Erbil 10°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 20:56

سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان به‌بۆنه‌ى کۆتاییهاتنى سه‌ردانى پاپا په‌یامێکی بڵاوکرده‌وه‌

کوردستان TV
#7
100%

به‌رێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌بۆنه‌ى كۆتاییهاتنى سه‌ردانى پاپا په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌، رایگه‌یاند: زۆر سوپاسى هه‌موو پێكهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌یییه‌كانى كوردستان ده‌كه‌م.

ده‌قی په‌یامی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان:

به‌ ڕێز و پێزانینێكى گه‌وره‌وه‌ له‌ سه‌ردانه‌كه‌ى قه‌داسه‌تى پاپا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانین كه‌ وێڕاى ناله‌باریى دۆخه‌كه‌، سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى سه‌ردانه‌كه‌ى. پڕ به‌ دڵ‌ سوپاسیان ده‌كه‌م. ستایشى قه‌داسه‌تیان بۆ كولتوورى پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى له‌ كوردستان مایه‌ى سه‌ربه‌رزى و شانازیمانه‌.

زۆر سوپاسى هه‌موو پێكهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌یییه‌كانى كوردستان ده‌كه‌م كه‌ به د‌ڵگه‌رمییه‌كى زۆره‌‌وه‌‌ به‌شدارییان له‌ ڕێوڕه‌سمى پێشوازى و میوانداریكردنى قه‌داسه‌تى پاپادا كرد، به‌تایبه‌تى به‌ڕێزان مامۆستایان و كه‌سایه‌تیى ئایینیى موسڵمان و هه‌موو ئایین و ئایینزاكانى دیكه‌ى كوردستان و عێراق. ئه‌وان وێنه‌یه‌كى جوانى شارستانیى ڕه‌سه‌ن و ڕاسته‌قینه‌ى پێكهاته‌كانى گه‌لى كوردستان و كولتوورى لێبورده‌یى و پێكه‌وه‌ژیان و برایه‌تییان نیشانى هه‌موو جیهان دا. ‌

بۆ تیمارى زامه‌كانى جه‌نگ و توندتیژى له‌ عێراق، هه‌روه‌ك له‌ قوداسى هه‌ولێردا قه‌داسه‌تى پاپا گوتیان چاره‌سه‌ر “ته‌نها لێبورده‌یى و به‌خشنده‌یى و میهربانییه‌ كه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ش خواستى خوایه‌ له‌ مرۆڤه‌كانى. ڕاسپارده‌ى یه‌زدان بۆ ئێمه‌ بوونى دڵیكى بێگه‌رده‌، بێگه‌رد له‌ كینه‌، بێگه‌رد له‌ دووبه‌ره‌كى و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و ئاره‌زووى تۆڵه‌كردنه‌وه‌”، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ تونڕۆیى و تۆڵه‌كارى وه‌ك قه‌داسه‌تیان فه‌رموویان “له‌ گێژاوێكى بێكۆتاییدا نغرۆمان ده‌كات”.

ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیرى له‌ په‌یامى قه‌داسه‌تیان بۆ ئاشتى، لێبورده‌یى، پێكه‌وه‌ژیان، یه‌كترقبووڵكردن، سڕینه‌وه‌ى ڕقوكینه‌، توندڕه‌وى، تیرۆر و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ ده‌كه‌ین. ئه‌و چه‌مك و به‌هایانه‌‌ بنه‌ماى سه‌‌ره‌كیى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانن و وه‌ك هه‌میشه‌ پارێزگارییان لێده‌كه‌ین. هیوادارم له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستانیش به‌ گیانى ئه‌و په‌یام و به‌هایانه كێشه‌ و ناكۆكییه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.

سوپاسى هه‌ماهه‌نگیى نێوان حكوومه‌تى فیدراڵى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و هه‌موو ئه‌و لایه‌نه په‌یوه‌ندارانه‌ ده‌كه‌م كه‌ وایانكرد ئه‌و سه‌ردانه مێژوویییه‌ له‌ ئاستێكى به‌رزدا له‌ڕووى پرۆتۆكۆلى و ڕێكخستن و ئاسایشه‌وه‌، شایسته‌ و به‌ ڕێكوپێكى به‌ڕێوه‌ بچێت.‌

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

8/3/2021

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.