لە چوارچێوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسى كۆرۆنا لە قەزای مەخمور رێوشوێنی گونجاو گیراوەتە بەر و ئەمڕۆ هەینی قەدەغەی هاتوچۆ لەم قەزایە کەوتە واری جێبەجێکردن .
هەر ئەمڕۆ هەینی لە شاری كەركووكیش بۆ پێشگیری لە تەشەنەکردنی پەتای كۆرۆنا قەدەغەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و پیادە خراوەتە واری جێبەجێكردنەوە و زۆربەی شەقامەكانی كەركووك چۆڵن و ڕێوشوێنی توند گیراوەتە بەر.
دلێر شوانی، ئەندامی شانەی قەیرانەكانی كەركووك پێشتر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو، قەدەغەی هاتوچۆ لە كەركووك كاتژمێر ههشتی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 18ی شوبات دەستپێدەكات تاكوو كاتژمێر پێنجی بەیانی رۆژی دووشەممە 22ی 2ی 2021 واتە رۆژی دوووشەمەی داهاتوو لە دامودەزگا حكوومییەكانی كەركووك پشووی فەرمی دەبێت.
هاوكات لەسەر بڕیاری فەرماندەی پرۆسە هاوبەشەكانی كەركووك ئێستا تەواوی بازگەكانی كەركووك بەڕووی هاتوچۆی هاووڵاتییاندا داخراوە.
بەپێی ئامار و داتاکان ژمارەی تووشبوون و مردن بە پەتای کۆرۆنا لە شارەکانی عێراق روو لە زیادبوونە و لە هەندێ شاری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش بۆ پێشگیری لەو تەشەنەکردنە ڕیوشوێنی توند و قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.