له 7/3/1991 له چوارچێوه‌ی به‌رخودانی پیرۆزدا، جه‌ماوه‌ری شاری سلێمانی راپه‌ڕین و ئاگری ڕقی چه‌ند ساڵه‌یان به سه‌ر ئه‌و ده‌زگایانه‌دا داباراند، كه چه‌ندین ساڵ بوو به ئاگرو ئاسن رۆڵه به‌جه‌رگه‌كانی ئه‌و شاره‌یان سه‌ركوت ده‌كرد، له رۆژێكی وه‌كو ئه‌مڕۆی ئه‌و ساڵه‌دا شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی راپه‌ڕی و هه‌ر له به‌یانییه‌كی زووه‌وه ده‌سته ده‌سته جه‌ماوه‌ری خۆڕاگر له‌یه‌كتری نزیك ده‌بوونه‌وه‌ٍ و نه‌خشه‌یان بۆ هه‌ڵمه‌ت بردنه سه‌ر دامووده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌كان داده‌ڕشت و هه‌روه‌كو هه‌موو جارانی تر سلێمانی هه‌ر ته‌نیا چریسكه‌یه‌كی به‌س بوو ئیتر راپه‌رینێك به‌رپا بوو كه تۆڵه‌ی ده‌یان و سه‌دان ساڵ ژێرده‌سته‌یی و چه‌وساندنه‌وه‌ی رۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌مانی له رژێمی له ناوچووی به‌عس سه‌نده‌وه، تا نیوه‌ڕۆی ئه‌و رۆژه زۆربه‌ی ده‌زگا سه‌ربازی و داپڵۆسێنه‌رو تۆقێنه‌ره‌كانی به‌عسی له‌ناوچوو كه‌وتنه ده‌ستی جه‌ماوه‌ر و تا ئێواره سلێمانی ئازاد كرا و پاك كرایه‌وه، ته‌نیا بینای ئه‌منی سلێمانی مایه‌وه كه رزگاربوونی كه‌وته رۆژی دواتر، به‌ڵام له‌و رۆژه پیرۆزانه‌دا هیچ شتێك له به‌رده‌م ڕقی جه‌ماوه‌ردا خۆی نه‌ده‌گرت، هه‌رچه‌نده سه‌رله ئێواره چه‌ند كۆپته‌رێك له سنوری شاره‌كه نزیك كه‌وتنه‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر به‌رگری پێشمه‌رگه و جه‌ماوه‌ر نه‌یانتوانی بێنه سه‌ر شاره‌كه و گه‌ڕانه‌وه، بۆ رۆژی دواتر پێشمه‌رگه و جه‌ماوه‌ر له چه‌ند ساتێكی كه‌مدا، دوا قه‌ڵای زۆرداری ناو شاری سلێمانیان پاك كرده‌وه، كه ئه‌منه سووره‌كه بوو، ئه‌و ئه‌منه سووره‌ی دواتر بووه نیشانه‌یه‌ك بۆ زوڵم و فاشێتی رژێمی به‌عسی له‌ناوچوو، به‌كه‌وتنی ئه‌منه سووه‌ركه و كوژرانی سه‌رانی رژێم له ناو شاری سڵێمانیدا كه خۆیان له‌وێ ته‌نی بوو، ته‌واوی شاره‌كه كه‌وته ده‌ستی گه‌له‌وه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.