Erbil 12°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 06:17

ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی روونکردنه‌وه‌یه‌کی له‌باره‌ی دادگاییکردنی ژماره‌یه‌ک ده‌ستگیرکراو راگه‌یاند

کوردستان TV
100%

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌  بڵاویكردۆته‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌:  دوێنێ رێكه‌وتی 16/2/2021 داوای ژماره‌ (47/ج 2 / 2021) كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ بینینی كه‌یسی چه‌ند تۆمه‌تبارێك، به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی یه‌ده‌گی دادگای تاوانی هه‌ولێر/2 به‌ڕێوه‌چوو. به‌ پێی یاساش سه‌رۆكی یه‌ده‌گ له‌ كاتی نه‌بوونی سه‌رۆكی دادگا، شوێنی ده‌گرێته‌وه‌ چونكه‌ سه‌رۆكی دادگا به‌هۆی تێكچوونی باری ته‌ندروستیه‌وه‌ ئێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم چاره‌سه‌ری پزیشكی وه‌رده‌گرێت و ئه‌و كه‌یسه‌ هه‌ر له‌ دادگای تاوانی هه‌ولێر / 2 به‌ڕێوه‌ چووه‌ و ره‌وانه‌ی دادگایه‌كی دیكه‌ نه‌كراوه‌.

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان  ده‌شڵێت: هه‌روه‌ها پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و شه‌فاف و به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ په‌رله‌مانتارانی به‌ڕێز و نوێنه‌ری كۆنسولی وڵاتان و پارێزه‌رانی كه‌یسه‌كه‌ و نوێنه‌ری رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و رۆژنامه‌نووس و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به‌ڕێوه‌چووه‌ و پڕۆسه‌كه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماكانی دادگه‌ری بووه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان  ده‌ڵێت: به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌یره‌ له‌ دوێنێوه‌ هه‌ندێ داموده‌زگای فه‌رمی و یاسایی ولایه‌نی سیاسی لێدوانی جیاجیایان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دادگاییكردن و بڕیاره‌كه‌ داوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش بێگومان ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، چونكه‌ دادگا نوێنه‌رایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌كات و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریش بڕوای به‌ بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان هه‌یه‌ و نه‌ده‌بوو ئه‌و لایه‌نه‌ فه‌رمیانه‌ پێشێلی بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان بكه‌ن.

 ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان  ئاماژه‌ی به‌مه‌شداوه‌ كه‌ رێكاری یاساییش هه‌یه‌ بۆ تانه‌ لێدان له‌و بڕیاره‌و بێگومان پارێزه‌رانی كه‌یسه‌كه‌ تانه‌ پێشكه‌ش به‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئیتر پێویست به‌و هه‌موو لێدوان و ده‌ستێوه‌ردانه‌ له‌ كاروباری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری نه‌ده‌كرد.

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان  له‌ كۆتایی روونكردنه‌وه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: هیوادارین ئه‌و جۆره‌ لێدوانانه‌ نه‌درێن تاوه‌كو بڕیاری كۆتایی له‌لایه‌ن دادگای تایبه‌تمه‌ند كه‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌ ده‌رده‌چێت و دادگای پێداچونه‌وه‌ش بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌ ده‌دات به‌ پێی یاسا.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.