Erbil 10°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 18:18

به‌ریتانیا: خوازیارین پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەرەو باش بوون بچێت

کوردستان TV
100%

د. هێمن هەورامی لەگەڵ شاندی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق تاوتوێی دۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دەکات.
لە دیدارێکی نێوان د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و شاندی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا، تاوتوێی دۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، و زیادبوونی جموجۆڵەکانی داعش، و پرۆسەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان کرا.
 راگه‌یاندنی په‌رله‌مانی كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازی لە جەیمس داونەر جێگری باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، و جەیمس سۆرنتن کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
رایده‌گه‌یه‌ننـ، لە دیدارێکدا، کە ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران لە فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان ئامادەی بوون، د. هێمن هەورامی تیشکی خستە سەر کارە لەپێشینەکانی پەرلەمانی کوردستان، کە لە ئێستادا بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دەکات، و ئەو پرۆسەیەش هەنگاوی باشی بەڕێکردووە، لەمبارەیەشەوە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ پرۆسەی چاکسازی، لە ماوەی رابردوو لەگەڵ لێژنە پەیوەندارەکان سەردانی ژمارەیەک لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە. لەلایەکیترەوە باسی لە پرۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان کرد، کە رەنگە لە مانگی ئازار لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە رەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بە مەبەستی هێنانەدی شەفافیەتی زیاتر لە داهات و خەرجییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان .
 لە درێژەی دیدارەکەدا، باس لە دۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی عێراق، و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا کرا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند؛ " لە ئێستادا گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، و هێورکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان بەردەوامە، و هیوای خواست هەنگاوی باش بنرێت بە ئاراستەی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە و گرفتەکان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدراڵ، هاوکات داوای لە بەریتانیا و دۆستەکانی کوردستان کرد، کە لەم پێناوەداهەوڵی ناوەندگیری لە نێوان هەردوولا بدەن، هەروەها ئاماژەی بە گرنگی گەرانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد بۆ پاراستنی دۆخی ناوچە دابڕاوەکان و سەرجەم پێکهاتەکان لە پەلامارەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش، کە لە ئێستادا جموجۆڵەکانیان لەو ناوچانە روو لە زیادبوونە.  
لە میانەی دیدارەکەدا، د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، تیشکی خستەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، ئاماژەی بە گرنگی یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد بە تایبەت لە ناوچە دابراوەکاندا، تا بتوانن دەنگی راستەقینەی کورد لەو ناوچانە بۆ هەڵبژاردن مسۆگەر بکەن.
لەلایەن خۆیانەوە، جێگری باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و کۆنسوڵی گشتی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان، رایانگەیاند؛ وڵاتی بەریتانیا خوازیارە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەرەو باش بوون بچێت، و کێشەکانیان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق چارەسەر بکەن، ئامادەیی خۆشیان بۆ هاوکاری هەرێمی کوردستان و نێوەندگیری لە نێوان هەولێر و بەغدا نیشاندا.

 

دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز
 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.