Erbil 2°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 06:27

جێگری سه‌رۆکی هه‌رێم و جێگری فه‌رمانده‌ی هاوپه‌یمانان دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچه‌که‌یان تاووتوێکرد

کوردستان TV
100%


جێگری سەرۆکی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ جێگری فەرماندەی هێزه‌كانى هاوپەیمانان كۆبووه‌وه‌

شیخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمى كوردستان  لە قەرەداغ پێشوازی لە جەنەراڵ کێڤن کۆپسی، جێگری فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێوده‌وڵه‌تى له‌ عێراق و سووریا و شاندێكی سەربازیی یاوەری کرد.

لە كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمى كوردستان تاوتوێ كران و  جێگری سەرۆک جەختی لە گرنگیی ئاماده‌یى و ڕۆڵى هێزه‌كانى هاوپەیمانان بۆ بە‌هێزکردنی زەمینەیەکی هاوبەش و هه‌ماهه‌نگیى نێوان هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە بۆ پاراستنی ناوچەکە و دابینکردنی سەقامگیری، كرده‌وه‌.

هەروەها باس لە جموجۆڵ و شانە نووستووەکانی ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش و دزەکردنیان بۆ ناوچه‌كانى ماده‌ى 140 کرا و هه‌ردوولا جەختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ کە دەبێت هەماهەنگیی زیاتر لەنێوان هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی هاوپەیماناندا هه‌بێت بۆ ئەوەی چاودێریى زیاترى ناوچه‌كه‌ بکرێت و جموجۆڵەکانی داعش، بنه‌بڕ بكرێت.

پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، تەوەرێكی دیكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو. هەردوولا هاوڕا بوون داكۆكییان كرده‌وه‌ کە دەبێت ئەو پرۆسەیە خێراتر بکرێت، چونکە ئێستا هەرێمی کوردستان زیاتر پێویستی بە دابینکردنی سەقامگیری و ئاسایش هەیە.

له‌ كۆتاییدا  جێگری سەرۆکی هه‌رێم بۆ بەردەوامبوونی هێزەکانی هاوپەیمانی لە ڕاهێنان و مەشقپێکردنی پێشمەرگە سوپاسى كردن و پێزانینى خه‌ڵكى كوردستانى بۆ پشتگیرى و هاوكارییه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ تێكشاندنى داعش، دووپات كرده‌وه‌.

1

 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.