفیسەکانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە ساڵی پار، د. دیندار زێباری ئاماژەی بەوەدا کە "کەناڵی ئێن ئارتی لە کەمپەینێک بڵاویکردەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا هیچ مەترسییەکی نیە لەسەر هەرێمی کوردستان. لەم بارەدا، وەزارەتی ڕۆشنبیری چەند ئاگاداریەکی ئاراستەى کەناڵەکە کرد کە ئەم جۆرە لێدوانانە ڕابگرن سەبارەت بەوەى کە ڤایرۆسەکە بوونی نیە لە هەرێمی کوردستان، ئەگەرنا ژیانی هاووڵاتیان دەخاتە مەترسی. دوا ئاگاداری کە ئاراستەى کەناڵەکە کراوە لە رێکەوتی ٣/٦/٢٠٢٠ بوو. کە تێیدا ئاماژە بەو دۆخە مەترسیدارەی هەرێمی کوردستانی تێدایە کراوە، و ئاماژە بە رێکارەکانی خوپارێزی لە کۆرۆنا دەکات. کەچی لە نامەى ئاگادارکردنەکە هاتبوو کە کەناڵی ئێن ئار تی هیچ پابەندنیە بەم رێکارانەى کە وەزارەتی ڕۆشنبیری دەریکردبوو."

بۆیە لە نوسراوی ئاگادارکردنەوەکەدا جەخت لەوە کراوە کە ئێن ئاڕتی سەرپێچی ئەو ڕێنماییانەی کردووە کە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان دەریانکردووە. "هەرچۆنێک بێ، کەناڵەکە مۆڵەتەکەی لێ وەرنەگیراوە، و تەنها ئۆفیسەکانیان بەشێوەیەکی کاتی ڕاگیران سەرەڕای ئەوەش هیچ پەیامنێرێکی ئێن ئاڕ تی دەستبەسەر نەکرا"، زێباری ڕوونیکردەوە. 

لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دووپاتیکردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواو پابەندە بە حوکمی یاسا و بە پرۆسەی یاسایی دادپەروەرانە و بێلایەن و بۆ ئازادی ڕاگەیاندن. حکوومەت لە ئێستادا لەگەڵ هاوتا نێودەوڵەتییەکان کار دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی هەرێمی کوردستان باشترین پراکتیزەی مافی مرۆڤ دەکات بە گوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەتی سەبارەت بە ئازادی ڕاگەیاندن.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵیداوە بۆ پاراستن و بەرزکردنەوەی مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی جەنگی دژ بە تیرۆر و دوای جەنگی دژی تیرۆر، پەناگەی ئارام بۆ ئاوارەکان و پەنابەران دروست بکات، سەرەڕای ئەو قەیرانە ئابورییە توندە و مەترسی نزیکی داعش. هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان نموونەی بەرجەستەکردنی بنەما دیموکراتییەکانی حوکمڕانی باش، شەفافیەت، ئازادی ڕادەربڕین، یەکسانی ڕەگەزی و مرۆڤدۆستی، لە عێراق و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشانداوە.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.