Erbil 14°C چوارشەممە 13 تشرینی دووەم 01:56

رووفاتی 104 قوربانی گوندی کۆجۆ به‌خاکسپێردران

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ رێوره‌سمێكی شایسته‌دا، رووفاتی 104 كه‌س له‌ قوربانیانی گوندی كۆجۆ دوای ئه‌وه‌ی له‌ پزشكی دادوه‌ریی به‌غداوه‌ له‌ لایه‌ن كه‌سوكاره‌كانییه‌وه‌، گه‌ڕاێندرانه‌وه‌ گونده‌كه‌یان له‌ زێدی خۆیان به‌خاك سپێردران.

له‌ میانی ئاماده‌كارییه‌كان له‌ رێوره‌سمی به‌خاكسپاردنی رووفاتی ئه‌و 104 كه‌سه‌ له‌ قوربانیانی گوندی كۆجۆ، گوتارێكی ھه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكی ھه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق پێشكه‌ش كران.

سه‌ره‌تا نه‌وزاد ھادی، نوێنه‌ری سه‌رۆكی ھه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند كه‌ كوردانی ئێزدی له‌سه‌ر جیاوازیی ئاینیی كۆمه‌ڵكوژكران و گوتی: "كۆمه‌ڵكوژی گوندی كۆجۆ بۆ ئێمه‌، رووداوێكی خه‌مبار و سامناك بوو".

نه‌وزاد ھادی باسی له‌وه‌شكرد كه‌ ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر كوردانی ئێزدی له‌ لایه‌ن تیرۆریستانی داعشه‌وه‌ ئه‌نجامدرا، ئامانج لێی تێكدانی پێكه‌وه‌ژیان بوو و گوتی: "ھه‌وڵه‌كانمان به‌و ئاراسته‌یه‌ ده‌خه‌ینه‌ گه‌ڕ كه‌ كوردانی ئێزدی پارێزراو بن".

نوێنه‌ری سه‌رۆكی ھه‌رێمی كوردستان گوتیشی: "رێگری له‌ دووباره‌ كۆمه‌ڵكوژی كوردانی ئێزدی ده‌كه‌ین".

لای خۆیه‌وه‌ دیندار زێباری، نوێنه‌ری سه‌رۆكی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ به‌ڵگه‌ی زۆریان له‌سه‌ر كومه‌ڵكوژی كوردانی ئێزدی پێشكه‌ش به‌ ناوه‌نده‌كانی نێوده‌وڵه‌تیی كردووه‌.

دیندار زێباری ئه‌وه‌شی وه‌بیرھێنایه‌وه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی دژبه‌ داعش شه‌ھید و برینداربوون و گوتی: "رێگری له‌ دووباره‌ كۆمه‌ڵكوژی كوردانی ئێزدی ده‌كه‌ین".

نوێنه‌ری سه‌رۆكی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان، راشیگه‌یاند كه‌ ده‌بێت كارئاسانی بكرێت له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌كانی شنگال بۆ زێدی خۆیان و گوتی: "نابێت ئاسته‌نگی سیاسی له‌ به‌رده‌م ئێداره‌ی شنگال بمێنێت".

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.