جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا رایدهگهێنێت ئەو هێزەی داعشی تێکشکاند و هەولێری پاراست پێشمەرگەبوو. دهشڵێت هێشتا مەترسی داعش لە شوێنی خۆیەتی، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان پارێزراوە.
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بەشداری لە مەراسیمی یادی 17 ساڵەی تەقینەوە تیرۆریستییەکانی یەکی شوباتی سەر هەردوو بارەگای لقی دووی پارتی و مەڵبەندی سێی یەکێتی کرد لە پارکی سامی عەبدولرەحمان لە هەولێر.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لە مەراسیمەکەدا بۆ رۆژنامەنووسان دوا و رایگەیاند میللەتی ئێمە مێژوویەکی خوێناوی و رابردوویەکی ناخۆشی هەیە، بەڵام میللەتی کورد هەمیشە کۆڵنەدەر و تێکۆشەر بووە لە پێناو بەدەستهێنانی مافە رەواکانیدا.
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربارەی شەڕی داعش و رۆڵی پێشمەرگە لە تێکشکاندنی داعشدا دوا و و گوتی:بە دڵنیایی ئەوەی داعشی تێکشکاند هێزی پێشمەرگە بوو لە سەرتاسەری سەنگەرەکان هێزی پاراستنی هەولێر و کەرکووک و هەموو ناوچەکانی دیکەش هێزی پێشمەرگەبوو، پێشمەرگە ئەو هێزەبوو کە مەیدانییەن فیداکاری دەکرد و زیاتر لە 13 هەزار شەهید و بریندار و کەمئەنداممان هەیە لەو شەڕەدا.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا گوتیشی: ئەو هێزەی داعشی تێکشکاند و هەولێری پاراست پێشمەرگەبوو
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا دەربارەی هاوکارییە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانیش بۆ هێزی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا رایگەیاند لە سەرەتای شەڕەکەشدا هیچ پشتیوانییەکمان نەبوو، دواییش ئەو پشتیوانیانەی کە هاتن، ئەو پێداویستییانەی کە پێویستبوو بۆ هێزی پێشمەرگە دابین بکرێت لەسەدا یەکیشی دابین نەکرا، راستە بە پشتیوانی نێودەوڵەتیی توانیمان داعش بەتەواوی تێکبشکێنین، بەڵام پارێزگاریکردن لە شارەکان و دروستکردنی هێڵێکی بەرگریی بەهێز، پێشمەرگە کردی و پێشمەرگەش توانی هەولێر بپارێزێت لەو هێرشانە.
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا دەربارەی رۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی لە شەڕی داعشدا، گوتی: جەنابی سەرۆک فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە هەر لە جەلەولا و سەعدییە هەتاوەکو دەچیتە شنگال، جەنابیان سەرۆکی هەرێم بوون بە یاسا فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە و هەموومان لەژێر فەرمانی جەنابی سەرۆکدابووین.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا راشیگهیاند: ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان پارێزراوە، مەترسی داعش لە شوێنی خۆیەتی و بابەتی تەعریب و هاتنەوەی عەرەبە هاوردەکراوەکانیش بۆ داگیرکردنی ماڵە کوردەکان بەردەوامە لە ناوچەکانیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.