وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایدهگهێنێت: كاركردن لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بەردەوامە و تا ئێستاش نزیكەی %10ی كارەكانی تەواوكراون و سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانیش بەردەوام چاودێریی كارەكانی ئەو پرۆژە گرنگە دەكات و لەگەڵ باشبوونی كەشوهەواش كارەكانی تەواوكردنی شەقامەكە باشتر بەڕێوەدەچن.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژە بە بەردەوامی كاركردن لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دەكات و دەڵێ: كاركردن لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بەردەوامە و بەگوێرەی خشتەی بەرەوپێشچوونی كارەكان، تا ئێستا نزیكەی %10ی كارەكانی جێبەجێكراون و سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانیش بەردەوام چاودێریی كارەكانی ئەو پرۆژە گرنگ و ستراتیژییەی سلێمانی دەكات.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژە بە سەختی شوێنی دروستكردنی شەقامەكە دەكات و دەڵێ: تۆپۆگرافیای ئەو شوێنەی كە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لێ جێبەجێ دەكرێت، تۆپۆگرافیایەكی تارادەیەك سەختە و هێشتا كاركردن لێی لە قۆناغی خۆڵكاری و بڕین و پڕكردنەوە و جێبەجێكردنی كارە كۆنكرێتییەكاندایە.
ساسان عەونی لەبارەی كاریگەرییەكانی كەشوهەوای باراناوی و بەفربارین لەسەر پرۆسەی بەڕێوەچوونی كارەكانی شەقامەكە ئاماژه بۆ ئهوهش دهكات: ئەو چوار مانگەی كە وەرزی زستان بوو، بەهۆی باران و بەفر و سەختی كەشوهەواوە تارادەیەك بەربەست لەبەردەم زیاتر بەرەوپێشچوونی كارەكان دروست بوو، لەگەڵ خۆشبوونی كەشوهەوادا لە وەرزی داهاتووەوە كارەكانی تەواوكردنی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بەشێوەیەكی باشتر بەرەو پێش دەچن.
دانانی ههواڵ - شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.