Erbil 10°C شەممە 28 کانونی یەکەم 00:50

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: 3 پێشنیاز ھەیە لەبارەی پشکی ھەرێمی کوردستانه‌وه‌

کوردستان TV
100%


 جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگه‌یاند، گفتوگۆکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا ئەرێنین و باش بەڕێوە دەچن. دەشڵێت: ئومێدەوارین بگەنە رێککەوتن و پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیر بکرێت، بۆیە چاوەڕێ دەکەین ئەم ھەفتەیە پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە بێت و بخرێتە دەنگدان بۆ پەسەندکردن.

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق رایده‌گه‌ێنێت: دانوستان و گفتوگۆکانی نێوان شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا بەردەوامییان دەبێت و تاوەکو ئێستا گفتوگۆکان ئەرێنین، بۆ ئەوەی بتواندرێت ئەو بەربەستانەی لە بەردەمیان ھەیە، نەیانھێڵن و پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیر بکرێت، ئومێدەواریشین لەم دوو رۆژەدا بگەینە ئەوەی دانراوە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا لەبارەی ھەرێمەوە، کە بەو شێوەیە بمێنێتەوە یاخود بە شێوەیەک بێت لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندا بێت.

ده‌شڵێت: تاوەکو ئێستا  گفتوگۆکان باش بەڕێوە دەچن و کێشە دروست نەبووە و ئەنجامەکانیش لە کۆتاییەکاندا دەردەکەون، بۆیە ھیوادارین کەشە ئیجابییەکان بەردەوام بن و سەرەڕای ئەوەش کە لێرەولەوێ قسە ھەیە، بەڵام ئومێدەوارین شیعەکانیش بگەنە رایەک بۆ ئەوەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا بگەنە رێککەوتن.

ڕوونیشی کردەوە: سێ پێشنیاز ھەیە لەبارەی پشکی ھەرێم، ئەوانیش، ھەموو مەلەفەکە رادەستی بەغدا بکرێت، یاخود 450ھەزار بەرمیل بدرێتە بەغدا و پێشنیازێکی دیکەش ئەوەیە، 250ھەزار بەرمیل بدرێتە کۆمپانیای سۆمۆ، بۆیە گفتوگۆکان بەردەوامن و چاوەرێ دەکرێت پێشنیازێک یەکلا بکرێتەوە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق راشیده‌گه‌ێنێت: چاوەرێ دەکرێت لەم ھەفتەیەدا پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە بێت و بخرێتە دەنگدان بۆ پەسەندکردن.

 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.