ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا كۆبووهوه ڕاگهیندراوێكی بڵاوكردهوه، لەکاتژمێر (12)ی ئەمشەو دەچێتە بواری جێبەجێکردن.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەمە 2021.2.24، بهسهرپهرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی ئەندازیار عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆن، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەدیوانی پارێزگا کۆبووە و کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:-
یەکەم/ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە پابەندبوون بە بەیانی ژمارە (7)ی ساڵی 2021ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم بڕگەکانی، داوا لەهاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکات، لەپێناو سەلامەتی خۆیان و ئازیزانیان بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا بن و (دەمامک)ببەستن، هەر هاوڵاتییەک ڕەچاووی بەستنی (دەمامک) و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەکات، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە و بەپێی بڕگەی چواردەیەمی بەیانی ژمارە (52)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان سزا دەدرێت.
دووەم/ یاد و بۆنە نهتهوهیی و نیشتیمانییەکانی ئادار بهرز و پیرۆز رادهگیرین بهبێ ئهوهی هیچ گردبوونهوه و كۆبوونهوهیهكی جەماوەری بەم بۆنانەوە ئهنجام بدرێت.
سێیەم/ ههموو چالاكی و خولەکانی وهرزشیی و تۆپی پێ بهبێ ئامادهبوونی جەماوەر له یاریگاكان بەڕێوەدەچێت، هەر یانەیەکی وەرزشی و تیپێک، سەرپێچی ئەو بڕیارە بکات ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.
چوارەم/ هەموو ئەو شوێنانەی کە کراوەن، (مۆڵ، مارکێت، شوێنە بازرگانییەکان، بازاڕ، چێشتخانه)، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن لەبەستنی (دەمامک، دووری مەودای نێوان هاوڵاتییان، دروست نەکردنی قەرەباڵغی، دانانی هێمای نۆرەی هاوڵاتییان لەسەر زەوی بەتایبەتی لە مۆڵ و مارکێت و پێشوازی هۆتێل و مۆتێلەکان)، ههرشوێنێك پابەند نەبێت بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)، لێژنەی قائمقامیەتەکان، تیمەکانی تەندروستی، شارەوانی، چاودێری بازاڕ، هێزە ئەمنییەکان ڕاسپێردراون، دهستبهجێ شوێنەکە دادەخەن.
پێنجەم/ داوا لەسەرجەم مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکارانی ئازیزی سنووری پارێزگاکەمان و کەس و کارەکانیان دەکەین، بۆ پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی خێزانەکانیان، لەکاتی چوونی ڕۆڵەکانییان بۆ قوتابخانە و خوێندنگاکان ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن و (دەمامک) ببەستن.
شەشەم/ داوا لەمامۆستایان و پیاوانی ئاینی و یەکێتی زانایانی ئاینیی پیرۆزی ئیسلام دەکەین، هەروەک چۆن لە ڕابردوودا هاوکارمان بوونە، بەهەمانشێوە هاوکارمانبن بۆ هۆشیارکردنەوەی نوێژخوێنان کەپابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکانبن و بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە نوێژخوێنان نەدەن بەبێ بەستنی (دەمامک) بڕۆنە ناو مزگەوت و شوێنە ئاینییەکان و بردنی منداڵان بۆ ناو مزگەوت قەدەغەبکەن.
حەوتەم/ سەرجەم فەرمانبەرانی فەرمانگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ئاگادار دەکەینەوە دەبێت (دەمامک) ببەستن، هەر فەرمانبەرێک لەکاتی دەوام (دەمامک) نەبەستبێت، رێکاری کارگێری لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر، هەروەها هیچ هاوڵاتییەک بۆی نییە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانی بەبێ بەستنی (دەمامک) بچێتە ناو هیچ فەرمانگەیەک.
هەشتەم/ ئەم شوێنانە لەکاتژمێر 12ی شەو دادەخرێن:-
یانەکانی شهوانه، یانهكانی مهی خواردنهوه (باڕ)
نۆیەم/ ئەم شوێنانە بەداخراوی دەمێننەوە:
(هۆڵهكانی بووك گواستنهوه، ئاهەنگی شەوانە، لایف موزیک لەیانە و هۆڵەکان، ههموو جۆرە گردبوونەوە و کۆنفرانس و کۆبوونەوەیەک)
دەیەم/ پرسەدانان لە (هۆڵ-ماڵ-ژێرخێوەت) و مەراسیمی سەرقەبران قەدەغەیە، بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەک بەرپرسیارن، هەرکەسێک پابەندنەبێت، ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر و بەپێی بڕگەی حەوتەمی بەیانی ژمارە (7)ی ساڵی 2021ی وەزارەتی ناوخۆ پێبژاردنی پێدەکرێت.
یازدەهەم/ هۆشداری دەدەینە سەرجەم شۆفێرانی (تایبەت، بارهەڵگر، کرێ) لەکاتی هەبوونی سەرنشین لەگەڵیاندا پابەندی ڕێناماییە تەندروستییەکانبن و خۆیان و سەرنشینەکانیان (دەمامک) ببەستن، هەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆ ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەریدا دەگیرێتەبەر.
دوازدەهەم/ خوانەخواستە ئەگەر ههر كاتێك بارودۆخهكه لهڕووی تهندروستییهوه ئاڵۆز بوو، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ، کۆدەبێتەوە و بڕیاری پێویست دهدات.
ئەم بڕیارانە لەکاتژمێر (12)ی ئەمشەو (24) لەسەر(25)ی2/2021، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
2021.2.24
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.