Erbil 14°C سێشەممە 24 کانونی یەکەم 15:22

هونه‌رمه‌ند عه‌لی عابدی خاوه‌نی سروودی "به‌ته‌نیا جێم مه‌هێڵن" 

کوردستان TV
100%

هونه‌رمه‌ند عه‌لی عابدی له‌ رۆژی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌(16-3-1988) له‌ تاران ده‌بێت و ته‌نها له‌ رێگای رادیۆ گوێ بیستی هه‌واڵی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌بێت ، دواتر بڕیار ده‌دات بگه‌ڕێته‌وه‌  بۆ شاری سه‌قز  و له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی بڕیاری ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن سروودێك له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌ بۆ باشووری بریندار بنووسن.
بۆیه‌ هونه‌رمه‌ند عه‌لی عابدی  مانگێك پاش  مه‌رگه‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ سروودی   "به‌ته‌نیا جێم مه‌هێڵن" گووتوه‌، كه‌ تێكسته‌كه‌ی هی شاعیری (ره‌فیق سابیر)-ه‌. 
له‌م باره‌یه‌وه‌ عه‌لی عابدی پێی وایه‌ هیچ شتێك ناتوانێت وێنای ئازاری هه‌ڵه‌بجه‌ بكات و ده‌ڵێت: "ته‌واوی رووباڕه‌كانی كوردستان بكه‌ین به‌ سیمفۆنی وه‌ڵامی قه‌تره‌یه‌ك خوێنی شه‌هیدان ناداته‌وه‌".
عه‌لی عابدی شاعیر، ئاوازدانه‌ر و نووسه‌ر و ژه‌نیار و توێژه‌ری موزیك، ساڵی  (1970ی زایینی) له‌ شاری سه‌قز له‌ ڕۆژھه‌ڵاتیی كوردستان له‌دایك بووه‌ و ساڵی  (1985ی زایینی)یه‌وه‌ به‌ شیعر و شاعیری چالاكی خۆی ده‌ست پێ كردووه‌ و دوای ساڵێك به‌ھۆی زه‌وق و به‌ھره‌ی له‌ بواری موزیكدا وه‌ك میوزیكزانێكی به‌ توانا ھاتووه‌ته‌ مه‌یدانی ھونه‌ره‌وه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا توانیویه‌تی چه‌ندین گۆرانی و سروودی نیشتمانی به‌ناوبانگ بخولقێنێ.
سروودی "به‌ته‌نیا جێم مه‌هێڵن"
تێكست: ڕه‌فیق سابیر     ئاواز: عه‌لی عابدی

به‌ ته‌نیا جێ مه‌هێڵن ئه‌م شه‌و زریان ده‌مچێنێ
ته‌م و مژ دام ده‌پۆشێ مانگه‌ شه‌و ده‌م ڕفێنێ

كێ ده‌یزانی مه‌لی نه‌ ئاوا ده‌تان تارێنن
باڵی هه‌زارتان ده‌برن شارێكتان ده‌خنكێنن
كێ ده‌یزانی به‌هاریش شه‌خته‌ و زریان ده‌هێنێ
چاوی لێمان داده‌خا چرووكان ده‌وه‌رێنێ
به‌ ته‌نیا جێ مه‌هێڵن ئه‌م شه‌و زریان ده‌مچێنێ
ته‌م و مژ دام ده‌پۆشێ مانگه‌ شه‌و ده‌م ڕفێنێ

كێ ده‌یزانی كه‌ ئاوا ته‌ناف هه‌ڵخه‌ن بۆ شارێ
ده‌ستی شه‌قامیش ببرن كۆڵان بده‌ن له‌ دارێ
لاوێكی شه‌رمێون بووم مێشكم ده‌درا به‌ ماران
ئێستاش كه‌ پیر و ماندوم ده‌رم ده‌كه‌ن له‌ شاران
به‌ ته‌نیا جێ مه‌هێڵن ئه‌م شه‌و زریان ده‌مچێنێ
ته‌م و مژ دام ده‌پۆشێ مانگه‌ شه‌و ده‌م ڕفێنێ

كێ ده‌یزانی كه‌ ڕۆژێ من ده‌كرێم به‌ گۆرانی
ده‌مه‌و به‌هار دێمه‌وه‌ ده‌چمه‌ نێو ئاوی كانی
گه‌رووم به‌ گزینگ ته‌ڕ كه‌ن زامه‌كانم به‌ شیلان
به‌ گۆرانی دام پۆشن یا به‌ سه‌وزی دارستان
به‌ ته‌نیا جێ مه‌هێڵن ئه‌م شه‌و زریان ده‌مچێنێ
ته‌م و مژ دام ده‌پۆشێ مانگه‌ شه‌و ده‌م ڕفێنێ
 

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.