Erbil 9°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 22:03

جۆن بۆڵتن: تاکه‌ چاره‌سه‌ر بۆ کێشه‌ی ناوچه‌که‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردستانه‌

ناكرێت رێگه‌ بدرێت ناوچه‌كه‌ له‌ ژێر هه‌ژموونی ئێران دابێت
کوردستان TV
100%


جۆن بۆڵتن، راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا له‌ ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ، رایگه‌یاند، تاكه‌ چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ی ناوچه‌كه‌ درووستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستانه‌ و پێویسته‌ ئیداره‌ی بایدن پشتیوانی زیاتری كورد بكات و ناكرێت رێگه‌ بدرێت ناوچه‌كه‌ له‌ ژێر هه‌ژموونی كۆماری ئیسلامی ئێران بێت.
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، جۆن بۆڵتن راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا له‌ ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ به‌كوردستانی 24 ى راگه‌یاند: من بۆچوونم وابوو کە دەبێت کوردستانی عێراق سەربەخۆ بێت و پشتیوانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیشم کرد. ئێستاش پێموانیە کە حکومەتی بەغدا بتوانێت چیتر وەک حکومەتێکی نیشتمانی مامەڵە بکات.
گوتیشی:  لەراستیدا ئەم حکومەتەی ئێستای بەغدا زیاتر لە حکومەتەکانی پێشوو لەژێر هەژموونی ئێراندایە. میلیشیا شیعەکانی عێراقیش وەک هێزێکی تێکدەر لەو ناوچانەی کە شیعە نین چالاکی دەکەن. بۆیە من پێموایە بۆ سەلامەتی و سەقامگیری ناوچه‌كه‌ واباشترە كورد لە حکومەتی عێراق جیاببنەوە، دەزانم زەحمەتە بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە کە قسە لەگەڵ کۆنگرێسی ئەمریکا بکرێت و گوشاریان لێبکرێت بۆئەوەی ئیدارەی بایدن قایل بکەن کە لەبەرژەوەندی ئەمریکایە پەیوەندی توندوتۆڵی خۆی لەگەڵ كورد درێژە پێبدات و لەناوچەکەش نەکشێتەوە. پێموایە جێبەجێکردنی ستراتیژیی ئیدارەی بایدن کەمێک زەحمەت دەبێت، بەڵام باوەرم وایە، کە لەبەرژه‌وەندی کورد دەبێت.

راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرسه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات رایده‌گه‌ێنێت: ئێستا ئیداره‌ی بایدن خه‌ریكی خۆ رێكخستنه‌وه‌یه‌. پێشتر تره‌مپ جه‌ختی له‌سه‌ر ئێران ده‌كرده‌وه‌. به‌ڵام بایدن باسی له‌وه‌ كردووه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رێككه‌وتنی ناوةكی.
ده‌شڵێت: ئێران واز ناهێنێت له‌ خراپه‌كاری و كێشه‌ بۆ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ درووست ده‌كات و هه‌ریه‌ك له‌ عێراق و یه‌مه‌ن و سووریای هه‌راسانكردووه‌.
راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی كورد له‌ ناو كام هاوكێشه‌یه‌ رایگه‌یاند:  له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مدا گه‌وره‌ترین كێشه‌ بۆ ئه‌مه‌ریكا چینه‌. دوای چین له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا پێویسته‌ هێزه‌ عه‌ره‌بییه‌كان یه‌كبخرێن بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئێران و بۆ سه‌لامه‌تی هه‌موو لایه‌ك له‌ ناویاندا كورد، گرنگه‌ ئیداره‌ی بایدن ئه‌وه‌ بكات و به‌ر به‌ هه‌ژموونی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ بگرێت.

جۆن بۆڵتن دووپاتیكرده‌وه‌: كه‌ دۆناڵد تره‌مپ، له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی سه‌رۆكایه‌تی وڵاته‌كه‌یدا كوردی نه‌ویستووه‌ و گوتی: تره‌مپ خۆی كوردی نه‌ده‌ویست، لایه‌نگری كورد نه‌بوو، پێزانینی بۆ یه‌په‌گه‌ و هێزی پێشمه‌رگه‌ نه‌بوو، كه‌ رۆڵێكی سه‌ره‌كیان هه‌بوو له‌ تێكشكاندنی داعش.

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: له‌ ئیداره‌ی تره‌مپدا هه‌ندێك هه‌بوون نه‌یانده‌ویست ئه‌ردۆغان بچێته‌ رۆژئاوای كوردستان و ئێران رۆڵی هه‌بێت، به‌ڵام نه‌یانده‌توانی هیچ بكه‌ن.

له‌باره‌ی ئیداره‌ی نوێی بایدن و دابه‌شكردنی عێراق راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا رایده‌گه‌ێنێت: جۆ بایدن ئه‌ندازیاری دابه‌شكردنی عێراق بوو بۆ سێ هه‌رێمی كوردیی، سوننی و شیعی، به‌ڵام هێشتا سه‌رقاڵی رێكخستنی تیمه‌كه‌یه‌تی و ئێستا ئه‌و له‌ قۆناغێكی راگوزه‌ردایه‌ و ده‌بێت چاوه‌ڕێ بین بزانین به‌ نیازی چییه‌ و ده‌یه‌وێت چی بكات.
روونیشیكرده‌وه‌، بایدن دانی به‌وه‌دا ناوه‌، كه‌ مانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق گرنگه‌ و پێزانینی باشی هه‌یه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ و ده‌زانێت كرده‌ سه‌ربازییه‌كانی ئێران چه‌نده‌ هه‌ڕه‌شه‌ن له‌سه‌ر سه‌قامگیری ئاسایش و ئارامی عێراق و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌ به‌ره‌ی ئێران نین، كوردیش  له‌ به‌ره‌ی ئێران نییه‌، بۆیه‌ بایدن ئه‌و راستیانه‌ ده‌زانێت.

سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پابه‌ندبوونی ئێران به‌ رێككه‌وتنی ناووكییه‌وه‌، بۆڵتن رای وایه‌، ئێران چیدیكه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناو سنووری خۆی و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هه‌راسانكارییه‌كانی و رایده‌گه‌ێنێت: ئێران هیچ كاتێك ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سنووری خۆی و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و رێگه‌یه‌ی گرتوویه‌تییه‌ به‌ر.

له‌باره‌ی ئه‌مه‌ریكا چی بۆ كورد كردووه‌ جۆن بۆڵتن، راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا له‌ ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ رایده‌گه‌ێنێت: له‌ 20 ساڵی رابردوودا ئه‌مه‌ریكا زۆر كاری بۆ كورد نه‌كردووه‌. ته‌نانه‌ت هیچ كه‌سێك ئه‌وه‌ی پێویست بووه‌ بۆ كورد بیكات، نه‌یكردووه‌. كورد و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی و پێشمه‌رگه‌ هه‌رێمی كوردستانی پاراستووه‌، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێران پڕوپاگه‌نده‌ی بۆ ده‌كات، گوایه‌ ئه‌وان هه‌ولێریان له‌ به‌رامبه‌ر داعش پاراستووه‌. ئێران به‌رده‌وام پڕوپاگه‌نده‌ بڵاوده‌كاته‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌ردۆغانیش دژی كورده‌ و درێژه‌ به‌ سیاسه‌تی عوسمانییه‌كان له‌ دژی كورد ده‌دات و پڕوپاگه‌نده‌كانیان هیچ راستییه‌كیان تێدا نییه‌. ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ هه‌وڵ و تێكۆشانی كورد بووه‌ و كورد خۆی ئه‌مه‌ی كردووه‌.

له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ئه‌فغانستان و عێراق جۆن بۆڵتن گوتی: ئیداره‌ی بایدن له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌یه‌ له‌ ئه‌فغانستان، به‌ڵام هێزه‌كانی له‌ عێراق ده‌هێڵێته‌وه‌ و كشانه‌وه‌ له‌ عێراق هه‌ڵه‌. چونكه‌ ئێمه‌ بینیمان دوای راگه‌یاندنی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ سووریا و پشتبه‌ردانی یه‌په‌گه‌ و كورد چه‌ند هه‌ڵای له‌سه‌ر درووست بوو.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: تره‌مپ كوردی نه‌ده‌ویست، زۆر باش تێنه‌ده‌گه‌یشت، ئه‌نجامه‌كه‌شی ئه‌وه‌ بوو، كورد ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ گرنگه‌ له‌ ده‌ست بدات.

جۆن بۆڵتن، راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا له‌ ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ ده‌شڵێت: له‌ سووریا تره‌مپ ئامانجێكی دیاریكراوی نه‌بوو، ته‌نیا ده‌یویست نه‌وته‌كه‌ نه‌كه‌وێته‌ ده‌ست ئێران، رووسیا و حكومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد: كه‌ هێشتا نازانێت بۆچی تره‌مپ بڕیاری كشانه‌وه‌ی له‌ سووریا دا، له‌ كاتێكدا ئه‌وان له‌وه‌ سه‌ركه‌وتووبوون نه‌وته‌كه‌ نه‌كه‌وێته‌ ده‌ست ئێران و دیمه‌شق و رووسیا.

 جۆن بۆڵتن، راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له‌ ئیداره‌ی پێشووی ئه‌مه‌ریكا، گوتیشی: ئێمه‌ له‌ ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ، هه‌وڵی خۆمان دا، تاكه‌ چاره‌سه‌ر بۆ  كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ درووستبوونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستانه‌.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.