بەمەبەستی تاووتوێكردنی چهند پرسێكی گرنگی پهیوهست بهكارى لیژنهكه، ئەمڕۆ چوارشەمە 2021/2/17، لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری، بەسەرپەرشتیی عەبدولستار مەجید سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی ژمارەیەك لەئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكە كۆبووەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا تاووتوێی گرنگیی سامانی ئاو دۆزینهوهی میكانیزمێكی گونجاو بۆ چۆنیەتیی پاراستنی لەهەرێمی كوردستان كراو لەلایەن ئەندامانی لیژنەكەوه چهندین تێبینی و سەرنج و پێشنیاز بەمەبەستی پاراستنی سامانی ئاو لەبەرژەوەندیی گشتیدا خرانەڕوو و لیژنە بەپێویستی دەزانێ كه دەستەیەكی سەربەخۆ بۆ پاراستنی ئاو وەكو دەستەكانی تر پێكبهێنرێت.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا باس لهپرسی لێدانی بیرى ئاو لهلایهن هاووڵاتییانهوه كراو لیژنە لەڕێگەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستانەوە بەنوسراوی فەرمی داوای لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كرد كێشەی پێدانی مۆڵەت بۆ بیر لێدان چارەسەر بكات.
لەبەشێكی دیكهی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای رێكخستنی عهلوەكان لەهەرێمی كوردستان كرا، بەپێی پڕۆژە یاساكە دەسەڵات دەدرێتە لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ دیاریكردنی نرخی عمولە لەسەرجەم پارێزگاكانی هەرێمدا.
ههر لەكۆبوونەوەكەدا باس لهپڕۆژه كشتوكاڵییهكان كراو لیژنە پشتیوانیی خۆی بۆ خاوەن پڕۆژە كشتوكاڵییەكان دەبڕی و داوا لەحكومەت دەكات پارەی كارەبا بۆ ئەو پڕۆژانە كەمبكاتەوە لەبڕی پێدانی گازوایل وەك پشتیوانییەك.
لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری چهند پرسێکی گرنگی تاووتوێ کرد
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.