وابڕیاره ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه لیژنه‌ی باڵای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا كۆده‌بێته‌وه و وه‌زیری ته‌ندروستیش ئومێده‌واره رێكاره‌كان توندتر بكرێن .
دوێنێ سامان به‌رزنجی ،وه‌زیری ته‌ندروستی ھه‌رێمی كوردستان له میانی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری پێدانی ڤاكسین له نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری له شاری ھه‌ولێر، رایگه‌یاند "ژماره‌ی تووشبووان به ڤایرۆسی كۆرۆنا له به‌رزبوونه‌وه‌دایه و له دۆخێكی مه‌ترسیدارداین، سبه‌ی سێشه‌ممه لیژنه‌ی باڵای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا كۆده‌بێته‌وه و راسپارده و پێشنازه‌كانمان ده‌خه‌نه‌ڕوو، ئومێد ده‌كه‌ین رێكاره‌كان توندتر بكرێن، له‌ئێستاشه‌وه له كۆبوونه‌وه‌ی ژووره‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی ھه‌ندێك پارێزگاكان بڕیاری نوێیانداوه".
سامان به‌رزنجی سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری راگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی ھاتوچۆ گوتی: "له سه‌ره‌تادا رێكاره‌كان توندتر ده‌كرێن، پێش ئه‌وه‌ی بگه‌ینه قۆناغی قه‌ده‌غه‌ی ھاتوچۆ ئه‌وا رێكاری دیكه ھه‌یه، ده‌مانه‌وێت رێكاره‌كان كاریگه‌ری نه‌بێت له‌سه‌ر كار و گوزه‌رانی خه‌ڵك، ئومێد ده‌كه‌ین ھاووڵاتییان پابه‌ند و پاڵپشت بن و له ھه‌ر دۆخێكیشدا بڕیاری پێویست به ره‌وشه‌كه ده‌ده‌ین".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.