دوای داگیركردنی شارۆچكەی مەخموور لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، بە فەرمان و سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی، رۆژی 10ی ئابی 2014 ھێزی پێشمەرگەی كوردستان ھێرشی كردە سەر مەخموور و وەك فەرماندە بەشدارەكانی شەڕی مەخمووریش دەیگێڕنەوە، ھێزی پێشمەرگە توانی لە ماوەی یەك كاتژمێردا مەخموور ئازاد بكات. جێگری ئەوكاتی میحوەری مەخمووریش دەڵێ، ئاشكرایە كێ و چۆن مەخموور ئازاد كرا.
حوسێن یەزدانپەنا، سەرۆكی پارتی ئازادیی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: رووداوی ئازادكردنی مەخموور ھێندە دوور نییە تا بەڵگە و دۆكیومێنت لە بەردەستدا نەبێت لەسەر چۆنیەتیی ئازادكردنی مەخموور و شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش، شەڕی داعش و ئازادكردنی مەخموور دوێنێ بوو، سەرھەڵدانی داعش رووداوێكە ھەر دەوڵەتێك دوور و نزیك خۆی تێدا بینیوە، ئەوەندەی بۆ ئێمەی كورد دەگەڕێتەوە، ئەو رۆژەی داعش ھێرشی كردە سەر كوردستان و جینۆسایدی دەست پێكرد، پێشمەرگەی كوردستان بەرەنگاری داعش بوونەوە ئەویش لە ژێر یەك فەرماندەی گشتی، كە ئەویش سەرۆك بارزانی بوو، بەرگری لە كوردستان و تێكشاندنی داعش لە مەخموور، سنووری حزبی و سیاسی و ھەموو شتێكی بڕی، لەبەر ئەوە بووە ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتیمانی ھەمووان، ئەو ھێزەی بەرەنگاری چەكدارانی داعش بووەوە و پاشەكشەی بە داعش كرد لە پاراستنی ھەولێر و لە مەخموور و خازر، پێشمەرگەی كوردستان بوون بەرپەچی داعشیان دایەوە.
سەرۆكی پارتی ئازادیی كوردستان دهشڵێت: یەكەم فیشەك بەرامبەر بە داعش تەقێندرا، فیشەكی پێشمەرگەی كوردستان بوو، دواتر ھاوپەیمانان ھەم وەك دۆستی ھەرێمی كوردستان و ھەمیش وەك درككردن بە مەترسیی داعش، ھاتنە سەر خەت و ھاوكاریی ھێزی پێشمەرگەیان كرد و ئەوان لە ئاسمان و پێشمەرگە لەسەر زەوی گەورەترین رێكخراوی جیھانی و گەورەترین مەترسییان لەسەر جیھان تێك شكاند.
لیوا زریان شێخ وەسانی، فەرماندەی پێشمەرگە لە مەخموور، به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگهیاند: ئەو رۆژەی داعش ھێرشی كردە سەر مەخموور و داگیری كرد، پێشمەرگەی تێدا نەبوو، چونكە پێشتر بە بڕیاری ھاوپەیمانان دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق تەنیا فەوجێكی سوپای عێراق لەنێو مەخموور مابوونەوە، بەڵام ئەو ھێزەی عێراقیش كورد بوون، ئێمە وەك پێشمەرگە كاتێك گەیشتینە مەخموور، لەلایەن داعشەوە داگیر كرابوو، بەڵام لە بازاڕگە پێشمەرگە سەنگەری بەرامبەر بە تیرۆریستان دانا و بەرەنگاریان بووینەوە، تەنیا سێ رۆژ داعش لەنێو مەخموور مایەوە و پێشمەرگە ھێرشی كردە سەر مەخموور، ھێرشەكە بە سەر پەرشتیی شێخ سیروان بارزانی ئەنجام درا و زۆرێك لە فەرماندەكان بەشدارییان تێدا كرد، لەوانەش عەلی حوسێن و نەجات عەلی و دكتۆر ئاراس حەسۆ میرخان و فەرماندەیی ھەولێر و دەستەی پاسەوانیی سەرۆك بارزانی و پاسەوانانی نێچیرڤان بارزانی و فەرماندەیی بارزان و ھێزی پشتیوانی و فەوجێكی عێراق، كە كورد بوون.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە دهشڵێت: ھێرشی ئازادكردنەوەی قەزای مەخموور، بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی ئەنجام درا، چونكە رۆژێك پێش ئازادكردنەوەی مەخموور سەرۆك بارزانی ھاتە نزیك مەخموور و لە بازاڕگە كۆبوونەوەی بە پێشمەرگە كرد، جگە لە ھێزی پێشمەرگە ھیچ ھێزێكی دیكەم نەبینی بۆ ئازادكردنی مەخموور، ئێمە وەك پێشمەرگە توانیمان بە یەك كاتژمێر مەخموور ئازاد بكەین و تیرۆریستان وەدەر نێین.
حوسێن یەزدانپەنا گوتیشی ، ئەوەی لە مەخموور شەڕی كردووە، تەنیا پێشمەرگە بووە، ئەو بابەتانەی باس دەكرێت و ھەندێ چیرۆك دروست كراون گوایە خەڵكێك مەخمووری رزگار كردووە، دوورە لە راستییەوە، فەرمانی سەرەكی پڕۆسەی ئازادكردنی مەخموور لە سەرۆك بارزانییەوە دەھات و بەرپرس و فەرماندە ناسراوەكانی ھێزی پێشمەرگە لەوێ بوون، رۆژی ئازادكردنی مەخموور ھاوپەیمانان یەكەم ئامانجیان پێكا، ئەویش تێكشاندنی تۆپێكی داعش بوو.
لیوا زریان شێخ وەسانی جەختی كردەوە: ئەوە ھێزی پێشمەرگە بوو بە فەرماندەیی سەرۆك بارزانی داعشی تێكشكاند، نەك ھیچ ھێزێكی دیكە، لەبەر ئەوەی سەرۆك بارزانی بە خانەوادەكەیەوە لە یەكەم شەڕی داعش بەشدارییان كرد تا ئێستاش بەردەوامن و زۆرێك لە كوڕ و برا و برازاكانی سەرۆك بارزانی راستەوخۆ بەشداریی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشیان كرد، كاتێك باس لە شەڕی داعش دەكرێت، ئەوانە بوون رۆڵی سەرەكییان گێڕا بۆ شكاندنی گەورەترین رێكخراوی تیرۆریستی لە جیھان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.