شاندێكی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بەسەر پەرشتی بەرەڤان حەمدی بریكاری وەزارەت سەردانی دەستەی لێكۆڵینەوەو كۆكردنەوەی بەڵگەكان و چارەسەركردنیان كرد (هیئه التحقیق و جمع الإدله و المعالجه) لەشاری دهۆك.
لەلایەن حاكم ئەیمەنی سەرۆكی دەستەو فەرمانبەرانی فەرمانگەكەوە بە گەرمی پێشوازی كران، لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ سەرۆكی دەستە، شاندەكەی وەزارەت دەستخۆشیان لە كارەكانی ڕابردوویان كرد لە لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوە و شیكردنەوە و ئەرشیف كردنی بەڵگەو ڕووداوو تاوان و كۆمەڵكوژی و جینۆسایدی ئێزدییه كان به دەستی داعش بە شێوازێكی باڵای زانستی و یاسایی، لەپاش به سەرکردنەوەی بەشەکانی دەستەکه و شێوازی بەکارهێنانی داتاو زانیارییەکان و تۆمارکردنیان لە داتابێسی ئهلیكترۆنی و پەراوی.
شاندەکەی وەزارەت کۆی پرۆسەکەیان بە سەرەتایەکی زانستی باش و بەهێز لەقەڵەمدا بۆ بەكارهێنانی ئەو بەڵگە و دۆکیۆمێنتانە لەداهاتوودا لە دادگا نێودەوڵەتییەكان بۆ خزمەت كردنی ئەو كەیسە مرۆیی و یاساییە و بە سزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی بەپێی یاساو ڕێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكان.
لەکۆتاییدا هەموو پشتگیری و پشتیوانیەکی وەزارەتیان بۆ سەرۆکی دەستەو ئیش و کارو خزمەتەکانی دەستەکەیان دووپات کردەوە و جەخت لەسەر هەماهەنگی زیاترکرایەوە لەگەڵ دەستەی باڵای جینۆساید و (یونیتاد)و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ خواستن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.