Erbil 33°C ھەینی 20 ئەیلوول 12:20

کتێبی ”براند کوردستان”هەوڵێکی جیددی بۆ دەرخستنی گەشە و فرەچەشنی لە هەرێمی کوردستاندا

کتێبەکە باسی خوێندنی باڵا، ئاسایش، سرووشت و تەندروستیی گشتیی کردووە
کوردستان TV
100%

جەواد قادر
لەم هەفتەیەدا دوای ماوەیەکی زۆر چاوەڕوانی، كتێبی ”براند کوردستان” - Brand Kurdistan، کەوتە بەردەستی خوێنەران. 
کتێبەکە، کە بە زمانی ئینگلیزی و بە قەبارەی ١٣٢ لاپەڕە بڵاو بووەتەوە، هەوڵێکی بەرچاوە بۆ ئاشناکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاریی خوێنەرانی ئینگلیزیزان لەسەر لایەنە جیاوازەکانی ژیان لە هەرێمی کوردستاندا. 

ئەم کتێبە ئەگەرچی بە تایبەت بۆ خوێنەری دەرەوەی هەرێمی کوردستان نووسراوە، بەڵام بۆ خوێنەرانی ناوەوەیش، تازەیی و سەرنجڕاکێشبوونی گومان هەڵناگرێت. 
کتێبەکە، کە پێدەچێت بە پشوودرێژییەوە ئامادە کرابێت، پێنج ڕووبەری جیاوازی دەستنیشان کردووە و لە ڕێگەی ئەم پۆلێنکردنەوە، هەوڵێکی سەرکەوتووانە دەدات بۆ ناساندنی لایەنی دیار و نادیاری ژیان لە هەرێمی کوردستاندا. 
”براند کوردستان” کارێکی باشی کردووە کە ناساندنەکە لە ڕێگەی پێنج ڕووبەری حوکمڕانی و دیپلۆماسی، ئابووری، گەشتیاری، کوالێتیی ژیان و هەروەها فەرهەنگ و پێکەوەژیانەوە ئەنجام دەدات. بۆ ئەم کارەش، تەنیا بەوە نەوەستاوە کە ڕووکەشییانە باسی ژیان و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا بکات، بەڵکوو پەلی کێشاوە بۆ مێژوو، کۆمەڵناسی، نیزامی ئابووری و ئایین لە کوردستاندا. 
کتێبەکە نایشارێتەوە کە ئاستەنگی گەورە لەبەردەم هەرێمی کوردستاندا هەبوون و هێشتایش ماون، بەڵام هاوکات سەرنج بۆ خۆڕاگری، مەیلی نوێخوازی و پاراستنی ڕەسەنایەتی و دۆزینەوەی ڕێچارەی کوردستانییانە دەبات و ئەو هەوڵانە تێدەخوێنێتەوە کە هەم لە لایەن دەستەڵات و هەم لە لەلایەن خەڵکەوە هەن بۆ نزیکترکردنەوەی هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵگەی جیهانییەوە. 
لە پرسی حوکمڕانیدا، پەرتووکەکە باسی ئەو ڕێگە درێژە دەکات کە هەرێمی کوردستان بڕیویەتی بۆ ئەوەی نەک هەر تەنیا سیستەمی پەرلەمانی بچەسپێنێت، بەڵکوو ددانپێنانی نێودەوڵەتیش مسۆگەر بکات. لە بابەتی ئابووریدا، براند کوردستان باسی ئەو وەرچەرخانە دەکات کە دوای ٢٠٠٣ لە هەرێمی کوردستاندا هاتە کایەوە و هەوڵی سەرکەوتووانەی هەرێم لە دەستەبەرکردنی یاسای وەبەرهێنان دەخاتە ڕوو کە ڕێگەی هەموار کرد بۆ هاتنی بە لێشاوی کۆمپانیا بیانییەکان و دروستکردنی دەرفەتی کار لە وڵاتەکەدا.
لە پرسی گەشتیاریدا، كتێبەكە باسی ژمارەیەکی زۆر لە شوێنی گەشتیاری لە کوردستاندا دەکات کە نەک تەنیا بۆ خەڵکی خوارووی عێراق، بەڵکوو بۆ هاووڵاتیانی ناو هەرێم و دەرەوەی عێراقیش لە ساڵانی ڕابردوودا بوونەتە شوێنی پشوو و دەرامەت. 
بۆ پرسی کوالێتیی ژیان و بابەتی ژینگە، کتێبەکە باسی خوێندنی باڵا، ئاسایش، سرووشت و تەندروستیی گشتیی کردووە و لەو ڕووانەوە ژیانی لە کوردستاندا تێخوێندووەتەوە. لە پرسی فەرهەنگیشدا، ڕووماڵی ئەو پێکەوەژیانە ئاشتییانەی کردووە کە وەک پرەنسیپێکی سازشلێنەکراو، هانی کرانەوەی زیاتری کۆمەڵگەی کوردستانی داوە.
براند کوردستان، پەرتووکێکی گرینگە بۆ ئاشناتربوون و تێگەیشتن لە ژیان و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا و خوێندنەوەی نائومێدمان ناکات.

ktv

ktv

ktv

كوردستان TV

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.