Erbil 31°C ھەینی 20 ئەیلوول 17:42

رۆمانی سوور و رەشی ستاندال و پرسی هەڵکشانی کۆمەڵایەتی

رووداوەكانی لە رووداوێكی راستەقینە وەرگرتووە
کوردستان TV
100%

ئاكۆ عەبدوڵا

ستاندال (1783 -  1842) وەك یەك لە نووسەرە دیارەكانی فەرەنسی لە سەدەی نۆزدە، لەتەك بەلزاك بە دامەزرێنەرێكی دیكەی رۆمانی ریالیزمی دادەنرێت. لە رێگەی شۆڕبوونەوە بەرەو جیهانی ناوەوەی مرۆڤ و ئەنجامدانی شیكاری قووڵی دەروونییانەی كەسەكان، رۆڵی دیاری گێراوە لە داڕێژتنی رۆمانی نوێی ئەو سەردەم. ناوەڕۆكی رۆمانەكانیشی گوزارشت لە بارودۆخی كۆمەڵگە دەكەن. وەك ئاوێنەش وان بۆ پێچەوانەبوونەوەی وێنە دزێوەكانی ئەوسای كۆمەڵگەی فەرەنسی، بەتایبەتی لە لادانی ئامانجەكانی شۆڕشە مەزنەكەی.

ناوبراو ساڵی 1830 رۆمانی (سوور و رەش Le Rouge et le Noir) ی بڵاوكردەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی دژی باو لەنگەری گرتبوو بۆیە بەو جۆرە پێشوازی لەو رۆمانەی و ئەوانەی پێشووشی نەكرا. بەڵام دواتر وەك شاكارێكی گرنگی جیهانی دانرا. رەخنەگرێك لە ئاست خاوەنەكەیدا نووسیویەتی (نووسەرەی ئەو رۆمانە وەك پزیشك ستێسۆسكۆپ (سەماعەی) ی بەكارهێناوە و بەوپەڕی وردی لەسەر سینەی فەرەنسای داناوە تاكو گوێی لە ترپەكانی بێت). ئەو بەرهەمە بە لوتكەی رۆمانی كۆمەڵایەتی و سایكۆلۆجی دادەنرێت. رووداوەكانی لە رووداوێكی راستەقینە وەرگرتووە، لە دادگاییكردنێكی ناوداری ئەوسای فەرەنسا (دادگاییكردنی كوڕی ئاسنگەرێك ساڵی 1827لە شاری ڤرینوبیل). باس لە هەوڵەكانی لاوێكی لادێیی دەكات كە زمانپاراو و ژێر و لێزانبوو. لە رێگەی كۆكردنەوەی بەهرەكانی و كاری  مكوڕانە و هەڵخەڵەتاندن و تەڵەكەبازی، دەیەویست لە رووی كۆمەڵایەتی هەڵبكشێ و بگاتە چینی ئارستۆكراتی. ئەو كوڕە ناوی جولیان سوریلە، كوڕی بۆرجوازێكی بچوكی دارتاشە. بۆ گەیشتن بە هەڵكشانی كۆمەڵایەتی سەرەتا بیر لەوە دەكاتەوە ببێتە سەرباز بەڵام دوای شكستی ناپلیۆنی پاڵەوانە نمونەییەكەی، ئەو حەزەی دەپووكێتەوە، بۆیە چووە ناو ژیانی كەهنوتی و رێچكەی قەشەیەتی گرتەبەر. لێهاتوویی كەسایەتییەكەشی وەهای كرد راندالی پارێزەری شار داوای لێبكات وانە بە منداڵەكانی بڵێت. جولیان ئەو كارە بە هەلێكی لەبار دەزانێ بۆ چوونە ناو چینی ئارستۆكراتی، بۆیە لە ماڵی ئەودا بەبێ دوو دڵی كاری كرد بۆ لەخشتەبردنی ژنەكەی راندال. ئەو ژنە پێشتر ئاشنای خۆشەویستی نەببوو. بە هۆی شەرمیش لەبەرامبەر جولیان هەستی بە بەختیاری دەكرد، بۆیە بەبێ ئەوەی ئاگاداربێت خۆی وەها لێكرد ببێتە مایەی كێشندەیی ئەو. تا رۆژێك لە خۆی پرسی : "ئایا ئەوەی هەستیپێدەكەم لە بەرامبەر ئەو كوڕە، خۆشەویستییە؟". ئەو هەستە وەهای لێكرد لەیەك كاتدا هەست بە دڵەڕاوكە و بەختیاری بكات و لە دیدی خۆشیدا رووانینی بۆ جیهانی دەورووبەری بگۆڕێ. جولیانیش دڵنیابوو ئەو پێوەندییە بەشێك لە شكۆ و هەڵكشانی بۆ دەستەبەر دەكات. بۆیە زیاتر گرنگی بە پرسی خۆشەویستی دا و كردییە هۆكار بۆ گەیشتن بە مەبەست. بەو جۆرە تا دەهات بیركردنەوەی ژنەكەی راندال زیاتر ئاڵۆز و ناجێگیر دەبوو و لە خۆشی دەپرسی : "دەبێت من ئاشق ببووم. من هاوسەرم هەیە؟ من هەرگیز رۆژێك بەرامبەر هاوسەرەكەم هەستم بەو جۆرە شێتییە نەكردییە كە وەهام لێدەكات نەمەوێت جولیان لە بیرم دەركەم... دواتر ئەو كوڕە رێزی بۆم هەیە .... نەخێر ئەوە تەنیا بڕواپێكردنی شێتانەییە، دواتر كۆتایی پێدێت". كار بەوە دەگات دەبنە ئاشقی یەكتری و لەناو خەڵكیش قسە و قسەڵۆك بڵاودەبێتەوە. بۆ دوورخستەوەی ئەو ریسواییە، جولیان بۆ كڵێسەی بیزانسۆن دەگوازرێتەوە. لەوێشدا دەبێتە مایەی سەرسامی (جیرارد) ی بەڕێوەبەر. ئەویان هانیدەدات و پشتی دەگرێت تاكو ببێتە قەشە، بەتایبەتیش لەبەر تێكۆشان و جیاوازی ئەو بەسەر كەسەكانی دەوروبەری. هەر بۆیە قوتابی و قەشەكان ئیرەیی پێدەبەن. كاتێكیش لەبەر بەشداریكردنی كڵێسە لە پیلانە سیاسییەكان، جیراردی بەڕێوەبەر دەستلەكاردەكێشێتەوە. ئەوسا جولیان هەست بەوە دەكات پارێزبەندییەكەی لەدەستدەدات، بۆیە ئەو دیاری دەكات بۆ ئەوەی ببێتە سكرتێری (ماركیز دو مول) ی هاوڕێی لە شاری پاریس. ئەوسا جولیان دڵنیادەبێت ئەو شوێنە جارێكی دیكە یارمەتی دەدات بۆ ئەوەی بە مەبەستەكەی بگات و بچێتە ناو چینی ئارستۆكرتی، بۆیە ئەو هەلە لە دەست نادات. كاتێكیش ماتیلدای كچی ماركیز دەبینێ، ئەو پێی سەرسام دەبێت. یارمەتیشی دەدات بۆ ئەوەی لە سەربازی ببێتە ئەفسەر. بەو جۆرە دەست تێكەڵ دەكەن. كاتێكیش ماتیلدا بە باوكی رادەگەیەنێ لە جولیان دووگیانبووە، لەبەر ئەوەی زۆری خۆشدەویست بۆیە داوای لێدەكات نازناوێكی بەرزی پێببەخشێ و پیرۆزبایی هاوسەرگیریشیان لێبكات. بەو جۆرە خەریك بوو جولیان بە مەبەستەكەی بگات و لە خۆشیان باڵبگرێ. لەو كاتەدا لەلایەن هاوسەرەكەی راندال نامەیەك بە ماركیز دەكات و تێیدا پێی رادەگەیەنێ جولیان كوڕێكی خۆپەرست و وێڵە و هیچ ئامانجێكیشی نییە جگە لە كۆكردنەوەی سامان. بەوەش خەونەكەی جولیان تێكدەچێ. وەك كاردانەوە بە توڕەیی دەچێتە ماڵی راندال و بەبێ دوودڵی دەمانچە لەسەر خاتوو رینال (هاوسەرەكەی راندال) رادەگرێ. لەگەڵ ئەوەی هاوسەرەكەی راندال لە مردن رزگاری دەبێت، بەڵام دادگە بڕیاری لە سێدارەدان بۆ جولیان رادەگەیەنێ. لەناو دادگەدا گرێی چیرۆكەكە دەگاتە لوتكە كە تێیدا ستاندال پەردە لەسەر واقیعی كۆمەڵگەی ئەوسای فەرەنسی هەڵداوەتەوە. ئەوەش لە رێگەی وتارەكەی جولیان دەردەكەوێ كە روونیدەكاتەوە ئەو حوكمەی بەسەری دراوە بۆ مەبەستی لەباربردنی خەونی هەر تاكێكە لە تاكەكانی چینی هەژاری ناو كۆمەڵگە گەر بیەوێت هەڵبكشێ. دواتر ئەو بە سزایەكە رازی دەبێت و نامەیەكیش بۆ ماتیلدای خۆشەویستی دەنووسێ و تێیدا پێی رادەگەیەنێ خەونەكەی تەنیا حەزێكی قەڵپ بوو و لە ژیانی راستەقینەی خۆشی دەریكێشاوە. پێشی رادەگەیەنێ خۆشەویستی بۆ خاتوو رینال راستگۆیانەبوو. ئەوسا جولیان كە لە بەندیخانە چاوەڕوانی جێبەجێكردنی حوكمەكەی دەكرد، جۆرێك لە ئازایەتی لێدەبینرا. دوای بەجێگەیاندنی حوكمەكە، ماتیلدا لەگەڵ كۆمەڵێك كەس كە هەندێكیان قەشەبوون، خۆشەویستەكەی خۆی بەرەو ئەو گۆڕە دەبات كە بۆی دیاریكردبوو.

شایانی باسە ناونیشانی ئەو رۆمانە ئاماژەیە بۆ پەشێوی نێوان بەرژەوەندی ئایینی و عیلمانیانەی پاڵەوانەكە. گوزارشتیش لە ململانێی سەربازی و ئایینی ئەوسا دەكات. نووسەر سەربازییەكەی لە رەنگی سوور و ئایینیەكەشی لە رەنگی رەشی قەشەكان كۆكردۆتەوە. ئەمەو تێیدا زۆر لێهاتووانە چۆتە ناو رۆمانسی و بە لوتكەی گەیاندووە. لوتكەیەك كە كۆتاییە تاڵەكەی بەو جۆرە نەبووە كە رۆمانسییەكان پێشبینییان دەكرد.

جێگەی باسە ستاندال لە سەردەمێك ژیا كە جەنگ و پەشێوییە بەردەوامەكان و شۆڕشە كۆمەڵایەتییە گەورەكانی بەخۆوەبینی. ئەو ململانێیە توندەش نەك تەنیا فەرەنسا بەڵكو بەناو وڵاتانی دیكەی ئەوروپاش تەنیبۆوە. سەردەمی ناپلیۆن و هەڵمەتە سەربازییەكانی، كاریگەری زۆریان لە پێكهاتەی كەسایەتی ستاندال كرد و كاردانەوەشیان بەسەر رۆمانەكانی زۆربوو. تەنانەت ژیانی ستاندالیش پەیوەستبوو بە گەشانەوە و سستبوونی ئەستێرەی ناپلیۆن. ئەمەو ژیانێكی پەشێوانەشی بەسەربرد. ژیانی كەسێكی گەڕۆك كە لە شوێنێك ئۆقرە نەگرێت. هەردەمیش لە تێكەڵاوبوون بە كەش و ناوەندە ئەدەبییەكان خۆی بە دوور دەگرت. بۆیە ئەدەبەكەی هاوشێوەی ئەدەبی هاوچەرخەكانی ناسراونەبوو. زۆربەی كتێبەكانیشی لە رۆژگاری خۆیدا چاپنەكران و گرنگیشیان پێنەدرا. خودی ستاندالیش پێشبینی ئەو بارەی كردبوو، وەك وتی: "ناناسرێم تا دوای سەد ساڵی دیكە!".

ktv

كوردستان TV

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.