Erbil 23°C پێنجشەممە 19 ئەیلوول 03:19

ئه‌م جۆره‌ نه‌خۆشییه‌ی شه‌کره‌ بناسه‌

نه‌خۆشی شه‌كره‌ دوو جۆری سەرەکی هه‌یه‌
کوردستان TV
100%

بۆئه‌وه‌ی یٔه‌و بابەتە به‌وردی شیبكه‌ینه‌وه‌، سه‌ره‌تا هه‌وڵده‌ده‌م چه‌ند پرسیاریك بوروژێنم و دواتر وه‌ڵامیان بده‌مه‌وه‌، نەخۆشی شەکرەی جۆری یەک و نیو ( لادا ) چیە ؟ چۆن یٔەو نەخۆشیە دیاری دەکرێت و چارەسەر دەکرێت ؟ یٔەمجۆرەی شەکرە تا چ راده‌یه‌ك له‌نێو خه‌ڵكدا هه‌یه‌ ؟ . وه‌ڵامه‌كان له‌چه‌ند خاڵێكدا چڕ ده‌كه‌ینه‌وه‌:

1- نه‌خۆشی شه‌كره‌ دوو جۆری سەرەکی هه‌یه‌ . جۆری یەکەم لە مندالان و تەمەنی ھەرزەکاریدا دەردەکەوێت، لەم جۆرەدا چەند جۆرێک لە دژەتەن له‌ جه‌سته‌ی نه‌خۆشه‌كه‌ دروست ده‌بێت، كه‌ تا ئێستا هۆكاره‌كه‌ی نه‌زانراوه‌،  ئه‌و دژه‌ ته‌نانه‌ پەلاماری خانەکانی بیتا لە پەنکریاس ( Beta cella ) ده‌ده‌ن و دەبنه‌  ھۆی نەمانی ئەنسولین. بۆیه‌ تاكه‌ چارەسەری ئەمجۆرە شەکرەیه‌ بەکارھێنانی ئەنسولینە.  هه‌رچی جۆری دووەمی شەکرەیه‌، کە له‌جۆره‌كه‌ی تر باوتر‌ و نزیکەی ٩٠٪ ی کۆی گشتی نەخۆشه‌كانی شەکرە پێکدێنێت . ئەم جۆره‌ بەشێوەیەکی گشتی لە ته‌مه‌نی سەرووی چل ساڵیه‌وه‌ دەردەکەوێت، له‌هه‌ندێكجاریشدا بەھۆی زیادبوونی كێش و قه‌ڵه‌ویه‌وه‌ ، بەشێك له‌ مندالانیش تووشی ئەو جۆرە دەبن . بەشی ھەرە زۆری تووشبوانی جۆری دووه‌می شەکرە قەڵەون یان کێشیان زیادە، له‌م جۆره‌دا نه‌خۆش کێشەی کەمی ئەنسولینی نیە ، بەڵکو لەش بەگری بەرامبەر ئەنسولین دروستده‌كات و له‌كاریگه‌ری كه‌مده‌كاته‌وه، ئه‌م جۆره‌ بە پارێز و حەب کۆنتڕۆل دەکرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ دوای چه‌ند ساڵێك هه‌ندێك له‌و تووشبوانه‌ پێویستیان بە ئەنسولین بێت .

2-جۆرێکی تری نەخۆشی شەکرە ھەیە، کەهه‌ندێك لە سیفەتەکانی ھەردوو جۆری یەکه‌م و دووه‌می تێدایه، ‌ ، بۆیە بە جۆری یەک و نیوی شەکرە ناودەبرێت . ھۆی ئه‌م جۆره‌ش بوونی دژەتەنه‌ له‌جه‌سته‌دا، کە پەلاماری خانەکانی بیتا لە پەنکریاس ئەدەن تووشی کەمی ئەنسولینیان ده‌كات، له‌م جۆره‌دا په‌نكریاس راسته‌وخۆ توانای به‌رهه‌مهێنانی ئه‌نسولین له‌ده‌ست نادات و  بۆماوه‌یه‌ك ده‌توانێت به‌رگه‌ بگرێت، دواتر رێژه‌ی ئه‌نسۆلینه‌كه‌ كه‌مده‌بێته‌وه‌و نەخۆش پێویستی بە بەکارھێنانی ئەنسولین دەبێت.

3- جۆری یەک و نیوی شەکرە كه‌ بە لادا ده‌ناسرێت ( Latent Autoimmune Diabetes in Adults ) . لە رووی کەمبوون و نەمانی ئەنسولین لە جۆری یەکەمی نەخۆشی شەکرە دەچێت، بەلام زۆربەی ئه‌وانه‌ی تووشی ئه‌م جۆره‌ شه‌كره‌یه‌ ده‌بن، ته‌مه‌نیان له‌سه‌رووی سی ساڵیه‌وه‌یه‌ و گەنج نین ئەگەر بەراورد لە گەل جۆری یەکەمی نەخۆشی شەکرە بکەین ، دەکرێت بەشێک لە تووشبوانی ئەم جۆرەی شەکرە کێشیان زیاد بێت .

4-ھەندێک لێکۆلینەوە ئه‌وه‌ دەردەخەن، کە ١٠٪‏ ی ئەو نەخۆشانە بە ھەڵە بە جۆری دووه‌می نەخۆشی شەکرە دەستنیشان ده‌كرێن، تەنانەت ھەندێک لێکۆلینەوە ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، کە ٢٥٪‏ ی تووشبوانی شەکرەی خوار تەمەن ٣٥ سالی جۆری یەک و نیوی نەخۆشی شەکرەیان ھەیە.

5-نیشانەکانی ئەو جۆرەی شەکرە ھەروەک دوو جۆرەکەی تری نەخۆشی شەکرەیە. باشتر وایه‌ ئه‌و نەخۆشانە لەلایەن پسپۆری نەخۆشیەکانی شەکرەو کوێرەرژێنەکانه‌وه‌ چارەسەر بکرێن. ھەندێک پشکنینی خوێنی تایبەت ھەیه‌، کە یارمەتی دیاریکردنی ئەو جۆرەی نەخۆشی شه‌كره‌ دەدات ، بۆ نموونە C-Peptide له‌ جه‌سته‌ی نه‌خۆشه‌كه‌دا کەمدەبێتەوە و کۆمەلێک دژەتەن بە تایبەت ( Anti-GAD Antibodies ) لە خوێن به‌دیارده‌کەوێت، ئه‌م دژه‌ ته‌نانه‌ لە تووشبوانی جۆری دووه‌می شەکرە نابینرێت.

6-لە سەرەتای دەستنیشانکردنی ئەو جۆرەی نەخۆشی شەکرە، دەکرێت بەشێک لە نەخۆشەکان لە رێگای پارێزكردن و به‌كارهینانی حەبی وەک مێتفۆرمین چاره‌سه‌ر بكرێن، بە تایبەت لەو نەخۆشانەی کێشیان زۆرەو قه‌له‌ون. له‌ هه‌موو حاله‌ته‌كاندا بەشی ھەرەزۆری نەخۆشەکان دوای ماوەیەک پێویستیان بە ئەنسولین دەبێت، كه‌ ئەو ماوەیە چەند مانگێک بۆ چەند سالێک دەخایەنێت، بەلام بە بەراورد لە گەل جۆری دووه‌می ئه‌و نه‌خۆشیه‌، ئەو نەخۆشانە زووتر پێویستیان بەوه‌رگرتنی ئەنسولین دەبێت. ھەندێک له‌توێژه‌ران بە باشی دەزانن لەگەل دەستنیشانکردنی ئه‌و جۆره‌ی شەکرە، نه‌خۆشه‌كان راستەوخۆ دەست بە بەکارھێنانی ئەنسولین بکه‌ن. ئەوەی بە تەواوی یەکلابۆتەوە ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ھەموو تووشبوان دوای ماوەیەک پێویستیان بە ئەنسۆلین دەبێت بۆ کۆنترۆل کردنی نەخۆشیەکە. 

7-  سه‌ردانیكردنی پزیشك و خێرا ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و جۆره‌ ‌شه‌كره‌یه‌ زۆر گرنگه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌خۆشانه‌ له‌ وه‌رگرتنی ئه‌نسۆلین دوابكه‌ون ماكه‌كانی شه‌كره‌یان لێبه‌ردیارده‌كه‌وێت و كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی تر بۆ نه‌خۆشه‌كه‌ دروست ده‌بێت.

بە کورتی دەمەوێت ئەوە ڕوونبکەمەوە کە جۆری یەک و نیوی نەخۆشی شەکرە بە ڕێژەیەکی بەرچاو بوونی ھەیە، بەلام بەشی ھەرەزۆریان وەک جۆری دووەمی نەخۆشی شەکرە دەستنیشان کراون . زۆر گرنگە ئەم جۆرەی شەکرە لە کاتی خۆیدا دەستنیشان بکرێت و دەست بە چارەسەری گونجاو ، واتە وەرگرتنی ئەنسولین بکرێت ، چونکە بەکارھێنانی حەب بە تەنیا کاریگەریەکی ئەوتۆی نابێت بۆ کۆنترۆلکردنی نەخۆشیەکە.

دکتۆر عارف گۆران
پسپۆری ھەناو و فریاگوزاری ھەناو
ڕاوێژکار لە نەخۆشی شەکرەو کوێرەڕژێنەکان
لەندەن

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.