بە بۆنەی بەستن و بەسەركەوتوویی بەڕێوەچوونی كۆنگرەی چوارەمی كۆمەڵی دادگەریی کوردستان، مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە دەستەی ئامادەكار و ئەندامانی چوارەمین كۆنگرەی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان دەکات کە ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیەتی:
بەڕێزان/دەستەی ئامادەكار و ئەندامانی چوارەمین كۆنگرەی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان
بە بۆنەی بەستن و بەسەركەوتوویی بەڕێوەچوونی كۆنگرەی چوارەمی كۆمەڵی دادگەریی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئەندامان و بەشداربوانی كۆنگرەكەتان دەكەین، پیرۆزبایی لە بەڕێز مامۆستا (عەلی باپیر) دەكەین كە ئەمجارەش بە سەرۆکی حزبەکەتان هەڵبژێردرایەوە، ھەروەھا پیرۆزبایی لە ئەندامانی ھەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیتان دەکەین و هیوادارین گۆڕانکارییەکان لە کارنامە و ناو و ناونیشانی کۆمەڵ و پڕۆگرامی پەسەندکراوی کۆنگرە لە ئاست پێشکەوتنەکانی سەردەم و ئەرکە قوڕسەکانی قۆناغەکەدابێت.
ئومێدەوارین بۆ قۆناغی داهاتوو رۆڵی گرنگ و بەرچاوی خۆتان ببینن لە پتەوكردنی یەكڕیزی و یەكگوتاری نێوماڵی كوردستانیی و بەهەموو لایەكمان هەوڵ بدەین لەو هەلومەرجە گرنگ و هەستیارەی ئەمڕۆی كوردستان دڵسۆزانە و بەرپرسیارانە هەماهەنگیمان پتەوتربكەین و ئەرکە هاوبەشە نیشتیمانی و نەتەوەییەكانمان باشتر رابپەڕێنین بۆ پاراستنی ئەزموونەکەمان و ئەو دەسكەوتانەی بە خوێنی رۆڵەكانی گەلەكەمان هاتوونەتە دەست.
دووبارە پیرۆزبایی سەركەوتنی كۆنگرەتان لێدەكەین و هەر سەركەوتوو و سەرفرازبن..
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
١٩ـی شوباتی ٢٠٢١
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.