ههردوو وەزارەتى خوێندنى باڵا و وەزارەتى پەروەردە پرس و بابەتە هاوبەشەکانى نێوان هەردوو وەزارەت تاوتوێكرد.
نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/2/7 بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئالان حەمە سەعید وەزیرى پەروەردە، کۆبوونەوەى دەورى نێوان هەردوو وەزارەت بە بەشدارى بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى هەردوولا بەڕێوەچوو.
لەسەرەتاى کۆبوونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گرنگى ئەنجامدانى کۆبوونەوە دەورییەکانى (خولى) نێوان هەردوو وەزارەتى بە بایەخ وەسفکرد بۆ تاوتوێکردنى پرس و بابەتە هاوبەشەکانى نێوان هەردوو وەزارەت. بۆ ئەمەش وتى: تێگەیشتنى تەواومان بۆ هەردوو سێکتەرى پەروەردەو خوێندنى باڵا لە کوردستان هەیە، بۆیە بوونى هەماهەنگى و هاوکارى بەردەوام و ئاڵوگۆڕى بیروڕاکان هاوکارمان دەبێت بۆ پێشخستنى زیاترى کەرتەکان.
لەبەرامبەردا ئالان حەمە سەعید وەزیرى پەروەردە لەوتەیەکدا کۆبوونەوە بەردەوامەکانى نێوان هەردوو لاى بەشێوەیەکى دەورى بەگرنگ زانى، بۆ ئەوەى پرس و بابەتە پێویستەکانى نێوان هەردوو وەزارەت لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێبکرێت. گوتیشى: هەردوو وەزارەت کارى زۆرمان بەیەکەوە هەیە، بۆیە دیدارى هاوبەشى هەردوولا بە بەردەوامى گرنگە.
لەبەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا ئەجێنداو بەرنامەى دیدارى فراوان و هاوبەشى نێوان هەردوو وەزارەت تاوتوێکرا کە وا بڕیارە لەداهاتوویەکى نزیکدا بۆ تاوتوێکردن و بڕیاردران لەبارەى بابەتە پەیوەندیدارەکانى هەردوو وەزارەت ئەنجامبدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.