Erbil 13°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 11:15

ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئه‌مریکا داوای پشتیوانی زیاتر له‌‌ سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات

کوردستان TV
100%


پاش ئه‌وه‌ی شەوی دووشەممەی هه‌فته‌ی رابردوو، چەند مووشەکێک هه‌ولێری پایه‌ته‌خت و فڕۆكه‌خانه‌ی شاره‌كه‌یان كرده‌ ئامانج و دواتر تاقمی "سەرایا ئەولیای دەم"،  به‌رپرسیاری ئه‌و په‌لاماره‌ تیرۆریستییه‌یان له‌ئه‌ستۆ گرت، رووداوه‌كه‌ كاردانه‌وه‌ی به‌رینی، نێوخۆیی، نێوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی لێكه‌وته‌وه‌و شه‌پۆلێكی به‌رینی پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ هه‌ولێر هاته‌ ئاراوه‌‌.
گرێدراو به‌م باسه‌وه‌،‌ سه‌ناتۆری دێموكرات بۆب مێنیندێز، سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران، له‌ رێگای به‌یاننامه‌یه‌كه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هێرش كردنه‌ سه‌ر هه‌ولێر هاته‌ ده‌نگ و ده‌ڵێت: به‌ توندی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر ئیدانه‌ ده‌كه‌م، پـرسەو سەرەخۆشی خۆم پێشكه‌ش به‌ ماڵبادی ئەو بەڵێندەرە ئه‌مریكایه‌ ده‌كه‌م کە بە هۆی هێرشەکەوە گیانی لە دەستداوه‌.
سه‌ناتۆر بۆب له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌ی دا نووسیویه‌تی: "ئەم هێرشە نیشانی دا كه‌ زۆر گرینگه‌ هێزه ئه‌منییه‌كانی‌ عێراق و هێزەکانی کوردستانی عێراق، پێكه‌وه‌و به‌ شێوه‌یه‌كی پته‌و‌ له‌ بواری ئاسایش دا‌ هاوكاری یه‌كتر  بكه‌ن. من هانی حکومەتی ئه‌مریكا ده‌ده‌م بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ هاوهه‌نگاوی له‌ بواری ئاسایش دا به‌رده‌وام بێ. عێراقیـیەکان ده‌مێكه‌ دەناڵێنن بە دەست ئه‌و توندوتیژیـیە قێزەونانەی کە تەنیا سەروەری و سەقامگیری وڵاتەکەیان لاواز دەکات."
سه‌رۆکی کۆمیتەی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران ده‌رباره‌ی بایه‌خی پشتیوانی واشنگتن له‌ هه‌ولێر ده‌نووسێ: "ئه‌مریكا ده‌بێ بەردەوام بێت لە پشتیوانی کردنی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوكات هانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق بدات لێکۆڵینەوەیەکی تەواو لەسەر ئەم هێرشە بکات."
له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، سه‌ناتۆری كۆماری ماركۆ ڕۆبیۆ، جێگری سەرۆکی کۆمیتەی هەواڵگری ئه‌نجوومه‌نی پیران، سه‌باره‌ت به‌ پلاماردانی هه‌ولێر هاته‌ده‌نگ و له‌ به‌یاننامه‌یه‌ك دا ده‌ڵێ: "هێرش بۆسه‌ر هەولێر کارێکی دوژمنکارانەی پاساو هه‌ڵنه‌گره‌ لە دژی خەڵکی عێراق و ئه‌مریكا. ناکرێت ئێران خۆی لە پشت ئەو گروپانه‌ بشارێتەوە کە لە عێراقدا به‌ وه‌كاله‌ت کار دەکەن، بۆیە پێوسیته‌ جیهان ڕوونی بکاتەوە کە ئازاردانی ئه‌مریكاییه‌كان و هاوپەیمانانی باجێکی گەورەی هەیە. پشتیوانی ئێران له‌و گروپانه‌ سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌یه‌ كه‌ ناكرێ باوه‌ڕ به‌ خامنه‌یی بكرێت كه‌ رێز له‌ رێكه‌وتنه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌گرێ، هه‌ر بۆیه‌ نابێ ئێران هه‌رگیز  ده‌ستی به‌ چه‌كی ناوكی ڕابگات."
شیاوی به‌ بیر هێنانه‌وه‌یه‌‌، دوێنێ، تێد پـرایس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لە کۆنگره‌ی ڕۆژنامەوانی دا وتی: "واشنگتن هێرشەکەی بە جیددی وەرگرتووە، بۆیە ئێمه له‌م باره‌وه‌‌ پشتیوانی لە لێکۆڵینه‌وه‌ی‌ عێراقیـیەکان ده‌كه‌ین، ئیدی ئه‌وه‌ ئێران یان میلیشیاکانی سەر بە ئێران یان خۆ ئەندامانی ئەو هێزانە هێرشه‌كه‌یان ئه‌نجام دابێ، پەلە ناکەین لەوەی بڕیار بدەین کێ لە هێرشەکە بەرپـرسیارە."
پرایس هه‌روه‌ها باسی لە پەیوەندیـیە تەلەفۆنیـیەکەی نێوان ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هه‌روه‌ها مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق کردو وتی: ."لەگەڵ کاربەدەستانی کوردو عێراقی لە پەیوەندیداین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌رانی ئەو هێرشانه‌ بدۆزینه‌وه‌."
له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ جێن ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامەوانیدا ده‌رباره‌ی هێرشه‌كه‌ وتی" بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک بایدن مافی خۆیەتی کەی و چۆن وڵامی ئه‌و هێرشانه‌ ده‌داته‌وه‌."
هه‌روه‌ها به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی به‌رگری بۆ مێدیاكانی ئاشكرا كرد كه‌ :"هه‌نووكه‌ وەزاره‌تی به‌رگری سەرقاڵی دۆزینه‌وه‌ی لایەنی بەرپـرسە لە هێرشەکەی سەر هەولێر. فەرماندە سه‌ربازییه‌كان بۆ وڵامدانه‌وه‌ به‌و هێرشانه‌ پێشنیارو بژارەکانی خۆیان بۆ بڕیاردان پێشكه‌ش به‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی سه‌رۆك بایده‌ن ده‌كه‌ن."
هه‌روه‌ها ئه‌مریكا، فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا، ئیتاڵیاو به‌ریتانیا، به‌ پێنج قۆڵی پشتیوانی خۆیان بۆ هه‌ولێر دووپات كرده‌وه‌و له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شدا به‌ توندی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێریان سه‌ركۆنه‌ كردو ڕایانگه‌یاند له‌ هێرشبه‌رانی سه‌ر هه‌ولێر خۆش نابن.

ره‌حیم ره‌شیدی -  واشنتۆن
 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.