ئێمه كه‌مینه‌ین به‌ڵام ئه‌رمه‌نین
ده‌زانیین چۆن خزمه‌تی كه‌سانی دیكه بكه‌ین
هه‌روه‌ها له‌چۆنیه‌تی گۆڕان به‌ره‌و شمشێریش ده‌زانین
تا له‌هه‌ناوی ئه‌وانه‌ی گیركهین كه دژایه‌تیمان ده‌كه‌ن
ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه سه‌ره‌تای چامه‌یه‌كی ناوداره له‌ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخی ئه‌رمه‌نی. سیڤاك دایڕێشتووه و تێیدا له‌زوخاوی قه‌تل و عامی ساڵی 1915 ی گه‌له‌كه‌ی له‌لایه‌ن عوسمانییه‌كان هه‌ڵچووه. شاعیر له‌و به‌رهه‌مه‌دا زۆر به‌لێزانی رابردوو و ئایینده‌ی خاك و خوێن و ژیانه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌ی و بابه‌ته‌كانی دیكه‌ی وه‌ك ژیان و خۆشه‌ویستی ئاوێتهكردووه. بۆیه ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی له‌سه‌ر زاری هه‌موو ئهرمهنییهكه. ناوبراو وه‌ك شاعیر و وه‌رگێڕ و ره‌خنه‌گری ئه‌ده‌بی، به‌دیارترین ده‌نگی شیعری هاوچه‌رخی ئه‌رمه‌نی داده‌نرێ. وه‌ك شاعیرێكی نوێخواز، وێنه شیعرییه‌كانی كه له‌نێوان داستانی و مێژوویین، له‌ته‌كنیكی شیعری نوێ هه‌ڵیهێنجاوه. زۆربه‌شیان ره‌نگدانه‌وه‌ن بۆ ئازاره‌كانی گه‌ل. به‌تایبه‌تیش له‌و سته‌مه گه‌وره‌یه‌ی كه به‌ناوی قه‌سابخانه‌ی ئه‌رمه‌نییه‌كان له‌لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه ناسراوه.
بارۆیهر گازاریان Barouyr Ghazarian ی ناسراو به پارویهر سیڤاك Paruyr Sevak رۆژی 24 ی كانونی دووه‌می ساڵی 1924 له‌خێزانێكی جوتیاری گوندی تشانختشی هه‌رێمی ئاراراتی ئه‌رمینای یه‌كێتی سۆڤیه‌تی ئه‌وسا هاته‌دونیا. دواتر له‌به‌ر ئه‌و، ناوی ئه‌و گونده گۆڕا به سیڤاگاڤان و ئێستاش زانگاكاتونی پێده‌ڵێن. سیڤاك تاقانه بوو، باوكیشی گرنگی زۆری پێدا. ساڵی1930 خرا به‌ر خوێندن. هه‌ر زووش به‌هره‌ی هۆنینه‌وه‌ی شیعری لێده‌ركه‌وت. دوای ئه‌وه‌ی قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی ته‌واوكرد، ساڵی 1940 چووه كۆلیژی مامۆستایانی زانكۆی یه‌ریڤان. ساڵی 1942 یه‌كه‌م چامه‌ی لهڕۆژنامهیهك بڵاوكرده‌وه. ئه‌وسا له‌به‌ر خۆشه‌ویستی و سه‌رسامبوونی به (روبین سیڤاك) ی شاعیری گه‌وره‌ی ئه‌رمه‌نی كه لهكۆمهڵكوژییهكهی ئاماژه‌مان پێدا له‌ناوچووبوو، ناوی سیڤاكی وه‌ك نازناو به‌كارهێنا و له‌و ساوه به‌و ناوه به‌رهه‌مه‌كانی بڵاوكردهوهو پێی ناسرا.
ساڵی 1945 دوای ته‌واوكردنی خوێندنی زانكۆی یه‌ریڤان، له‌په‌یمانگه‌ی مانوك ئابیجیانی ئه‌كادیمیای ئه‌رمه‌نی بۆ زانست، له‌ئه‌ده‌بی ئه‌رمه‌نی سه‌رقاڵی خوێندنی باڵا بوو. ساڵی 1948 دیوانی (نه‌مران فه‌رمان ده‌كه‌ن Immortals Command) ی بڵاوكرده‌وه. كه تێیدا دڵه‌ڕاوكه‌ی خۆی سه‌باره‌ت به‌و قۆناغه‌ی ژیان نیشانداوه. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا له‌گه‌ڵ مایا ئاڤاجیان هاوسه‌رگیری كرد. هاوكات وه‌ك نووسه‌ر لهڕۆژنامهكان بابه‌تی بڵاوده‌كرده‌وه. ساڵی 1951 بۆ خوێندن له په‌یمانگه‌ی مه‌كسیم گۆرگی بۆ ئادابی جیهانی، چووه مۆسكۆ. له‌وێدا به‌خاتوو (نیللی میناجاریشڤیلی) گه‌یشت دواتر، هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ئه‌ویش كرد. ساڵی 1953 دیوانی (پێوه‌ندی سۆزدارانه كه ناكرێت به‌یه‌كه‌وه بگونجێ Uncompromising Intimacy) و ساڵی دواتریش دیوانی (رێگه‌ی خۆشه‌ویستی Love Road) ی بڵاوكرده‌وه. ساڵی 1955 له په‌یمانگه‌ی گۆرگی خوێندنی به‌كۆتا گه‌یاند. ساڵی 1957 دیوانی (جارێكی دیكه له‌گه‌ڵ تۆ) ی بڵاوكرده‌وه. له‌و ساوه تا ساڵی 1959 له شاری مۆسكۆ به‌وه‌رگێڕانی بابه‌ته ئه‌ده‌بییه‌كان خه‌ریكبوو. هاوكات چامهكانیشی له‌ڕۆژنامه ئه‌رمه‌نییه‌كانی سۆڤییه‌ت بڵاوده‌كرده‌وه. دواتر گه‌ڕاوه یه‌ریڤان و داستانه چامه نیشتیمانییه ناوداره‌كه‌ی (زه‌نگه‌كه‌ی بێده‌نگ نابێ The Unsilenceable Belfry) ی بڵاوكرده‌وه. له‌و به‌رهه‌مه‌دا به‌ته‌واوی لهچوارچیوه و فۆرمی شیعری كلاسیكی ئه‌رمه‌نی ده‌رچووه. له‌هه‌ردوو بواری ستایل و بونیاد دا رێگای نوێخوازی گرتووه. هه‌روه‌ها به‌ناو بابه‌ته‌كانی بونگه‌رایی رۆچووه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پارێزگاریی له‌پرسی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردووه. ناوه‌رۆكی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی لهزامه تاڵه‌كانی قهسابخانهكه وه‌رگرتووه و له‌وه‌شدا به‌وردی چۆته ناو ژیانی (كۆمیتاس ڤێرداپیت Komitas Vardapet) ی میوزیكاری ئه‌رمه‌نی و چاره‌نووسه ره‌شه‌كه‌ی. به‌بۆچوونی خۆشی نووسین له‌باره‌ی كۆمیداس نووسینه له‌باره‌ی گه‌لی ئه‌رمه‌نی بهخۆشییهكان و ناخۆشیهكانییهوه. به‌رابردوو و ئاینده‌یه‌وه. هه‌روه‌ها له رێگه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ش په‌رده‌ی له‌سه‌ر پرسی نیشتیمانی دزراو هه‌ڵماڵیوه و بڕواشی به‌وه‌بووه رۆژێك دادێ ئازاره‌كان كۆتاییان پێدێت.
ساڵی 1963 وه‌ك توێژه‌ر له‌په‌یمانگه‌ی (مانوك ئابیجیان) ی ئاداب دامه‌زرا. هاوكات دیوانی (مرۆڤ له‌ناو ده‌ستدا Man in a Palm) ی بڵاوكرده‌وه. له‌و به‌رهه‌مه‌دا ناز و سۆزی دایك به‌رجه‌سته‌یه. وه‌ك چۆله‌كه مرۆڤی له‌ناو په‌لی مرۆڤ ئاخنیوه تاكو له‌گه‌ڵیدا واتاكانی خۆشه‌ویستی و جوانی و هیوا لێكداته‌وه. له‌ڕووی ستایلیشه‌وه له‌و به‌رهه‌مه‌ش له‌ڕێسا كلاسیكیه‌كان ده‌رچووه و ئاسۆی نوێی له‌به‌رامبه‌ر شیعردا كردۆته‌وه. ساڵی 1966 به‌سكرتێری ئه‌نجومه‌نی یه‌كێتی نووسه‌رانی ئه‌رمه‌نی دیاریكرا، تا كۆتایی ژیانیشی له‌و پایه‌یه ماوه. ساڵی دواتر له‌ئه‌نجامی ئاماده‌كردنی تێزێك له‌باره‌ی (سیات نۆڤا) ی شاعیر و میوزیككاری ناوداری ئه‌رمه‌نی كه یه‌كێك بوو له سیمبوڵه‌كانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه له سه‌ده‌ی هه‌ژده، دكتۆرای به‌ده‌ستهێنا. ساڵی 1968 له‌ئه‌نجومه‌نی باڵای سۆڤیه‌تی ناو كۆماری ئه‌رمینیای سۆشیالیستی سۆڤییه‌تی، وه‌ك ئه‌ندام دیاریكرا. ساڵی دواتر توێژینه‌وه‌كه‌ی له‌دوو تۆی كتێبێك به ناوی (سایات نۆڤا Sayat Nova) بڵاوكرده‌وه. هه‌روه‌ها دیوانی (با روناكی هه‌ڵكات Let There Be Light) یشی بڵاوكرده‌وه. له‌وه‌ی دوایی له‌جیهانی ماسكدار و ئامێره‌كان، بانگه‌وازی بۆ خۆشه‌ویستی و ئاشتی و سۆز و به‌زه‌یی كردووه. به‌وپه‌ڕی راشكاوانه‌ش هه‌وڵیداوه روانینی بۆ جیهان و ژیان به حه‌قیقه‌تی خۆیان و دوور لهماسك بخاته‌ڕوو. ساڵی 1971 دیوانێكی شیعری تایبه‌ت به منداڵان بڵاوكرده‌وه. به‌و جۆره به‌رده‌وام بوو تا له‌ڕۆژی 17 ی حوزه‌یرانی ئه‌و ساڵه له‌ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و یه‌ریڤان دووچاری پێكدادانی ئوتۆمبیل بوو، به‌هۆیه‌وه خۆی و نیللی هاوسه‌ری كۆچی دواییان كرد. زۆر له‌شاره‌زایان و خه‌ڵكی ئاسایی ئه‌وسا و ئێستا. گومانیان له‌سروشتی ئه‌و رووداوه هه‌یه و به‌مردنی پلان بۆ داڕێژراو له‌لایه‌ن رژێمی سۆڤیه‌تی ئه‌وسای داده‌نێن كه ده‌یه‌ویست ده‌نگی سیڤاك كپ بكات، چونكه له‌ساڵانی دوایی ره‌خنه‌ی زۆری لهگهندهڵییهكانی ناو دامه‌زراوه سۆڤیه‌تییه‌كان ده‌گرت. هه‌رچه‌نده كه‌سێكی لاده‌ر یاخود شۆڕشگێڕی رادیكالیش نه‌بوو، ته‌نیا شاعیرێك بوو بۆ ئه‌رمینیا ده‌یخوێند.
جگه له‌و به‌رهه‌مانه‌ی ئاماژه‌مان پێدا، سیڤاك كۆمه‌ڵێك چامه و داستانی دیكه‌ی نووسیوه كه له‌ناویاندا ره‌هه‌ندی فه‌لسه‌فی و گیانی نیشتیمانی ئه‌رمه‌نی ئاوێتهكردووه. هه‌روه‌ها زۆر به‌رهه‌می بۆ زمانی ئه‌رمه‌نی وه‌رگێڕاوه، له‌وانه به‌رهه‌مه‌كانی پوشكین. زۆر وتاری ره‌خنه‌یشی له‌باره‌ی شاعیرانی وه‌ك (ناریكاتسی) و (كوتشاك) نووسی. دوای مردنیشی كتێبی (خۆشه‌ویستی سیڤاكی گه‌وره) بڵاوكراوه تێیدا ئه‌و نامانه هه‌یه كه بۆ سولامیتای ناردووه. ئه‌و تاكه ژنه‌ی كه بهبێهیوا و به‌بێ سستی خۆشی ده‌ویست. ساڵی 1984 فیلمێكی دیكۆمینتاری به ناوی (پارویهر سیڤاك) له‌لایه‌ن لیڤۆن مكرتشیان له باره‌ی ئه‌و ده‌رهێنرا.
سیڤاك له‌مێژووی ئه‌ده‌بی ئه‌رمه‌نی كه‌سێكی جیابوو. به‌وپه‌ڕی بوێڕانه توانی له بابه‌ته كلاسییكهكانی داڕێژتنی شیعری ده‌رچێت و ره‌چه بشكێنی و به‌بابه‌ته فه‌لسه‌فییه نوێیه‌كان، كڵاوڕۆژنه‌یه‌كی نوێ له‌به‌رامبه‌ر شیعر بكاته‌وه. به‌و بابه‌تانه‌ش كه خستیه‌ڕوو بۆته ئینسكلۆپیدیای مرۆڤایه‌تی، چونكه له‌باره‌ی زۆربه‌ی دۆخه‌كانی ده‌روونی مرۆڤی نووسیوه كه خوێنه‌ر به‌وێنه جوانیه‌كانی شیعری و توانسته به‌رزه‌كه‌ی له‌بونیادنانی دژبه‌یه‌كه جوانه‌كانی نێوان دیارده جۆراوجۆره‌كان، سه‌رسام ده‌كه‌ن. له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌و به‌نمونه‌یه‌كی نامۆی ئه‌و رۆشنبیرانه داده‌نرێ كه له‌ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی رژێمی تۆتالیتاری له یه‌كێتی سۆڤییه‌ت ده‌ركه‌وتن. راسته ئه‌ویش وه‌ك زۆرینه، بووه شیوعی، به‌ڵام له شیعره‌كانی هه‌رده‌م شۆڕشگێڕ بوو دژی (خوداوه‌ندی سه‌خته) ده‌هاته گۆ. هه‌روه‌ها نیشتیمانپهروهرییهكهی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی بیرۆكه‌ی تۆتالیتاری بوو.
به‌شێك لهچامهی (چاكترین) ی سیڤاك
چاكترین زه‌رده‌خه‌نه، به‌دڵنیاییه‌وه
زه‌رده‌خه‌نه‌یه به‌چاوی داخراو
چاكترین خه‌ونه‌كانیش
خهونهكانن به‌چاوی كراوه
به‌ڵام چاكترین گۆرانی
ئه‌و گۆرانییه‌یه كه له‌دووره‌وه دێت
به‌ناو په‌نجه‌ره‌یه‌كی په‌رده‌دار دا
پاراوترین قسه‌ش
ئه‌و قسه‌یه‌یه كه له‌وپه‌ڕی بێده‌نگی، ده‌رده‌بڕدرێ
له‌وانه‌شه چاكترین گه‌ل
ئه‌و گهلهبێ كه ئیمپراتۆریه‌تی فراوانی نییه
چاكترین بڕواش
ئه‌و بڕوایه كه بگۆڕێت به‌ره‌و ئایین
چاكترین ماسكیش، به‌بێ گومان
رووی مرۆڤه
چاكترین نواندنیش
نواندنی سه‌رنه‌كه‌وتوو
چاكترین خۆشه‌ویستیش
ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌یه كه هێشتا ته‌واونه‌بووه
چاكترین ئازار و ناخۆشیش
ئازاری گوڵه له‌گۆرانی
چاكترین مه‌یمونیش له‌جیهاندا، وه‌ك دیاره
مرۆڤه
چاكترین مرۆڤیش، به‌بێ گومان
بۆئه‌وه مۆڵه‌تم بده‌ن ... منم
ئا / ئاكۆ عه‌بدوڵا
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.