بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئامادەکاریی تەواو بۆ پڕۆژەی ئاوی قورسی ھەولێر کراوە و لە ئێستادا تەندەریشی بۆ ئامادە کراوە و هەروەها دیزاینیشی بۆ کراوە، تەنھا ماوە دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت، کە بە گوژمەی 300 ملیۆن دۆلار لەسەر قەرزی ژاپۆنی دروست دەکرێت.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان رایدهگهێنێت: لە ماوەی ڕابردوودا گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی راوێژکاری ئەنجام درا، بۆ ئەوەی بابەتی دیزاینکردنی پڕۆژەی ئاوی قورسی هەولێر ئامادە بکات و ئێستاش ئەوە ئامادە کراوە و گەیشتینە قۆناغی تەندەرین، کە ئەویش ئامادەیە و تەنھا ماوە رابگەیەندرێت و دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت، بۆیە ئێستا کارەکانی تەواو بووە و ئەمساڵ دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.
دهشڵێت: 300 ملیۆن دۆلار لەسەر قەرزی ژاپۆنی بۆ پڕۆژەکە خەرج کراوە و سەرەتا یەک لەسەر ھەشتی جێبەجێ دەکرێت، کە 75کم ئاوەڕۆیە و یەک لەسەر ھەشتی وێستگەی خاوێنکردنەوەی ئاوەکەیە، کە پێی دەگوترێت پڕۆژەی ئاوی قورسی ھەولێر و تا پڕۆژەکەش تەواو دەبێت، سێ ساڵ دەخایەنێت.
ئەم پڕۆژەیە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی شاری ھەولێر و ئەو ئاوەی کە لە ماڵان بەفیڕۆ دەچێت، جارێکی دیکە خاوێن دەکرێتەوە و بەکار دەھێندرێت بۆ پارک و باخچەکان و، ئاوەڕۆکانیش بە شێوەیەکی سەردەمی دروست دەکرێن، بۆیە پڕۆژەیەکی گەورە و ستراتیژییە بۆ شاری ھەولێر و سوودێکی زۆری ھەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.