Erbil 12°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 09:50

هێزه‌ سیاسییه‌کانی عێراق له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ کوردییه‌کان له‌باره‌ی پشکی هه‌رێم له‌ بودجه‌ گه‌یشتنه‌ رێککه‌وتن

کوردستان TV
#7
100%

مسته‌فا كازمی سه‌رۆكی وه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كۆبووه‌وه‌ رایگه‌یاند: ئه‌و مادده‌یه‌ی ناو بودجه‌ په‌سه‌ند بكه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان نێردراوه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند: رێككه‌وتنێكی سه‌ره‌تایی له‌نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان و لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دانیشتنی رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوودا پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ساڵی دووهه‌زار و بیست و یه‌ك تێپه‌ڕێندرێت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه كه‌ ئاماژه‌ به‌ ناوی نه‌كراوه‌،‌ به به‌غدا ئه‌لیوه‌می راگه‌یاند، رێككه‌وتنه‌كه‌ دوای گه‌یشتن به‌ لێكتێگه‌یشتن و ته‌وافوق له‌گه‌ڵ هێزه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كان له‌باره‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌دا كراوه‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، ئه‌مڕۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند: مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان بۆ تاوتوێكردنی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ ئاماده‌ بوو".

له‌وباره‌یه‌وه‌ فه‌رمانگه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرایكرد، "لیژنه‌ی دارایی به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زیرانی دارایی، نه‌وت، پلاندانان، نیشته‌جێكردن، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و شاره‌وانی و ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، تاوتوێی ره‌شنووسی پڕۆژه‌ی یاسای بودجه‌یان كرد".

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران دیارترین ته‌وه‌ره‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی دارایی ئاشكراكرد و رایگه‌یاند: "لیژنه‌ی دارایی دووباره‌ ستراتیژیه‌تی بودجه‌ی به‌گوێره‌ی دیدگای ئابووری گشتگیر داڕشته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌ حكومه‌ته‌وه‌ ته‌نیا به‌ دیدگایه‌كی دارایی ره‌وانه‌ كرابوو".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "لیژنه‌ی ناوبراو كۆپییه‌كی ره‌شنووسه‌كه‌ی دوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی راده‌ستی حكومه‌ت كردووه‌" و گوتیشی: "دوای كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی وه‌زیره‌كان و بانگهێشتكردنی زیاتر له‌ سێسه‌د و دوو دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌ت، به‌شێوه‌یه‌كی زانستیانه‌ دیراسه‌ی فشاری خه‌رجییه‌كان و زیادكردنی داهاته‌كان كراوه‌".

به‌یاننامه‌كه‌ی لیژنه‌ی دارایی باسی ئه‌وه‌شی كردووه‌، "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر پاڵپشتیكردنی كه‌رتی تایبه‌ت و هه‌نگاونانی بوێرانه‌ بۆ پشتیوانیكردن له‌ بانكه‌ پیشه‌سازی، كشتووكاڵی و زه‌ویوزار كراویه‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی گه‌شه‌پێدانی گشتگیر به‌و كه‌رتانه‌‌".

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.