Erbil 9°C شەممە 11 کانوونی دووەم 20:47

راوێژکارێکی مسته‌فا کازمی: کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی چاودێریی ھه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق ده‌کات

کوردستان TV
100%

عه‌بد حوسێن ھینداوی، راوێژكاری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ كاروباری ھه‌ڵبژاردنه‌كان، رایگه‌یاند كه‌ چاودێركردنی ھه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، مانای سه‌رپه‌شتیكردن و به‌ڕێوه‌بردنی پڕۆسه‌كه‌ نییه‌.

عه‌بد حوسێن ھینداوی له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانییدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ چاودێركردنی ھه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ له‌ ھه‌موو جیھان ھه‌یه‌ و عێراق داوای له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كردووه‌ كه‌ چاودێری پرۆسه‌كه‌ بكات و گوتی: نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئه‌نجامدانی ھه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد و چاوێریكردنی پڕۆسه‌كه‌ دووپاتكردووه‌ته‌وه‌.

گوتیشی: چاودێریكردنی ھه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ مانای سه‌رپه‌شتیكردن و به‌ڕێوه‌بردنی پڕۆسه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكو ته‌نھا چاودێریكردنه‌.

راوێژكاری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ كاروباری ھه‌ڵبژاردنه‌كان، باسی له‌وه‌شكرد كه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ ھه‌ریه‌ك له‌ تۆڕه‌كانی شه‌مش، حامورابی و ته‌مووز هه‌روه‌ها تیمه‌كانی پارێزه‌ران چاودێری پرۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن و گوتی: له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش، چاودێری پڕۆسه‌ی ھه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ زیان به‌ سه‌روه‌ریی وڵات ناگه‌یه‌نێت، ته‌نانه‌ت پارته‌كانیش له‌ رێگای بریكاره‌كانی خۆیانه‌وه‌ چاودێریی ھه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

گوتیشی: كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی ھه‌ڵبژاردنه‌كان، خۆی پلان و به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌كه‌ داده‌نێت، به‌و پێیه‌ی پرسه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ عێراقییه‌كان و ئه‌نجامدانیشی ته‌نھا به‌رپرسیارێتیی عێراقییه‌كانه‌.

عه‌بد حوسێن ھینداوی راشیگه‌یاند كه‌ دیدار له‌گه‌ڵ شاندی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا سه‌باره‌ت به‌ پێشكه‌شكردنی پاڵپشتیی ھونه‌ری، لۆجستیی و چاودێریكردن بۆ ئه‌نجامدانی ھه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌ عێراق ئه‌نجام ده‌درێت و گوتی: یه‌كێتیی ئه‌ورووپا په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ كۆمیسیۆن و ژماره‌یه‌ك دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌ت ھه‌یه‌.

شایانی باسه‌ بڕیاره‌ ھه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌ ١٠ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ ئه‌نجام بدرێت.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.