دژە تیرۆری کوردستان لە هەولێر راگەیێندراوێکی لەبارەی دەستگیرکراوانی بادینان بڵاوکردەوە و رایگەیاند: سیخوڕن و ناوی رۆژنامەنووسی و چالاکوان بۆ پەردەپۆشی کاری سیخوڕی بەکاردێت".
له راگهیهنراوهكهدا هاتووه یاسا لە پێداویستییە بنچینەیییەکانی سیستەمی حکومڕانییە، گرنگییەکی زۆری هەیە لە رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە و رێگەگرتن لە ئاژاوەگێڕی و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی.لە هەموو وڵاتێک داڕیژەرانی یاسا بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەکان لەبەرچاو دەگرن و نەتەوە و نیشتمان و بەرژەوەندییەکانی لە سەرو هەموو شتێکەوەیە، ئیدی یاسا دەبێتە بنەمای حکوومڕانی و لەو چوارچێوەیەدا کار دەکرێت.
لە حکومەتەکانی دونیا ئەو گرووپ و رێکخراوانەی کە مایەی مەترسین و دژی بەرژەوەندییەکانیانن و دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئاژەوەگێڕی بۆیان لە چوارچێوەی یاسادا دەستنیشانیان دەکەن و لە لیستی تیرۆردا پۆلێنیان دەکەن، ئەگەر چاوێک بە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی جیهاندا بخشێنین، ئەوا ناوی سەدان رێکخراو و گرووپ و کەسایەتی دەبینین، نموونە: لە ئیسڕائیل حیزبوڵڵا گرووپێکی تیرۆریستییە، لە تورکیا پەکەکە و فەتحوڵڵا گویلەن لە لیستی تیرۆردان، لە ئێران بزووتنەوەی ئازادیخوازی ئەهواز و موجاهیدینی خەڵق تیرۆریستن، ئەلقاعیدە و داعش لای زۆربەی وڵاتانی دونیا تیرۆریستن، کۆمەڵەی ئەبوو سەیاف لە فلیپین تیرۆریستە، فارک لە کۆڵۆمبیا تیرۆریستە و حوسییەکانی یەمەن لای سعوودییە تیرۆریستە و سوپای پاسداران و ژمارەیەک کەسایەتی رژێمی سووریا و چەندین گرووپ و رێکخراوی تر لای ئەمریکا تیرۆریستن.
بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان لەژێر پەردەی ئازادی و بەرقەراریی یاسادا، تێکدەرانی ئاسایش و سەقامگیری کوردستان، لەژێر ناوی رۆژنامەنووسی و چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی، دەرفەت دەقۆزنەوە بۆ پەرتکردنی کۆمەڵگە و تێکدانی گیانی پێکەوەژیان و خراپ بەکارهێنانی ئازادییەکان بۆ پەردەپۆشکردنی کاری سیخوڕی و دەستێوەردان لە دۆخی هەرێم بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری و ئاڵۆزکردنی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان.
زۆر سەیرە لە کوردستان کەسانێک بە بڕیاری دادوەر و رێکاری یاسایی لەسەر سیخوڕیکردن و تێکدانی ئارامی و ئاسایش و سووتاندنی بارەگا حکومییەکان دەستگیربکرێن، بەڵام بۆ تەوزیفی سیاسی وەها لە رای گشتی بگەیەنرێت کە ئەمانە چالاکوان و رۆژنامەنووسن! لایەنەکانیش بۆ موزایەدەی سیاسی و رکابەری نیوخۆیی نێوانیان ئەم بابەتە بەکاربێنن، لە کاتێکدا ئەمە دژی بەرژەوەندیی نیشتمانی و نەتەوەیی هەرێمی کوردستانە.پێش چەند مانگێک بەناوی خۆپیشاندانەوە، ئاژاوەگێڕان و تێکدەران بە بەرچاوی هەموو دونیا و چالاکوانان و رۆژنامەنووسانەوە بارەگای حیزبی و حکومییان سووتاند، چەکیان بەکارھێنا، نارنجۆک و ئاڕ پی جی-یان تەقاند، ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە بریندارکران و شەھیدکران.
هاوکات ئەوەشمان بینی ھەندێک خۆپێشاندەر لە ئەمریکا بەبێ چەک چوونە سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ لە واشنتۆن، نە باڵەخانەکە سووتێندرا نە خۆپێشاندەرانیش چەکیان پێبوو، بەڵام زۆرینەیان دەستگیرکران و بە یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا کرا و سزا دران، ئەوانەشی پەیوەندییان بەو هەوڵە هەبووە پۆلیس بەدوایاندا دەگەڕێت تاوەکو رووبەڕووی دادگایان بکاتەوە، ئەم لێپێچینەوانە رێکاری یاساییان هەبووە و ئەمریکییەکان نەک دژی وەها بڕیارێک نەوەستانەوە بە پێچەوانەوە رێزیان لەو یاسایە گرت.
لە کوردستانیش سەرەڕای ئەو ھەموو بەڵگەیە لەسەر ئاژاوەگێڕان، نا نابێت دادگایی بکرێن چونکە چالاکوانی مەدەنی و رۆژنامەنووس و خۆپێشاندەرن! لە لایەکی ترەوە سەرقاڵی سیخوڕیکردنن بەسەر دەزگا ئەمنی و حکومییەکانەوە کاتێکیش دەستگیردەکرێن دەبنە رۆژنامەنووس!هەر بۆیە لەو کاتەی کە سیخوڕ و بەکرێگیراوانی دوژمنانی هەرێمی کوردستان راپێچی بەردەم دادگا دەکرێن، ئیدی دەیان کەس لەژێر ناوی چالاکوان و رۆژنامەنووسی سەربەخۆ ماسکی روویان فڕێ دەدەن و دەبنە پاڵپشتیکار و هاوخەمی سیخوڕان، ئەمەش بەر لە هەموو شتێک بۆ بنکۆڵکردنی پیشەی رۆژنامەنووسی و کاری رێکخراوەیی کۆمەڵگەی مەدەنییە، چونکە زیانمەندی یەکەم رۆژنامەنووس و ئەو چالاکوانانەن کە پرۆفیشناڵانە کاری میدیایی و مەدەنی خۆیان دەکەن و خەڵکانی گێرەشێوێن ناوبانگی پیشەیی ئەوان خراپ دەکەن.
بریا ئەوانەتان ئەوەندەی بەرگری لە خیانەتکار و سیخوڕان دەکەن بەرگریتان لە خاک و نیشتمان و مافە نەتەوەییەکان بکردایە ئێستا بارودۆخەکە بەجۆرێکی تر بۆ هەمووان باشتر دەبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.