شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، جەختى لە پێویستیى چاکسازیى ڕیشەیى و خێراترکردنى پرۆسەکە و ڕێکخستنەوە لەناو ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستاندا کردەوە، بەتایبەتى لە دۆخى ئێستاى کوردستاندا کە بەرامبەر بە پێشهاتەکان، تەبایى و یەکڕیزى دەخوازێت، هەروەها سوپاس و پێزانینی ھێزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی ھەرێمی کوردستانی بۆ ئەڵمانیا دەربڕى و بەردەوامیى هاوکارى و پشتگیریى ئەڵمانیاى بۆ هەرێمى کوردستان بە گرنگ و پێویستی زانی.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/٣/١، جێگرى سەرۆک لە دیدارێکدا لەگەڵ کلێمنس سێمتنار کونسوڵى گشتیى ئەڵمانیاى فیدراڵ، پەیوەندییەکانى ئەڵمانیا و ھەرێمی کوردستان، پڕۆسەی چاکسازی لەناو ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستاندا، دۆخى ناوچەکانى مادەى 140 کە بەهۆى دروستبوونى بۆشاییى ئەمنییەوە جموجووڵەکانى داعش تیایاندا بوونەتە مەترسییەکى گەورە، گرنگیى هاوکارى و هەماهەنگیى نێوان سوپاى عێراق و پێشمەرگە و دوایین پێشهاتەکانى گفتوگۆى هەولێر ـ بەغدا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانیان، تاوتوێ کرد.
کونسوڵى گشتیى ئەڵمانیا، وێراى دووپاتکردنەوى سوپاس و پێزانینى وڵاتەکەى بۆ ڕۆڵى هەرێمى کوردستان لە بەرەنگابوونەوەى تیرۆر و تێکشکاندنى داعش، بەردەوامی پشتیوانیی ئەڵمانیاى بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، هەروەها هەردوولا باسیان لە ڕاهێنان و مەشقپێکردنی پێشمەرگە و هاوکارییە مرۆیى و سەربازى و پزیشکییەکانى ئەڵمانیا بۆ هەرێمى کوردستان و تەواوبوونی نەخۆشخانەی ڕووبەربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.