Erbil 10°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 21:38

وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریکا: په‌لاماردانی هه‌ولێر پێویستیى مانه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌سه‌ڵمێنێ

کوردستان TV
100%

رۆژی پێنجشه‌ممه‌، پێنتاگۆن له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرای كرد، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئه‌مریكا لە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە هاوبه‌ندی ناتۆدا به‌شداری كردووه.‌ 

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی نێو به‌یاننامه‌كه، له‌و كۆبوونه‌وه‌دا وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی شه‌وی دووشه‌ممه‌ بۆسه‌ر هه‌ولێر قسه‌ی كردووه‌و وتویه‌تی: "ئه‌و هێرشە مووشەکیەی به‌م دواییەی كرایه‌ سه‌ر هەولێر، ده‌ریده‌خات كه‌ گرینگه‌ ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌ بمێنێته‌وه‌و درێژه‌ به‌ كاره‌كانی بدات."

رۆژی پێنجشەممە رێكکه‌وتی 18ی مانگ، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ، رایگەیاند: وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ، رازی به‌وه‌ن چالاکییەکانی ناتۆ لە عێراق فراوانتر بکەن و له‌م به‌ستێنه‌دا ساخ بوونه‌ته‌وه‌ ژمارەی راوێژکارو سه‌ربازه‌كانیان لە 500 کەسەوە بۆ نزیکەی 4000 کەس زیاد بكه‌ن.

بەگوێرەی زانیارییه‌كانی پێنتاگۆن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، له‌و كۆبوونه‌وه‌دا خۆشحاڵی خۆی بۆ بڕیاری زیاتر كردنی چالاکییەکانی ناتۆ لە عێراق ده‌ربڕیوه‌و رایگه‌یاندوه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ متمانه‌و دڵنیایی پتری نێوان ناتۆ و هێزه‌ عێراقییه‌كانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌. هه‌روه‌ها وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش پێداگری كردۆته‌وه‌ كه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی توانا سەربازییه‌كان و ڕاهێنان و ته‌یار‌ كردنی هێزه‌كانیان، كاریگه‌ری به‌رچاوه‌ی له‌سه‌ر ئۆپەڕاسیۆنە بەردەوامەکانی ناتۆو چالاكییه‌كانی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ له‌ عێڕاق بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌و وەڵامدانه‌وه‌ به‌و قه‌یران و رووداوه‌ كوتوپڕانه‌ ده‌بێ‌ كه‌ دێنه‌ ئاراوه‌.

پێشتر ئێنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتیی ناتۆ ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێری كردبوو له‌م باره‌وه‌ ڕایگه‌ندبوو: "ئیدانەى ھێرشە مووشەكییەكانی سەر ھەولێر دەكەم، كە بەو ھۆیەوە ژمارەیەك گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون. سەرەخۆشی خۆم بۆ خانەوادەی قوربانییان رادەگەیەنم و ھیوای زوو چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم".

هه‌روه‌ها رۆژێك دوای هێرشه‌كه‌، لوید ئۆستن، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ جومعه‌ سه‌عدون، هاوتا عێراقییه‌كه‌ی په‌لاماره‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی سه‌ر‌ شاری هه‌ولێر شه‌رمه‌زار كرد.

شەوی دووشەممە، چەند مووشەکێک هه‌ولێری پایه‌ته‌خت و فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی شاره‌كه‌یان كرده‌ ئامانج، رۆژێك دوای هێرشه‌كه‌، گرووپی "سەرایا ئەولیای دەم"، ئه‌و په‌لاماره‌ تیرۆریستییه‌یان له‌ئه‌ستۆ گرت كه‌ تێیدا بەڵێندەرێکی مه‌ده‌نی كوژراو 9 کەسی دیكه‌ش برینداربوون. 

كاردانه‌وه‌ نێوخۆیی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌باره‌ی ئیدانه‌كردنی ئه‌و په‌لاماره‌ و پشتیوانی له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌.

ره‌حیم ره‌شیدی - واشنگتن

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.