Erbil 4°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 05:10

باید‌ن: چاومان له‌سه‌ر فیتنه‌گێڕییه‌کانی ئێرانه‌

کوردستان TV
100%

 

کۆنفرانسی ئاسایشی مینوشن، كه‌رۆژی هه‌ینی رابردوو بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو،‌ تێیدا ژمارەیەک: سه‌رۆك، وەزیر، شارەزا و پسپۆری وڵاتانی جیهان، گفتوگۆیان لەبارەی چەند تەوەرێک کرد و بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکانیش بەهێزکردنی هاوپەیمانیی نێوان وڵاتانی سەر کەناری زەریای ئەتڵەسی و بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە جیهانییەکان بوو.

جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌و كۆنفرانسه‌دا به‌ بایه‌خه‌وه‌ باسی له‌ گرینگیدان به‌ هاوبه‌شه‌ ئەوروپییه‌كانی واشنتن کرد و گوتی "ئه‌مڕۆ، من وه‌كو سه‌رۆكی ئه‌مەریكا قسه‌ده‌كه‌م، له‌ ده‌ستپێكی كاری ئیدارەکەمدا، رامگه‌یاند ئه‌مریكا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌. هاوكاریكردنی نێوان ئێمه ‌و کەناری زەریای ئەتڵەسی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌. به‌ پێداگرییه‌وه‌ ده‌ڵێم‌ ئێمه‌ پابه‌ندین به‌ به‌ڵێنه‌كانی خۆمان له‌ ناتۆدا. به‌ندی پێنجه‌می ناتۆ، زۆر گرنگه‌، كه‌ ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌ندامێكی ناتۆ، رووبه‌ڕووی مه‌ترسی ببێته‌وه‌، ئه‌ندامه‌كانی دیكه‌ ده‌ستبه‌كار ده‌بن. له‌ مێژووی ناتۆدا یه‌ك جار ئه‌و به‌نده‌ كارا كرا، ئه‌ویش پاش هێرشه‌كانی 11 سێپته‌مبه‌ر كه‌ پێكه‌وه‌ چووینه‌ شه‌ڕی ئه‌فغانستان...".

سه‌رۆكی ئه‌مەریكا به‌شی زۆری قسه‌كانی تەرخانکرد بە باسکردنی مه‌ترسییه‌كانی چین و رووسیا، بەو هۆکارەش به‌هێزكردنی ناتۆ و كاری چڕوپڕی ئه‌مەریكا و ئەوروپای بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چین و و رووسیا و قه‌یرانه‌ جۆربه‌جۆره‌كان به‌ پێویست و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌‌ لێكدایه‌وه‌، گوتشی "من، گواستنەوەی هێزه‌كانمانم له‌ ئاڵمانیا وه‌ستاند".

سه‌رۆكی ئه‌مەریكا له‌ دووتووێی قسه‌كانیدا باسی له‌ "رۆڵی تێكده‌رانه‌ی ئێران" كرد و، ئاماژەی بەوە دا "رامانگه‌یاندووه‌ ئاماده‌ین له‌گه‌ڵ وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك، ده‌رباره‌ی پرسی ناوەكی ئێران وتووێژ بكه‌ین. ئێمه‌، هه‌روه‌ها ده‌بێ باسی كرده‌وه‌ی تێكده‌رانه‌ی ئێران له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بکەین، لەمبارەیەوەش له‌گه‌ڵ ئەوروپییەکان و هاوپه‌یمانه‌كانی دیكه‌ هاوكاری ده‌كه‌ین".

پێشتر 120 ئەندامی كۆنگرێس، لە نامەیەكدا داوایان لە سەرۆك بایدن كردووە نەگەڕێتەوە رێكکەوتنی ناوەكی لەگەڵ ئێران. لە روانگەی واژۆكەرانی نامەكەوە دەقی سەرەكیی رێکكەوتنەكە، خاڵی لاوازی بەرچاوی تێدایە و پێویستە بەر لە گەڕانەوەی ئەمەریكا بۆ ئەو رێكکەوتنە، پێداچوونەوەی پێدا بكرێت.

ئەو 120 ئەندامەی كۆنگرێس پێیان وایە؛ رێكکەوتن نابێتە رێگر لەبەردەم ئێران بۆ ئەوەی دەستی بە چەكی ناوەكی رانەگات، بەڵكو ئێران لە رێگەی رێكکەوتنەوە هەوڵدەدات دەستی بە چەك و پارەیەكی زۆر بگات.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ، ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا، بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و بیڵ گەیتس، دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە دیارترین بەشداربووانی ئه‌مساڵی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشنن.

كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ساڵی 1962 له‌ لایه‌ن ئێدوارد هاینره‌یش، كه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ربازیی ئاڵمانیایی بوو، دامه‌زرا و له‌ ده‌ستپێكدا به‌ (كۆنفرانسی ئاسایشی نێونه‌ته‌وه‌یی یان كۆنگره‌ی به‌رگریناسی) ناوی ده‌برا.

ره‌حیم ره‌شیدی

كوردستان TV

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.