Erbil 14°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 18:29

جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان: دوژمنان و رقهەڵگران بە یەکڕیزی و تەبایی میلله‌ت ناڕەحەت و نیگەرانن

کوردستان TV
100%


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 1 ى  2 ى 2021 ،  17 ساڵ به‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌كانی یه‌كی شوبات له‌ باره‌گاكانی پارتی و یه‌كێتی له‌ هه‌ولێر تێده‌په‌ڕێت .

17 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له‌ 1ی شوباتی 2004، له‌ هه‌ریه‌ك له‌ باره‌گاكانی لقی 2ی پارتی دیموكراتی كوردستان و مه‌ڵبه‌ندی 3ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، له‌كاتی پێشوازیكردن له‌ میوانان بۆ جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌، دوو ته‌قینه‌وه‌ هه‌ردوو باره‌گای لقی دووی  پارتی دیموكراتی كوردستان  و مه‌ڵبه‌ندی سێی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌ئامانج گرت ، به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ندین سه‌ركرده‌ و كادر و هاووڵاتی  له‌هه‌ردوو پارتدا شه‌هید و برینداربوون ، له‌م یاده‌شدا  د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌ .
ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان:
په‌یامى د.هێمن هه‌ورامی له‌ساڵیادی كاره‌ساتی یه‌كی شوبات-دا
ساڵێکی دیکەش بەخەمناکییەوە، یادی کارەساتی جەرگبڕی ١ی شوبات دەکەینەوە، کارەساتێک لەبەرەبەیانییەکدا گیانی پۆلێک رۆڵەی قارەمان و سەرکردەی ئەم میللەتەی لەگەڵ خۆی راپێچکرد، لەو بەرەبەیانە کەخەڵک سەرگەرمی جەژن و گێڕانی شادی بوون، تیرۆریستان پیلانێکی چەپەڵ و نامەردانەیان جێبەجێکردو یەکەم ڕۆژی جەژنیشیان بەکارهێنا بۆ جێبەجێکردنی پیلانە گڵاوەکەیان بەسوود وەرگرتن لەمیوان دۆستی و برایەتی و یەکڕیزیی خەڵک و خەباتکارانی کوردستان.
١ی شوبات هەم درێژکراوەی تاوانکاریی دوژمنان بوو لەدژی خەڵکی کوردستان، هەمیشه‌ دووپاتکردنەوەی ئەو راستییە بوو کەدوژمنان و رقهەڵگران بەیەکڕیزی و تەبایی ئەم میللەتە ناڕەحەت و نیگەرانن، ئەوان هەموو دەرفەت و هەلێک بۆ تێکدانی هەرجۆرە نزیکی و یەکڕیزییەک لەدەست نادەن و سێرەیان هەمیشە بەئامانجی تێکدانی تەبایی دانابڕێنن، تاکو ئێستاش هەڕەشەی راسته‌قینه‌ لەسەر قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان هەیە.
ئەم یاده‌ لەکاتێکدایە کەداعش لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداره‌ى هەرێم هەرەشەی راسته‌قینه‌ن لەسەر کوردستان و هەموو پێکهاتەکانی دەڤەرەکەو پێویستە هەموومان بەیەکەوە رووبەڕووی ئەو مەترسییانە ببینەوە.
لەکۆتاییدا، جارێکی دیکە سەرەخۆشی لەهەموو خەڵک و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەکەین و سه‌رى رێزو نه‌وازش بۆ شه‌هیدانی یه‌كی شوبات و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كوردستان داده‌نوێنین.
د.هێمن هەورامی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
١ی شوباتی ٢٠٢١
 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.